رووداو دیجیتاڵ
شارەزایەکی زێڕ دەڵێت، رێکنەکەوتنی ئەمریکا لەگەڵ چین و ئێران، دەکرێت نرخی ئۆنسەیەک زێر بگەیێنێتە سێ هەزار و 500 دۆلار.
ئەم قسانەی یوونس سەید ئەحمەد، شارەزای زێڕ لە کاتێکدان، دۆناڵد ترەمپ لەدوای دەستبەکاربوونییەوە سەرنجی خستووەتە سەر "ئابووریی بەشەکی" کە کاری کۆمپانیا، بازاڕ و پشکەکان دەگرێتەوە.
ئەو شارەزایە گوتیشی: "سیاسەتەکانی ترەمپ ناڕوونییان دروستکردووە. ترەمپ بۆ 90 رۆژ پێناسە گومرگییەکانی لەسەر 75 وڵات راگرتووە، بەڵام دیار نییە دوای تەواوبوونی ئەو ماوەیە چی روودەدات".
ئەو زێڕنگەرە دەشڵێت: "شەڕی بازرگانی و پێناسە گومرگییەکان لە سوودی هیچ وڵاتێکدا نییە و زیان بە هەمووان دەگەیێنێت".
قسەکانی ئەو شارەزایە لەکاتی بەشداریکردنی بوو لە بووڵتەنی ئابووریی کاژێر 09:00ـی ئەمڕۆ شەممە کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشی کرد.
بە بڕوای یوونس سەید: "ئێستا ئاراستەی نرخی زێڕ لەسەر دوو فاکتەر وەستاوە؛ گفتوگۆ و ئەگەری رێککەوتنی ئەمریکا لەگەڵ هەریەک لە چین و ئێران، کە ئەوەی یەکەمیان لەبارەی زیادکردنی پێناسە گومرگییەکانە لەسەر یەکدی و لەگەڵ ئێرانیش لەبارەی رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێرانە".
ئەو شارەزایە دەڵێت: "دەکرێت هەر جۆرە رێککەوتنێک ببێتەهۆی دابەزینی نرخی زێڕ، بەپێچەوانەشەوە ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخەکەی زیاتر دەبێت"؛ پێشیوایە، "لە ئەگەری رێککەوتنی راستەوخۆی ئەمریکا لەگەڵ ئێران، دوور نییە نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ 100 دۆلار دابەزێت".
بە گوتەی یونس سەید: "هەر رێککەوتنێکی ئەمریکا لەگەڵ چین و ئەمریکا، دەکرێت نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بۆ دوو هەزار و 950 دۆلار دابەزێنێت، بەپێچەوانەشەوە، دەکرێت نرخەکەی بگاتە سێ هەزار و 500 دۆلار".
تووندبوونی شەڕی بازرگانیی نێوان ئەمریکا و چین، هۆکاری سەرەکییە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ.
رۆژی چوارشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی هەندێک وڵات هیچ وەڵامێکیان بۆ پێناسە گومرگییەکانی وڵاتەکەیان نەداوەتەوە، بۆ 90 رۆژ پێناسی گومرگی لەسەر 75 وڵات هەڵدەگرێت.
ئەمریکا پێناسی گومرگی سەر چینی نەوەستاند، بەڵکو بۆ 145٪ بەرزیکردەوە.
رۆژی هەینی 11-4-2025، چین پێناسی گومرگی بەسەر کاڵاکانی ئەمریکا بۆ 125٪ بەرز کردەوە، ئەوەش وەکو وەڵامێک بۆ سەپاندنی پێناسی زیاتر لەلایەن ئەمریکاوە بەسەر کاڵای هاوردەکراوی ئەو وڵاتە.
بەهۆی ئەم ناکۆکییانەوە، لە هەفتەی رابردوودا نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ زیاتر لە 200 دۆلار بەرزبووەوە. لە کاتی داخستنی بازاڕەکانیشدا بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە، هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە سێ هەزار و 237 دۆلار مامەڵەی پێوەکراوە.
لە هەرێمی کوردستانیش لە رۆژی پێنجشەممەوە تاوەکو ئەمڕۆ، نرخی هەر مسقاڵێک زێڕ 40 هەزار دینار بەرزبووەتەوە. ئێستا نرخی فرۆشتنی مسقاڵی زێڕ بەپێی سەندیکای زێڕنگران، بەم شێوەیەیە:
مسقاڵێک زێڕی عەیار 24= 777,000 دینار
مسقاڵێک زێڕی عەیار 22= 713,000 دینار
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21= 680,000 دینار
مسقاڵێک زێڕی عەیار 18= 583,000 دینار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ