پێشاندانی تایبەتی فیلمی 'نەدەم' لە بەغدا و هەولێر بەڕێوەدەچێت

07-04-2025
پەسار فایەق
دیمەنێکی کاتی وێنەگرتنی فیلمی "نەدەم"
دیمەنێکی کاتی وێنەگرتنی فیلمی "نەدەم"
نیشانەکردن نەدەم رێگا بەرزنجی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە پێشاندانی تایبەتی فیلمی سینەمایی "نەدەم" یاخود "پەشیمانی" لە دەرهێنانی رێگا بەرزنجی، دەرهێنەری کورد لە بەغدا بەڕێوەبچێت، دواتریش لە هەولێر.
 
رێگا بەرزنجی، بە رووداوی راگەیاند، فیلمی "نەدەم" ئامادەیە بۆ پێشاندان و رۆژی سێشەممە 8ـی نیسانی 2025 پێشاندانی تایبەتی لە سینەما ڤۆکس لە گوندی دیجلە لە بەغدا بەڕێوەدەچێت و ستافی فیلمەکە ئامادە دەبێت
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بڕیارە لە 12ـی نیسانی 2025، پێشاندانی تایبەتی فیلمەکە لە سینەما ئێمپایەر لە هەولێر بەڕێوەبچێت و ستافی فیلمەکە ئامادە دەبێت.
 
روونیشیکردەوە، بڕیارە فیلمەکە لە 17ـی نیسانی 2025 لە سینەماکانی هەرێمی کوردستان، عێراق و وڵاتانی عەرەبی پێشابدرێت.
 
فیلمێکی نوێی سینەماییە و چیرۆکی منداڵێکی عەرەبی عێراقی دەگێڕێتەوە، سەرەڕای رێگریی ماڵباتەکەی لەوەی بچێتە نێو دنیای هونەر، دواجار بەهۆی پێشبڕکێیەکی هونەرییەوە خەونەکەی بەدی دێنێت.
 
فیلمەکە لە نووسین و دەرهێنانی رێگا بەرزنجییە و بەرهەمی کۆمپانیای "سی سی فیلم پڕۆ"ـە، لە ماوەی 28 رۆژدا وێنەگرتنی لە هەولێر و شەقڵاوە بۆ کراوە. تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیایی فیلمەکەیە.
 
رێگا بەرزنجی پێشتر بە رووداوی راگەیاندبوو، بۆ یەکەم جار لە کوردستان و عێراق، کۆمەڵێک گەنجی کورد فیلمێکی سینەمایی عەرەبی لە ئاستێکی جیهانیدا لە کوردستان بەرهەم دێنن. 
 
ئاماژەی بۆ ئەوەش کردبوو، گشت ئەکتەرە سەرەکییە بەشداربووەکان؛ بەناوبانگترین ئەکتەرن لەسەر ئاستی عێراق و وڵاتە عەرەبیەکان و بە بەرزترین کوالێتی وێنەگرتن بۆ فیلمەکە کراوە، بە کامێرای "ئاری ئەلێکسا ٣٥" و لێنزی "ئاری ماستەر ئەنەمۆرفیک" کە لە بەهێزترین فیلمە جیهانیەکاندا بەکار هاتووە و بۆ یەکەم جارە لەسەر ئاستی عێراق و وڵاتە عەرەبیەکان ئەم تەکنیکانە بەکار دێن.
 
لەم بەرهەمەدا ژمارەیەک ئەکتەری دیاری عێراق بەشدارن، لەوانەش دکتۆر جەبار جودی، بەکر خالید، بەڕا زوبەیدی، سارا ئاوس، فەوزییە حەسەن، ئەنعام روبەیعی، ساندی جەمال، لەیس حەیدەر و موهەنەد سەتار.
 
بەرزنجی ئاماژەی بۆ ئەوەشکردبوو، بۆ بەرهەمهێنانی فیلمەکە لێهاتووترین ستافی سینەمایی لە کوردستان، عێراق، تورکیا، بۆسنیا، ئێران، لوبنان، هیندستان بەشدارن و بە ئاوێتەکردنێکی جیهانی، کارێکی جیهانی ئەنجامداوە.
 

دیمەنێکی کاتی وێنەگرتنی فیلمی "نەدەم"

روونیشیکردبووەوە، مایەی شانازییە گشت بەرهەمهێنەرانی فیلمەکە؛ کوردن و ستافی پڕۆژەکە لە 95٪ کوردن. گوتیشی، بەڕێوەبەری وێنەگرتنی فیلمەکە میرساد هیڕۆڤێجە و خەڵکی بۆسنیایە، وێنەگرتنی بۆ چەندین فیلمی هۆڵیوودی کردووە. ستافی وێنەگرتن و دەنگ لە باشترینەکانی تورکیان لە بەرهەمهێنانی سینەمایی، پۆست پڕۆدەکشن و میوزیکی بەرهەمەکە لە تورکیا ئەنجامدراوە.
 
فیلمەکە لە ژانری درامایی، خێزانی و سەرکێشییە، رووداوەکانی لە سێ سەردەمی جیاواز روودەدەن، نوور منداڵی ماڵباتێکی بەرگدرووی عەرەبە و حەز بە پیشەی بەرگدروویی ناکات، خەونی ئەو هونەرە، سەرەڕای رێگری ماڵباتەکەی، دواجار فیلمێک لەگەڵ هاوڕێیەکەی بەرهەمدێنێت و لە رێگەی پێشبڕکێیەکەوە دەبێتە باشترین دەرهێنەر.
 
رێگا بەرزنجی، پێشتر لە دوای کۆتایی هاتنی بەرهەمەکە لەبارەی پەیامی فیلمەکە رایگەیاند، نامە و ئامانجی زۆر جوان لە خۆ دەگرێت، هەر کەسێک فیلمی "نەدەم" ببینێت فێر دەبێت چۆن ئامانجەکانی بەدی بهێنێت، ئەگەر چی زۆر سەختیش بێت. فێرمان دەکات چۆن هاوڕێی نیوەی رێگە نەبین، بەخشندە بین و پارێزگاری لە نهێنییەکان بکەین.
 

دیمەنێکی کاتی وێنەگرتنی فیلمی "نەدەم"

بڕیارە ئەم بەرهەمە سینەماییە لە 17ـی نیسانی 2025 لە سینەماکانی هەرێمی کوردستان، عێراق و وڵاتانی عەرەبی پێشاندرێت و بەرهەمهێنەرانی پلانیان هەیە لە وڵاتانی دیکەی جیهان پێشانی بدەن، دواتریش لە پلاتفۆڕمێکی دیجیتاڵی بڵاوکردنەوەی فیلم بڵاودەکرێتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە