رووداو دیجیتاڵ
فیلمی 'Oppenheimer' لە دوای پێشاندانی لە سینەمای زۆربەی وڵاتانی جیهان، بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، لە سینەماکانی چین بڵاوبکرێتەوە کە بازاڕێکی گرنگە بۆ فیلمە سینەماییەکان و کاریگەری لەسەر داهاتی گشتیی دەبێت.
چین لەگەڵ ئەمریکا بە دوو گەورەترین بازاڕی سینەما لە جیهاندا دەناسرێن، هەرچەند ئەمریکا بەردەوام لە ریزبەندی یەکەم بووە، بەڵام دوای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە 2020 چین توانی بچێتە ریزبەندی یەکەم، لە 2021 جارێکی دیکە نازناوەکە بۆ ئەمریکا گەڕایەوە.
هەر فیلمێک چانسی ئەوەی هەبێت لە سینەماکانی چین پێشانبدرێت، کاریگەری زۆری لە بەرزبوونەوەی داهاتەکەی دەبێت و ئەو وڵاتە ساڵانە تەنیا رێگەی بە 34 فیلمی بیانی دەدات لە سینەماکانی پێشانبدرێت.
فیلمەکە باس لە چیرۆکی جەی رۆبەرت ئۆپنهایمەر، زانای فیزیایی دەکات کە خاوەن تیۆرێکی پڕ مشتومڕ بووە و سەرپەرشتی پەرەپێدانی یەکەم بۆمبی ئەتۆمی لە جەنگی جیهانی دووەمدا کردووە.
فیلمەکە لە دەرهێنانی کریستۆفەر نۆلانە و لە جۆری فیلمە بایۆگرافی، درامایی و مێژووییەکاندایە و ماوەکەی 150 خولکە و بودجەی بەرهەمهێنانی سەت ملیۆن دۆلارە.
کۆی داهاتی ئەم بەرهەمە سینەماییە لە سینەماکانی جیهاندا، 778 ملیۆن و 876 هەزار دۆلارە، لەو داهاتە 300 ملیۆن و 144 هەزار دۆلاری لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور و 478 ملیۆن و 732 هەزار دۆلاری لە سینەماکانی جیهاندا بەدەستهێناوە.
چین ساڵانێکە کار بۆ ئەوە دەکات بینەری فیلمە چینییەکان زیاد بکات و لە 2010 تاوەکو 2021 رێژەی بینەری فیلمە چینییەکان لەو وڵاتە 21٪ بۆ 55٪ بەرزبووەتەوە و بینەری فیلمەکانی بە زمانی ئینگلیزین؛ رێژەی بینەرانی لە 53٪ بۆ 28٪ کەمبووەتەوە.
رەخنەگرانی سینەما ئاماژەی بۆ ئەوە دەکەن، بەرزبوونەوەی ریژەی داهاتی فیلمە چینییەکان لەو وڵاتە پەیوەندی بە زۆری بەرهەم و ناوەڕۆکیانەوە نییە، هەرچەند رێژەی بەرهەمهێنانی لە 13٪ بۆ 18٪ بەرزبووەتەوە، بەپێێ هەڵسەنگاندنێکی بینەرانی سینەما لە چین، ئەو فیلمانەی لە 2022 لە وڵاتەکەیان بەرهەمهاتوون، لە فیلمەکانی 10 ساڵی رابردوو خراپترن.
لە لیستی 10 پڕبینەرترین فیلم لە سینەماکانی چین، لە ساڵانی 2010 تاوەکو 2014 ئەمریکا پێشەنگ بووە، بەڵام لە 2015 پاشەکشەی کردووە و لە دەستپێکی 2019ـەوە تەنیا یەک فیلم بە زمانی ئینگلیزی لە لیستەکەدا بوو، ئەویش فیلمی 'Avengers: Endgame' بوو.
لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا، ژمارەیەک فیلمی چینی بە بودجەی گەورە پاشەکشەیان بە رێژەی بینەری فیلمە هۆلیوودییەکان کرد و لە لیستی فیلمە پڕداهاتەکانی چین لە 2020 لە ریزبەندی یەکەمەوە تاوەکو دەیەم، هەموو فیلمەکان چینی بوون.
'Wolf Warrior 2' بە پڕبینەرترین فیلمی چینی لە مێژوودا دەناسرێت، کۆی داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا 870 ملیۆن و 325 هەزار دۆلارە و تەنیا داهاتی لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور 30 ملیۆن و 100 هەزار دۆلار بوو.
گرنگترین و کۆنترین پیشەسازی سینەما لە جیهاندا لە هۆلیوودە، لە 2019 داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا 42 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار بوو، لە رووی زۆری بەرهەمهێنانەوە، بۆلیوود خاوەن گەورەترین پیشەسازی سینەمایە لە جیهاندا، بەپێی ئامارێکی 2019 بۆلیوود دوو هەرزار و 446 فیلمی بەرهەمهێناوە.
پێشاندانی تایبەتی 'Oppenheimer' بە ئامادەبوونی کریستۆفەر نۆلان، دەرهێنەری بەریتانی – ئەمریکی و بەشێکی کەم ئەکتەرانی بوو، هۆکارکەیشی مانگرتنی ئەکتەرانی هۆلیوود بوو و بایکۆتی ئامادەبوون لە وێنەگرتنی فیلم و پێشاندانی تایبەتی فیلمەکانیان کردووە، نۆلام لەمبارەیەوە رایگەیاند، کار بۆ فیلمی دیکە ناکات، تاوەکو مانگرتنەکانی هۆلیوود کۆتایی نەیێت.
سەندیکای ئەکتەرانی شاشە کە 160 هەزار ئەندامی هەیە، پاڵپشتی ئەو مانگرتنەی کردووە و داوا لە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی سینەمایی و تەلەڤزیۆنی کردووە، داواکارییەکانی ئەکتەرە مانگرتووەکان لەبەرچاو بگرن، بەڵام بەهۆی رێکنەکەوتنیان تا دێت مانگرتنەکان فراونتر دەبن.
مانگرتنی هەردوو سەندیکای سیناریۆنووسانی ئەمریکا و سەندیکای ئەکتەرانی ئەمریکا، دەبێتە یەکەم مانگرتنی دوو سەندیکا لە یەک پیشەسازیدا لە ماوەی شەش دەیەی رابردوودا.
ئەکتەرەکانی هۆلیوود لەگەڵ کۆتاییهاتنی گریبەستەکانیان لەگەڵ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان، داوای راگرتنی بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد و دادپەروەری و زیاکردنی کرێی کارکردنیان دەکەن.
مانگرتنی هەردوو سەندیکاکە، کاریگەری نەرێنی لەسەر بەرهەمهێنانی بەرهەمی سینەمایی و تەلەفزیۆنی هەبووە و پێشبینی دەکرێت کاریگەری بکاتە سەر رێژەی بەرهەمهێنانی فیلم و زنجیرە تەلەڤزیۆنییەکان.
سەندیکای ئەکتەرانی ئەمریکا، 160 هەزار ئەندامی هەیە، جگە لە ئەکتەری فیلم و تەلەڤزیۆن، بێژەر، پێشکێشکار و رۆژنامەڤانانیش تێیدا ئەندامن، بەڵام مانگرتن تەنیا ئەو ئەکتەرانە دەگرێتەوە کە کار بۆ بەرنامە تەلەفزیۆنی و فیلمەکان دەکەن.
دوایین جار ئەکتەرانی سینەما و تەلەفزیۆنی لە 1980 بۆ ماوەی سێ مانگ مانیان گرت، هەرچەندە لەو کاتەوە ئەکتەرانی بواری ریکلام دوو جار مانیان گرتووە.
ئێستا 11 هەزار و 500 ئەندامی سەندیکای نووسەرانی ئەمریکا نزیکەی دوو مانگە مانیان گرتووە و بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی چەند بەرهەمێک دواخراون.
مەترسییەکی گەورەی سەر نووسەران لە ئەمریکا؛ رۆبۆتی 'ChatGPT'یە؛ هەندێک لە نووسەرانی نێتفلێکس و دیزنی دانیان بەوەدا ناوە، دەکرێت رۆبۆتەکە بتوانێت چیرۆکی سەرەتایی بنووسێت، کۆمپانیاکانیش تەنیا بۆ پێداچوونەوە سوود لە توانای نووسەرەکان وەربگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ