رووداو دیجیتاڵ
رێکخەرانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان رایانگەیاند، لە خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵەکەدا، خەڵاتی شانازیی چڵەخومای زیڕینی فێستیڤاڵ، دەبەخشنە رۆبێرت دی نیرۆ، ئەکتەری هۆلیوودی.
خەڵاتەکە لە رێوڕەسمێکدا لە 13ـی ئایاری 2025 لە چوارچێوەی چالاکییەکانی 78ـەمین خولی فێستیڤاڵەکە، بەو ئەکتەرە ئەمریکییە دەبەخشرێت، وەک رێزێک لە کار و بەرهەمە سینەماییەکانی و بەشداربوونی قوڵی لە مێژووی سینەمای جیهاندا.
بەخشینی خەڵاتەکە بەو ئەکتەرە بە رەچەڵەک ئیتاڵییە، لە دوای تێپەڕبوونی 14 ساڵ بەسەر سەرۆکایەتیکردنی بۆ لیژنەی دادوەریی فێستیڤاڵەکە دێت.
دی نیرۆ، لەبارەی خەڵاتکردنی رایگەیاند "هەست بە پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ فێستیڤاڵی کان دەکەم.. لە کاتێکدا جیهان روو لە دابەشبوونێکی زیاتر دەکات، فێستیڤاڵەکە بە شوێنێک بۆ کۆکردنەوەمان وەک فیلمساز، چیرۆکنووس و جەماوەر دەهێڵێتەوە، ئەوە وەک گەڕانەوەیە بۆ ماڵەوە".
رۆبێرت دی نیرۆ، براوەی دوو خەڵاتی ئۆسکارە، یەکەمیان وەک ئەکتەری لاوەکی لە بەشی دووەمی فیلمی "The Godfather"، دووەمیان وەک ئەکتەری سەرەکی لە فیلمی "Raging Bull".
دی نیرۆ، هەرچەندە زیاتر وەک ئەکتەرێکی سینەمایی ناسراوە، بەڵام سەرەتا کاری شانۆیی کردووە و لە تەمەنی 10 ساڵییەوە لە شانۆیی "جادووگەری ئۆز"ـدا رۆڵی شێری ترسنۆکی گێڕاوە.
دی نیرۆ لەگەڵ ئەوەی بە تەمەندا چووە، بەڵام کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی سینەمایی و تەلەڤزیۆنی پێشنیازی زۆری رۆڵگێڕانی پێدەدەن، ئەمەش بەهۆی لێهاتوویی لە نواندندا و ئەو مێژووە پڕ لە شانازییەی لەو بوارەدا هەیەتی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ