یەکەمین فێستڤاڵی ئەسپسواری لە شارەزوور؛ 120 ئەسپسوار بەشدار بوون

11-04-2025
سازگار سەڵاح
فێستیڤاڵی ئەسپسواری لە شارەزوور.
فێستیڤاڵی ئەسپسواری لە شارەزوور.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

یەکەمین فێستڤاڵی ئەسپسواری بە بەشداریی 120 ئەسپسوار لە قەزای شارەزوور بەڕێوەچوو. بەشێکیان لە شارەکانی دیکەی کوردستانەوە هاتبوون و نمایشی ئەسپەکانییان کرد.
 
ئارۆ عومەر، ئەسپسوار دەڵێت: "ماوەی سێ ساڵە ئەسپسوارم و سوارچاکم. ئەسپەکەم ناوی بروسکە، کوڕی خانمە. تەمەنی پێنج ساڵە. لە سێ ساڵییەوە هی منە. ئەسپی رەسەنی کوردییە و ماشەڵڵای لێبێت تەعلیمە، هەموو رۆژی نەچم بۆ لایان و هەفتەی جارێک نەیانشۆم، ناتوانم. تۆ لە نۆ مانگییەوە ئەسپێکت هەبێت بەخێوی بکەیت، بە فیکەیەک دێت بۆلات."
 
بەهنام بەختیار، ئەسپسوارێکی دیکەیە و دەڵێت: " حەوت بۆ هەشت ساڵ دەبێت ئەسپسواری دەکەم و بۆ نزیەکی پێنج ساڵە خاوەنی ئەسپی خۆمم. ئەسپەکەم ئەسپی رەسەنی کوردییە. هی ئێران شەجەرەی دیارە، دایکی دیارە باوکییان دیارە. پاسپۆرتی هەیە. پشتگیریی فیدراسیۆنی ئیرانیی هەیە. ئەگەر نەخۆش بکەوێت دەینێرینەوە ئێران چارەسەر وەردەگرێت دێتەوە."
 
خانمانیش لەم فێستیڤاڵەدا بێبەش نەبوون؛ هێلین سەعید، ئەسپسوارە و باسی ئەسپەکەی دەکات: "ئەم ئەسپە ئەسپی خۆمە. ئەسپە تۆفانی ناوە. ئەسپێکی کوردیی رەسەنە. ئەسپێکی بە دەمار و خوێن گەرمە. ئەسپە کوردییەکان هەموویان خوێن گەرمن. لەم فێستڤاڵە بە دوو ئەسپ بەشداریمان کردووە، لە بەرنامەماندایە زیاتر پەرە بە ئەسپی رەسەنی کوردی بدەین. راستە ئەسپی عەرەبی جوانیی خۆی هەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی نەتەوەی کوردین، وا باشترە پەرە بە ئەسپی کوردی بدەین."
 
دانا حاجی سالح، سەرپەرشتیاری فێستڤاڵەکە باس لە پاراستنی رەسەنییەتی ئەسپی کوردی دەکات: "ئێمە وەک رێکخراوی ئەسپی کوردی ساڵانە چەند فێستیڤاڵێکمان هەیە ئەم ساڵیش لە شارەزوورەوە دەستمان پێکردووە، سازدانی ئەم فێستڤاڵانە خۆی لە خۆیدا کۆبوونەوەیەکی جەماوەرییە، ئێمە زۆر گرنگیمان بەوە داوە کە رەسەنییەتیی ئەسپی کوردی خۆمان بپارێزین."
 
ئەو ئەسپانەی لەم فێستیڤاڵەدا بەشداربوون ئەسپی رەسەنی کوردی و ئەسپی عەربی بوون و نرخییان بە گوتەی خاوەن ئەسپەکان لە دوو هەزار دۆلارەوە تا زیاتر لە 10 هەزار دۆلار بوو. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە