ئابووری

ماتیو زەیس کە جێگری سەرۆکی کۆمپانیای HKNـە بۆ کاروباری حکومەت و یاریدەدەری پێشووی وەزیری وزەی ئەمریکاشە. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن بۆ کاروباری حکومەت و یاریدەدەری پێشوی وەزیری وزەی ئەمریکا رایگەیاند، رێککەوتنی سیاسی و بنەمای یاسایی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردە بە بۆریی نەوتی عێراق-تورکیادا هەیە، بەڵام ئەم کارە پێویستی بە رێککەوتنی بازرگانیشە. دەشڵێت، راگرتنی هەناردەی نەوت بە بۆرییەکەدا کاریگەری لەسەر هەموو عێراق هەبووە.
رۆژی هەینی، 28ی شوباتی 2025، ماتیو زەیس، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای HKN بۆ کاروباری حکومەت و یاریدەدەری پێشووی وەزیری وزەی ئەمریکا لە سێیەمین کۆڕبەندی هەولێر بەشداری لە پانێڵی "رێکخستنی خواستەکانی نەوت و گاز و داهاتووی گواستنەوەی وزە لە عێراق" کرد.
ماتیو زەیس رایگەیاند: "گوشاری سیاسی زۆر بۆ رێککەوتنی سیاسی سەبارەت بە کردنەوەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا کراوە". دەشڵێت، "راگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستان بووەتە هۆی لەدەستدانی داهاتێکی زۆر بۆ عێراق و عێراقییەکان و کاریگەری نەرێنیشی کردووەتە سەر کۆمپانیاکان و کەشی وەبەرهێنان."
ئەمڕۆ هەینی، 28-02-2025، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، لە چەند کاژێری داهاتوودا دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان رادەگەیێنین، لە کاتێکدا کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان داوای رێککەوتنی نوێ دەکەن.
ماتیو زەیس پشتگیری لەو داواکارییەی کۆمپانیاکان دەکات و دەڵێت: "ناڕوونییەک هەیە سەبارەت بە رێککەوتنە سیاسیەکان و جیاوازی نێوان بنەما یاساییەکان و ئەو رێککەوتنە سیاسیانە کە بەس نەبوون بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردە، بەڵکو پێویستە رێککەوتنی بازرگانیش بکرێت، ئەو رێککەوتنە بازرگانیانەش هێشتا نەکراون."
جێگری سەرۆکی کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن رەخنەی لە داوایەکی یاسایی وەزارەتی نەوتی عێراق گرت کە دژی گرێبەستە نەوتییەکانی کۆمپانیاکان تۆماریکردبوو و گوتی، "پێموایە ئەمە ئەو دابەشبوونە سیاسییە پیشاندەدات کە لە بەغدا هەیە بۆ کردنەوەی بۆڕیی نەوتی عێراق-تورکیا و رێککەوتنی بازرگانی هەیە."
سەبارەت بە گوتەکانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت بە بۆری عێراق-تورکیا، ئەو بەرپرسەی پێشووی وەزارەتی وزەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، "هەموومان گوتەکانی ئەومان بیست و پێشوازییان لێدەکەین چونکە پێویستە لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەینەوە بۆ ئەوەی وەبەرهێنەرە نێودەوڵەتییەکان بتوانن لە تەواوی عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە سەرکەوتووانە کارەکانیان بکەن."
بەگوێرەی گوتەکانی ئەو بەرپرسە، پێش داخستنی بۆری نەوتی کەرکوک-تورکیا رۆژانە کۆمپانیاکان 470 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمیان هەبوو، بەڵام ئێستا 300 هەزار بەرمیل بەرهەمی رۆژانەیان هەیە.
زەیس کردنەوەی بۆرییەکە بە هۆکارێک بۆ گەشەدان بە کەرتی گازی هەرێمی کوردستان دەبینێت و رایگەیاند، ئەگەر بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا بکرێتەوە تەنیا سوود بە هەناردەکردنی نەوت ناگەیێنێت، بەڵکو دەبێتە هۆی وەبەرهێنانی زیاتر لە کەرتی گازی هەرێمی کوردستان، کە بەهۆی داخستنی بۆرییەکەوە نەتواندراوە وەبەرهێنانی تێدابکرێت.
زەیس جەختی لەوە کردەوە، کردنەوەی بۆرییەکە پەیامێکە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە عێراق ژینگەیەکی لەبارە بۆ وەبەرهێنانی کۆمپانیاکان.
رۆژی 26ی ئەم مانگە، کۆڕبەندی ساڵانەی هەولێر دەستیپێکرد و تاوەکو 28ـی مانگ بەردەوام دەبێت. ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو، بە هاوبەشی لەگەڵ ژمارەیەک لە ناوەندە دیارەکانی لێکۆڵینەوە و دامەزراوەکان لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهان، کۆڕبەندەکە بەڕێوەدەبات.
کۆڕبەندەکە لە هەر سێ رۆژدا بە ناونیشانی "نادڵنیاییە کەڵەکەبووەکان لە داهاتووی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا"، زەوینەی گفتوگۆ و پێشنیازی چارەسەر بۆ دۆخی سووریا، تورکیا، عێراق و ناوچەکە دەڕەخسێنێت، لەگەڵ دەرفەتەکان بۆ چارەسەری پرسی کورد لە هەر چوار وڵاتدا.
لە هەر سێ رۆژی کۆڕبەندەکەدا، 13 پانێل و 18 چاوپێکەوتنی تایبەت دەکرێن، سەرکردەکان لە عێراق، کوردستان، تورکیا، سووریا و وڵاتانی ناوچەکە ئامادە دەبن.
نوێدەکرێتەوە...
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ