حکومەت: هەوڵەکانمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بەردەوامن بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن مووچە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە هەوڵەکانی بەردەوامە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عێراق بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران بۆ مانگەکانی 10، 11 و 12ـی کۆتایی ئەم ساڵ.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکە چەند تەوەرێک باسکران، یەکێکیان باسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بوو.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی حکومەت، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دواکۆبوونەوەی "نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی کراوە کە تێیدا، "جەخت لەوە کراوەتەوە پێویستە بابەتی مووچە، تێکەڵی هیچ کێشە و ناکۆکییەکی سیاسی نەکرێت و وەک ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمیش بدرێت، وەک شایستەی یاسایی خۆیان لە بەرامبەر وەزیفەکانیان، هاوشێوەی هاوتاکانیان لە ناوچەکانی دیکە".
 
لە راگەیێندراوەکەی حکومەت باس لەوەشکراوە کە "دارا رەشید، وەزیری پلاندانان، راپۆرتێکی دەربارەی بەڕێوەچوونی قۆناخی فۆرمی خێزانی پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان بە سەرکەوتوویی لە عێراق و هەرێمی کوردستان و هەنگاوەکانی دیکەی پرۆسەکە خستەڕوو."
 
وەزیری پلاندانان جەختی لە هەنگاوەکانی پێشووی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد بۆ دڵنیابوون لە ئەنجامدانی سەرژمێرییەکی دروست و ئەنجامەکانی بۆ هیچ مەبەستێکی سیاسی بەکارنەهێنرێت، بە تایبەت لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.
 
هەر لە کۆبوونەکەدا وەزیری پلاندانان، ئەنجامی سەرەتایی داتاکانی قۆناخی فۆرمی خێزانیی سەرژمێریی گشتی خستەڕوو و گوتی، "پێویستە لەمەودوا، ئەو رێژەیەی ژمارەی دانیشتووانی هەرێم[ی کوردستان]، بکرێتە بنەما بۆ دەستنیشانکردنی شایستەکانی هەرێمی کوردستان لە لای حکومەتی فیدراڵ بۆ ژمارەی بەشداریی نوێنەرایەتیی کورد لە دامەزراوە دەستوورییەکانی فیدراڵ و دیاریکردنی بەشە بودجە و مووچە."
 
"وەزیری پلاندانان لە کۆتایی راپۆرتەکەی، ئاماژەی دا بە قۆناخەکانی دیکەی پرۆسەی سەرژمێریی، کە بڕیارە لە چەند هەفتەی داهاتوو، بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵ ئەنجام بدرێت و بەتایبەتیش، بەراوردکردنی زانیاریيەکان لە ناوچە کوردستانییەکان، بەو شێوەیەی هەردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم و فیدراڵ بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران لەسەری رێکكەوتون." بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
 
لەدوای راپۆرتەکەی وەزیری پلاندانان ئەنجوومەنی وەزیران "نیگەرانی خۆی لە هەژمارنەکردنی سەتان هەزار کەس لە دانیشتووانی سنووری هەرێمی کوردستان لە قەزای شێخان، زلکان، کەڵەکچی، ناحیەی فایدە، بەشێک لە قەزای سێمێل، قەزاکانی بەردەڕەش، خەبات و مەخموور لە سەر دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دەربڕی و داوایکرد کە حکومەتی فیدراڵ، ئەو رێکارە  راست بکاتەوە و ئەو خەڵکانە بخاتەوە شوێنی راستی خۆی کە هەرێمی کوردستانە."
 
لە کۆبوونەکەدا "ئەنجوومەنی وەزیران، سکرتارییەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی راسپارد بۆ ئامادەکردنی نووسراوێک بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ بۆ گەیاندنی ئەو پێشنیارانەی کە لە کۆبوونەوەکە پەسەند کران، بە ئاراستەی ئەوەی کە لێرە بەدواوە و بۆ ساڵی دارایی 2025، رێژەی نوێی ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، بکرێتە بنەما بۆ دیارکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە گشت شایستە دەستوورییەکانی خۆی لە حکومەتی فیدراڵ."
 
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران پێشنیازێکی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار تایبەت بە "پاژەکردن (بەقیستکردن)ی ئەو ئەو بڕە پارەیە لە هاووڵاتیی زێدەڕۆکار وەردەگیرێت، کە خانووی نێشتەجێیان بە زێدەڕۆیی لە سنووری شارەوانییەکان دروستکردووە."
 
پێشنیازەکەی وەزیری شارەوانی بە کۆی دەنگی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پەسند کرا، "وەک ئاسانکارییەک بۆ ئەو هاووڵاتیيانەی توانای داراییان سنووردارە و لە توانایاندا نییە کە بڕی پارەی تەملیکی زەوییەکە بە گوژمە بدەن."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە