رووداو دیجیتاڵ
لەکاتێکدایە بڕیارە رۆژی 3ـی نیسان، پێناسی گومرگی 25٪ـی بۆ سەر هاوردەی ئۆتۆمبێل لە ئەمریکا بچێتە واری جێبەجێکردنەوە، سەرۆکی وڵاتەکە دەڵێ بەلایەوە گرنگ نییە، ئەگەر ئۆتۆمبێلی هاوردەکراو نرخەکەی گران بێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بەو راپۆرتانەی ئاماژە بە کاریگەریی پێناسی گومرگی دەکەن بۆ هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل لەسەر گرانبوونی ئۆتۆمبێل، بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، گرانبوونی ئۆتۆمبێل لە بەرژەوەندیی کۆمپانیا نێوخۆییەکانیانە.
گوتیشی، "بەلامەوە گرنگ نییە (ئەگەر ئۆتۆمبێل گران بێت). هیوادارم نرخەکان بەرزبکەنەوە، چونکە ئەگەر وابکەن، وا دەکات خەڵک ئۆتۆمبێلی ئەمریکی بکڕن."
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، ترەمپ پێناسی گومرگیی بەڕێژەی 25٪ بەسەر هاوردەی ئۆتۆمبێلدا سەپاند، بڕیارەکە رۆژی 3ـی نیسان، دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
فرۆشیارانی ئۆتۆمبێل لە ئەمریکا پێیانوایە؛ پێناسی گومرگی تەنیا ئۆتۆمبێلی هاوردەکراو گران ناکات، بەڵکو ئۆتۆمبێلی کۆمپانیا ئەمریکییەکانیش گران دەکات.
تۆم بەتمان، فرۆشیاری ئۆتۆمبێلی فۆردە لە ویلایەتی میشیگنی ئەمریکا، دەڵێت "نرخی ئۆتۆمبێل بەرزدەبێتەوە. ئەمەش بەهۆی ئەو پێناسە گومرگییەوەیە، کە وا لە خەڵک دەکات؛ پێش ئەوەی پێناسەکە بسەپێندرێت، هەموو هەوڵێکی خۆیان بۆ کڕینی ئۆتۆمبێل بدەن."
بەرپرسانی کۆشکی سپی دەڵێن، پێشبینی دەکەن ئەم هەنگاوەیان 100 ملیار دۆلار داهات بخاتە گەنجینەکەیانەوە.
بە گوێرەی شرۆڤەکارانی بانکی ئەمریکا؛ پێناسە گومرگییەکە، بە تێکڕا نرخی هەر ئۆتۆمبێلێکی هاوردەکراو یان ئۆتۆمبێلێک کە پارچەی هاوردەکراوی تێدابێت، بە نزیکەی 10 هەزار دۆلار بەرزدەکاتەوە.
تۆم بەتمان دەشڵێت، "دوودڵم سەبارەت بە پێناسی گومرگی. دەبینم ئەم هەنگاوە سوود و هەڵەکانی لە کوێیدایە. پێموایە باشترە خەڵک بەیەکەوە کاربکەن بۆ ئەوەی بتوانن لەو جیهانەدا باشتر بژین."
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، پار لەو وڵاتە دا 10 ملیۆن و 500 هەزار ئۆتۆمبیل دروستکران، 8 ملیۆن ئۆتۆمبێل هاوردەکران و 16 ملیۆن ئۆتۆمبێلی نوێش فرۆشراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ