رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی کۆشکی سپی رایگەیاند، گفتوگۆکەیان لەگەڵ ئێران لەسەر پرسی ئەتۆمی ئەرێنی بووە، بەهای تمەن بەرامبەر دۆلار بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆوە بینی.
پێش بەڕێوەچوونی گفتوگۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە رۆژی شەممە، یەک دۆلار بە 99 هەزار تمەن مامەڵەی پێوەدەکرا، بەڵام لە دوای دانوستاندنەکان بەهای یەک دۆلار بەرامبەر بە تمەن دابەزی بۆ کەمتر لە 95 هەزار تمەن، واتە دراوە ئێرانییەکە بەڕێژەی4٪ بەرامبەر دۆلار بەرزبووەتەوە.
بەپێی ماڵپەری نەڤەسان، کە تایبەتە بە نرخی دراوەکان لە بازاڕی نێوخۆیی ئێراندا، یەک دۆلار ئێستا بە 94 هەزار و 700 تمەن مامەڵەی پێوەدەکرێت.
هەفتەی رابردوو بەهای یەک دۆلار بەرامبەر بە تمەن گەیشتبووە 106 هەزار تمەن. بەوپێیەش لە ئاستی هەفتانەدا بەهای تمەن بەرامبەر بە دۆلار بەڕیژەی زیاتر لە 10٪ بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیوە.
لە ماوەی مانگی رابردوودا، بەهای تمەن بەرامبەر بە دۆلار لە بەرزترین ئاستیدایە.
دوای گفتوگۆکەیان لەگەڵ ئێران، کۆشکی سپی رایگەیاند، گفتوگۆ نێوان شاندەکانی ئەمریکا و ئێران لە عومان "زۆر ئەرێنی و بونیادنەر بوون" و هەردوولا رێککەوتوون شەممەی داهاتوو جارێکی دیکە کۆببنەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆشکی سپی، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەشێوەی "راستەوخۆ" لە مەسقەتی پایتەختی عومان، گفتوگۆی لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێراندا کردووە.
کۆشکی سپی دەڵێت: "گفتوگۆکان زۆر ئەرێنی و بونیادنەر بوون و ئەمریکا زۆر سوپاسی سوڵتاننشینی عومان دەکات بۆ پشتیوانیکردنی لەم دەستپێشخەرییە."
عەباس عیراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، "دانوستاندنێکی ناڕاستەوخۆی بنیاتنەر و باشمان لەگەڵ ستیف ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا کرد کە بە سوپاسەوە لەلایەن برام بەدر بن حەمەد (وەزیری دەرەوەی عومانەوە) نێوەندگیری و میوانداری کرا."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ویتکۆف بۆ د. عێراقچی دووپاتکردەوە کە لە لایەن سەرۆک ترەمپەوە راسپێردراوە بۆ ئەوەی، ئەگەر بکرێت، ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە رێگەی گفتوگۆ و دیپلۆماسی چارەسەر بکات. ئەمانە هەندێ پرسی زۆر ئاڵۆزن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ