تێسلا لە سێ مانگ دا 460 ملیار دۆلار زیانی کردووە

01-04-2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای تێسلا، کە ئیلۆن مەسک، بەڕێوەبەری جێبەجێکارییەتی و لە حکومەتی نوێ ئەمریکا بووەتە وەزیری کارامەیی، چارەگی یەکەمی ئەمساڵی بە زیانی گەورە بەڕێکرد.
 
بەهای پشکەکانی کۆمپانیای تێسلا لە چارەگی یەکەمی ئەمساڵدا بەڕێژەی 36٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینی، کە بە گەورەترین دابەزینی وەرزیی بەهای ئەو کۆمپانیایە لە دوای ساڵی 2022 هەژمار دەکرێت.
 
لە 3 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، بەهای کۆمپانیای تێسلا 460 ملیار دۆلار دابەزیوە، ئەوە لەکاتێکدایە وەزارەتەکەی ئیلۆن مەسک رایگەیاندووە؛ بەهۆی بڕیارەکانی پەیوەست بە کەمکردنەوەی خەرجییەکانی فیدراڵ، 140 ملیار دۆلاریان بۆ گەنجینەی ئەمریکا گەڕاندووەتەوە.
 
یەک پشکی کۆمپانیای تێسلا ئێستا بە 259 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت، بەو پێیەش بەهای کۆمپانیاکە 812 ملیار دۆلارە.
 
لە دەستدانی 460 ملیار دۆلار لە بەهای کۆمپانیای تێسلا هاوکاتە لەگەڵ رۆڵی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە لە حکومەتی نوێی ئەمریکا، کە بەهۆی بڕیارەکانی بۆ کەمکردنەوەی خەرجییە فیدراڵییەکان، ناڕەزایەتیی فراوانی بەدوای خۆیدا ‌هێناوە.
 
ئیلۆن مەسک لە چەندین لێدوانی لەگەڵ میدیاکانی ئەمریکا دابەزینی بەهای پشکی کۆمپانیاکەی، بۆ رۆڵ و پۆستەکەی لە کابینەی دۆناڵد ترەمپ گەڕاندووەتەوە.
 
مەسک رایگەیاندووە؛ بەنیازە قەبارەی کەمکردنەوەی خەرجییەکانی فیدراڵی بۆ 1 تریلیۆن دۆلار بەرزبکاتەوە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە