سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان: بەغدا زیاتر لە 900 ملیار دیناری بۆ مووچە نارد

01-08-2023
سیروان عەباس
نیشانەکردن مووچە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، حکومەتی عێراق زیاتر لە 900 ملیار دیناری بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ناردووە، بەڵام وەزارەتی دارایی رەتیدەکاتەوە پارەکە گەیشتبێت.
 
رۆژی سێشەممە 1ـی ئابی 2023، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، حکومەتی عێراق زیاتر لە 900 ملیار دیناری بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ناردووە و پارەکە گەیشتووەتە بانکی هەرێم.
 
سەرچاوەکە گوتیشی، "ئەمشەو یان سبەی زوو، لیستی مووچەی مانگی حوزەیران بە فەرمی رادەگەیێنێدرێت؛ تەنیا ئەوە ماوە بانکە بازرگانییەکان پارەکە لە بانکی هەرێم وەربگرن بۆ دابەشکردن".
 
بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مانگانە زیاتر لە 900 ملیار دینار پێویستە.
 
تاوەکو ئەمڕۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگەکانی حوزەیران و تەمموزیان وەرنەگرتووە. حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، بەگوێرەی یاسای بودجەی عێراق لەمەودوا مووچەی هەرێمی هەرێمی کوردستانیش لە ئەستۆی حکومەتی عێراقدا دەبێت.
 
هەرچەندە سەرچاوەکەی رووداو جەخت دەکاتەوە لەوەی پارەکە گەیشتووە، بەڵام وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمشەو لە روونکردنەوەیەکدا رەتیکردەوە هیچ بڕە پارەیەک لەلایەن حکومەتی عێراقەوە خرابێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی هەرێم و لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق و رایگەیاند "لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق و هیچ دام و دەزگایەکی حکومەتی عێراقەوە هیچ شتێکی فەرمیمان بەدەست نەگەیشتووە سەبارەت بەناردنی بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان".
 
ئەوە لەکاتێکدایە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ (سێشەممە، 1-8-2023) دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد. لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانەوە گوتی بەشێک لە پشکی هەرێمی کوردستانیان لە بودجەدا ناردووە و ئاماژەی بەوەشکرد، ناردنی پارەکە لە چوارچێوەی یاسای بودجەی گشتیی عێراقدایە.

لەلایەکی دیکەوە، باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ ئاماژەی بەوە کرد، سوودانی بڕیاری خەرجکردنی پارەکەی داوە، ئەمە نامەی وەتسئەپ نییە یەکسەر بزانیت گەیشتووە یان نا، بەڵام پارەکە خەرج کراوە و سبەی یان دوو سبەی روون دەبێتەوە. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بارانبارین لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

باران لە هەولێر و دهۆک بەراورد بە پار کەمتر باریوە

بەگوێرەی بەشی کەشناسیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای مانگی 9 تاوەکو 18ـی ئەم مانگە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بارانبارین لە سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر بووە، بەڵام لە دهۆک و هەولێر باران کەمتر باریوە.