رووداو دیجیتاڵ
بەپێی ئەو داتا و زانیارییە فەرمییانەی لەبارەی سینەما لە چین بڵاوکراونەتەوە، داهاتی فیلم لە سینەماکاندا لە 2024 کەمیکردووە، بەمەش زیانی بە پیشەسازی سینەمای ناوخۆیی ئەو وڵاتە گەیاندووە.
داهاتی فیلمەکان لە 2024 لە سینەماکانی چین 42.502 ملیار یوان (5.82 ملیار دۆلار) بووە، ئەو داهاتەش بە بەراورد لەگەڵ 2023 بە رێژەی 22.6٪ کەمیکردووە کە 54.915 ملیار بووە، هەروەها بە رێژەی 34٪ کەمیکردووە بە بەراورد لەگەڵ 2019؛ بەر لەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاوببێتەوە.
لەو داهاتە 33.439 ملیار یوان داهاتی فیلمە چینییەکان بووە، بەمەش بە رێژەی 27.3٪ داهاتی لەگەڵ 2023 کەمیکردووە و ئەوکات داهاتی 46.005 ملیار یوان بووە.
بەرهەمهێنەرانی سینەما و سینەماکانی چین، بۆ ساڵی دووەم بێ هیوا بوون لە بوژانەوەی ئەو هونەرە لە وڵاتەکەدا، لە دوای ئەو شکستەی کۆرۆنا پێیهنا. هەرچەند فیلمی سەرکەوتووی وەک "Yolo" بەرهەمهاتووە کە ناوەڕۆکێکی کۆمێدی هەیە و باس لە ژنێک دەکات؛ لە رێگەی یاریی بۆکسێنەوە دەیەوێت ئاوێتەی کۆمەڵگە بێت.
"Successor" فیلمێکی دیکەی سەرکەوتووی 2024 بوو لە چین و ناوەڕۆکێکی کۆمێدیی هەیە، باس لە دوو هاوژین دەکات کە سامانەکەیان لە کوڕەکەیان دەشارنەوە، لە پێناو ئەوەی کەسایەتییەکی بەهێزی هەبێت.
هۆکارەکانی کەمی داهاتی فیلم لە سینەماکاندا لەو وڵاتە، بۆ کەمی فیلمە درێژەکان لە 2024 دەگەڕێتەوە، هەروەها پێشبڕکێی بەرهەمهێنەران بۆ بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانیان لە پلاتفۆڕمی بڵاوکردنەوەی فیلم.
لە 2024 تێکڕای فیلمە بەرهەمهاتووەکان لەو وڵاتە 612 فیلمی درێژ بووە، بەڵام لە 2023 ژمارەیان 792 فیلم بووە، ئەمەش کاریگەری لەسەر داهاتی کۆی داهاتی ئەو ساڵە هەبووە.
چین کە دووەم گەورەترین بازاڕی سینەمایە لە دوای ئەمریکا، چەند ساڵێک بوو کاری لەسەر ئەوە کردبوو داهاتی فیلمەکانی لە سینەماکانی خۆیدا بەرزبکاتەوە و لەم رووەوە فیلمە بیانییەکان لە پاشەکشێدا بوون، بەڵام لە 2024 دووبارە فیلمە بیانییەکان توانیان داهاتیان لەو وڵاتە بەرزبکەنەوە.
لە 2024 فیلمی ئەمریکی "Godzilla x Kong: The New Empire" و ئەنیمەیشنی ژاپۆنی "The Boy and the Heron" لە لیستی 10 پڕداهاتترین فیلم لە سینەماکانی چین دان، لە ریزبەندی نۆیەم و دەیەم. ئەمە لە کاتێکدایە لە 2023 لە هەمان لیستدا هەرد 10 فیلمی لیستەکە، بەرهەمی ئەو وڵاتە بوون.
داهاتی سینەما لە یەکەم کۆتایی هەفتە لە 2025 بەرزبووەوە و 200 ملیۆن یوان بوو، بەڵام زۆر دوورە لە ژمارەی پێوانەیی لە یەکەم کۆتایی هەفتەی 2024 تۆمارکرابوو، ئەویش 1.53 ملیار یوانە.
بە گشتی لە دوای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە 2020 زیانێکی زۆر بەر سینەماکانی جیهان کەوت، بەهۆی کەرەنتین و مانەوەی خەڵک لە ماڵەوە، هۆگرانی فیلم پەنایان بردە بەر پلاتۆڕمە دیجیتاڵییەکان و پلاتفۆڕمەکانیش ئاستی بەرهەمهێنان و کڕینی فیلمە بەهێزەکاناین لە بازاڕی سینەمادا زیاتر کرد.
چین ساڵانێکە کار بۆ ئەوە دەکات بینەری فیلمە چینییەکان زیاد بکات و لە 2010 تاوەکو 2021 رێژەی بینەری فیلمە چینییەکان لەو وڵاتە لە 21٪ بۆ 55٪ بەرزبووەتەوە، بینەری فیلمەکانی بە زمانی ئینگلیزی؛ بە رێژەی 53٪ بۆ 28٪ کەمبووەتەوە.
رەخنەگرانی سینەما ئاماژەی بۆ ئەوە دەکەن، بەرزبوونەوەی ریژەی داهاتی فیلمە چینییەکان لەو وڵاتە پەیوەندی بە زۆری بەرهەم و ناوەڕۆکیانەوە نییە، هەرچەند رێژەی بەرهەمهێنانی لە 13٪ بۆ 18٪ بەرزبووەتەوە، بەپێێ هەڵسەنگاندنێکی بینەرانی سینەما لە چین، ئەو فیلمانەی لە 2022 لە وڵاتەکەیان بەرهەمهاتوون، لە فیلمەکانی 10 ساڵی رابردوو خراپترن.
لە لیستی 10 پڕبینەرترین فیلم لە سینەماکانی چین، لە ساڵانی 2010 تاوەکو 2014 ئەمریکا پێشەنگ بووە، بەڵام لە 2015 پاشەکشەی کردووە، لە دەستپێکی 2019ـەوە تەنیا یەک فیلم بە زمانی ئینگلیزی لە لیستەکەدا بوو، ئەویش فیلمی "Avengers: Endgame" بوو.
لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا، ژمارەیەک فیلمی چینی بە بودجەی گەورە پاشەکشەیان بە رێژەی بینەری فیلمە هۆلیوودییەکان کرد و لە لیستی فیلمە پڕداهاتەکانی چین لە 2020 لە ریزبەندی یەکەمەوە تاوەکو دەیەم، هەموو فیلمەکان چینی بوون.
"Wolf Warrior 2" بە پڕبینەرترین فیلمی چینی لە مێژوودا دەناسرێت، کۆی داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا 870 ملیۆن و 325 هەزار دۆلارە و تەنیا داهاتی لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور 30 ملیۆن و 100 هەزار دۆلار بوو.
گرنگترین و کۆنترین پیشەسازی سینەما لە جیهاندا لە هۆلیوودە، لە 2019 داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا 42 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار بوو، لە رووی زۆری بەرهەمهێنانەوە، بۆلیوود خاوەن گەورەترین پیشەسازی سینەمایە لە جیهاندا، بەپێی ئامارێکی 2019 بۆلیوود دوو هەزار و 446 فیلمی بەرهەمهێناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ