نرخی زێڕ و نەوت بەرزبووەوە

15-04-2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
نرخی زێڕ ئەمڕۆ سێشەممە بەهۆی ناڕوونی سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ لەسەر پێناسە گومرکییەکان بەرزبووەوە.
 
نرخی یەک ئۆنسە زێڕ ئەمڕۆ لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەڕیژەی 0.5٪ بەرزبووەوە بە 3225 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بە 3237 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
ییپ جون رۆنگ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (IG) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "نرخی زێڕ بە بەرزبوونەوە کراوەتەوە بەو هۆیەی کە هێشتا خواست بۆ کڕینی زێڕ لەلایەن وەبەرهێنەران و بازرگانانەوە بەهێزە کە وەک سامانێکی سەلامەت بۆ وەبەرهێنان چاوی لێدەکرێت."
 
دۆنالد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە داوە کە بەخشینی ئامێرە ئەلێکترۆنییەکان لە پێناسە گومرکییەکان، بریارێکی کاتییەوە ئەم هەفتەیە بریاری نوێی لەسەر دەدەن. 
 
شرۆڤەکارەکەی کۆمپانیای (IG) دەڵێت، "تا ئەو کاتەی ناڕوونی لە بازاڕدا هەبێت و بەرچاوی بازرگان و وەبەرهێنەران روون نەبێت، خواست بۆ کڕینی زێڕ بەردەوام دەبێت".
 
لەلایەکی دیکەوە، رافایل بۆستیک، سەرۆکی بانکی ناوەندی ئەمریکا لقی ئاتلانتا رایگەیاندووە، پێناسە گومرکییەکان و ناڕوونی سیاسەتی ئابووری بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی گەشەی ئابووری ئەمریکا بوەستێت.
 
بۆستیک دەڵێت، تا ئەو کاتەی ئەو رەوشە بەردەوام دەبێت، بانکی ناوەندی ئەمریکا نابێت دەستکاری سوودی بانکی بکات.
 
ئۆپێک پێشبینییەکانی بۆ خواست لەسەر نەوت کەمکردووەتەوە
 
نرخی نەوت ئەمڕۆ سێشەممە بەهۆی ئەگەری بەخشینی هەندێ لە پێناسە گومرکییەکان لەلایەن ئیدارەی ئەمریکا و هەروەها بەرزبوونەوەی قەبارەی هاوردەکاریی نەوتی چین، بەرزبووەوە.
 
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 12 سەنت بەرزبووەوە و بە 65 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 13 سەنت بەرزبووەوە بە 61 دۆلار و 66 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
تینا تێنگ، شرۆڤەکاری سەربەخۆی بازاڕە داراییەکان لەو بارەیەوە رایگەیاند، "ئیدارەی ترەمپ ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی لە پێناسە گومرکییەکان بەخشیوە، هەروەها ئاماژەی بەوە داوە پێناسە گومرکییەکان لەسەر ئۆتۆمبێل ئاسان دەکات، ئەوەش کاریگەری لەسەر نرخی نەوت داناوە."
 
دۆناڵد ترەمپ لە نوێترین لێدوانیدا ئاماژەی بەوە داوە کە بەنیازە گۆڕانکاری لە پێناسە گومورکییەکانی سەر هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل لە مەکسیک و کەنەدا بکات.
 
بەپێی تینا تێنگ، هەرچەندە ئیدارەی ئەمریکا ئەگەری هەیە پێناسە گومرکییەکانی سەر ئۆتۆمبێل کەمبکاتەوە، بەڵام ناڕوونی سیاسەتە ئابوورییەکانی دۆناڵد ترەمپ هێشتا گوشاری لەسەر بازاڕەکان دروستکردووە.
 
بەهۆی شەڕی بازرگانییەوە، رێکخراوی ئۆپێک لە راپۆرتی مانگانەی خۆیدا، پێشبینییەکانی بۆ قەبارەی خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت بۆ یەکەمجار لە دوای مانگی 12ی ساڵی رابردووەوە، دابەزاندووە.
 
لەلایەکی دیکەوە بەپێی گومرکی چین، لە مانگی رابردوودا هاوردەکردنی نەوت لەلایەن چینەوە بەڕێژەی 5٪ زیادیکردووە کە بووەتە هۆکار بۆ پاڵپشتیکردنی نرخەکانی نەوت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکانی عێراق

یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکانی عێراق: چیدی رێگە بە هیچ بارێکی هاوردەکراوی بێ سیل نادرێت

سەرۆکی راوێژکارانی یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکانی عێراق دەڵێت، هەفتەیەکە وادە 15 رۆژییەکە بۆ رێگەدان بە بارە هاوردەکراوەکان لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ پارێزگاکانی دیکە تەواو بووە و چیدیکە رێگە بە تێپەڕینیان نادرێت. دەشڵێت، لە کۆتایی ئەم مانگەوە شێوازی وەرگرتنی فۆرمی کیوئاڕ کۆد دەکرێتە ئۆنڵاین