هێلکە لە ئەمریکا گران و کەمە؛ لە ئەڵمانیاوە هاوردەی دەکات

29-03-2025
نیاز مستەفا
  نرخی دەرزەنێک هێلکە لە ئەمریکا لە 1.45 دۆلارەوە بووەتە 6 دۆلار.
نرخی دەرزەنێک هێلکە لە ئەمریکا لە 1.45 دۆلارەوە بووەتە 6 دۆلار.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەم پەلەوەرخانەیەی لە سەرەتای ئەم ڤیدیۆیە دەردەکەوێت، لە شاری براندنبەرگە. هەناردەکردنی هێلکە لە ئەڵمانیاوە بۆ ئەمریکا بە خێر بۆ خاوەن پەلەوەرخانەکانی وڵاتەکە شکاوەتەوە.
 
هانس پیتەر گۆڵدنێک، سەرۆکی کۆمەڵەی هێلکەی ئەڵمانییە و باس لەوە دەکات، "قسەم لەگەڵ خاوەن پەلەوەرخانەیەک کرد و گوتی، جیاوازی نرخەکان زۆر زۆرە، لێرە کیلۆی بە سێ یۆرۆیە، بەڵام لەوێ بە 9 یۆرۆیە، ئەمەش وادەکات هێلکەی زیاتر بنێرینە ئەمریکا".
 
بە گوتەی بەرپرسانی ئەڵمانیا، قورسە بتوانن لە هەناردەکردنی هێلکە بۆ ئەمریکا بەردەوام بن. رۆژانە ئەڵمانیا 45 ملیۆن هێلکە بەرهەمدەهێنێت، ئەمە 73٪ـی پێویستی وڵاتەکەیە.
 
هانس پیتەر گۆڵدنێک، سەرۆکی کۆمەڵەی هێلکەی ئەڵمانی دەڵێت، "خۆمان هێلکە هاوردە دەکەین و پێویستمان بە هۆڵەندایە بۆ پڕکردنەوەی پێویستییەکانمان. زۆر قورسە بتوانین بەهۆی توانای بەرهەمهێنانمانەوە بەردەوام بین".
 
لە سەرەتای ساڵی 2022ـەوە، ڤایرۆس لەنێو مریشکەکانی ئەمریکادا بڵاوبووەتەوە، بەڵام لە 2024ـەوە بڵاوبوونەوەکە خێراتر بووە.
 
بەو هۆیەوە لە سێ ساڵی رابردوودا، 166 ملیۆن پەلەوەری گۆشت و هێلکە لەو وڵاتە لەنێوبراون، ئەمەش نرخی دەرزەنێک هێلکەی لە دۆلارێک و 46 سەنتەوە بۆ شەش دۆلار بەرزبووەتەوە.
 
ئەمریکا دەیەوێت لە ئەڵمانیاوە بەشێک لە پێداویستییەکانی پڕبکاتەوە، بەڵام ئەوانیش تواناکەیان سنووردارە.
 
دەیڤد کارسلش، کرێکاری پەلەوەرخانەیە و ئاماژە بەوە دەکات، "لە کاتی جەژنی زیندووبوونەوە خواستەکە زۆر زۆر بەرزە بەتایبەت کە منداڵان هێلکەی رەنگکراویان دەوێت. ئەمەش بووەتە بەشێک لە کولتووری ئەڵمانیا و ئەم ساتە بە ساتی هێلکە دادەندرێت".
 
ئەمریکا پەنای بۆ بەشێکی دیکە لە وڵاتانی ئەورووپاش بردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمی هێلکە، بەڵام ئەوانیش بەهۆی کەمی بەرهەم و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەوە داواکەی واشنتنیان رەتکردووەتەوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە