رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی دەڵێت، زیاتر لە هەفتەیەکە دەست بە ئامادەکردنی تەرازووی پێداچوونەوە کراوە، دوای ئەوەی داهاتی ناوخۆ بۆ بەغدا نێردرا، لیستی مووچەی مانگی نیسانیش دەنێرن.
رۆژی یەکشەممە، 13ـی نیسانی 2025، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێش لیستی مووچە، پێویستە تەرازووی پێداچوونەوە (میزانیەی مراجەعە) ئامادە بکرێت، بۆ ئەوەی دەربکەوێت داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان چەندە، تاوەکو لەو داهاتە پشکی بەغدا بنێردرێت، دوای ئەوە لیستی مووچەش دەنێرین."
وەک ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی دارایی دەڵێت، "زیاتر لە هەفتەیەکە دەست بە ئامادەکردنی تەرازووی پێداچوونەوە کراوە، ئێستا لە قۆناخی کۆتاییدایە و بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەم هەفتەیە تەواو دەبێت، دوای ئەوە پشکی بەغدا لە داهاتی ناوخۆ دەنێردرێت."
لەبارەی بڕی داهاتی ناوخۆ بۆ مانگی ئادار ئەو سەرچاوەیە گوتی، "لە مانگێکەوە بۆ مانگێک دەگۆڕێت و بڕەکەی جێگیر نییە، تاوەکو تەرازووی پێداچوونەوە تەواو نەبێت نازانین بۆ مانگی ئادار چەندە."
ئەو سەرچاوەیە گوتی، لیستەکە وەکو مانگی یەک، دوو و سێ لەلایەن شاندێکی تەکنیکیی وەزارەتەکەوە بۆ بەغدا دەبردرێت.
17-3-2025، وەزارەتی دارایی رایگەیاند، بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی شوباتی ئەم ساڵ خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی.
بڕی پارەکە 48,722,239,000 دینار و بە شێوەی کاش خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
رۆژی 26-03-2025، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی ئاداری بڵاوکردەوە، لە ماوەی سێ رۆژدا مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەشکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ