رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی رێنوێنیێکی نوێی گومرگ و پاراستنی سنوورەکانی ئەمریکا، بەشێک لە ئامێرە تەکنەلۆجییەکان لەنێویاندا مۆبایل و کۆمپیوتەر، لە پێناسە گومرگییەکانی ترەمپ دەبەخشرێن و بەخشینەکە چینیش دەگرێتەوە.
گومرگ و پاراستنی سنوورەکانی ئەمریکا، شەوی هەینیی رێنوێنیێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، زۆرێک لە وڵاتەکان لە پێناسی گومرگیی سەر بەرهەمە تەکنەلۆجییەکان دەبەخشرێن و لێخۆشبوونی چینیش لە هەموویان زیاترە کە 145٪ بوو.
لێخۆشبوونەکەی ئەمریکا دوای ئەوە هات کە زۆرێک لە کۆمپانیاکانی ئەمریکا نیگەرانی خۆیان لە گرانبوونی بەرهەمەمە تەکنەلۆجییەکان دەربڕی، بەوپێیەی زۆربەیان لە چین دروستدەکرێن.
لێخۆشبوونەکە، لاپ تۆپ، تەلەڤیزیۆنی زیرەک، نیمچە گەیەنەرەکان، ئەو پاترییانەی بە وزەی خۆر کاردەکەن و هەندێک بەرهەمی تەکنەلۆجی دیکەش دەگرێتەوە.
ئەمریکا بە بازاڕێکی گەورەی ساخکردنەوەی بەرهەمەکانی کۆمپانیای ئەپڵ دادەنرێت، بەگوێرەی سەنتەری لێکۆڵینەوەی تەکنەلۆجی (Counterpoint)، پار نیوەی بەرهەمەکانی کۆمپانیای ئەپڵ، لە ئەمریکا فرۆشراون.
ئەمە لەکاتێکدایە، بەگوێرەی سەنتەرەکە 80٪ـی بەرهەمەکانی ئەپڵ کە هەناردەی ئەمریکایان دەکات لە چین و 20٪ـی لە هیندستان دروستدەکرێن.
ترەمپ، پێناسی گومرگیی 145٪ـی بەسەر چین دا سەپاندووە، لەو کاتەوەی پێناسەکانیش سەپێندراون، کۆمپانیای ئەپڵ سەرنجی زیاتری خستوەتە سەر کارگەکانی دەرەوەی پەکین بۆ بەرهەمهێنان.
رۆژی چوارشەممە، دۆناڵد ترەمپ پێناسی گومرگی بۆ 90 رۆژ لەسەر 75 وڵات هەڵگرت، بەڵام چینی نەگرتەوە.
دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، سەپاندنی پێناسی گومرگی، دادپەروەری بۆ بازاڕەکانی جیهان و هەلی کار بۆ ئەمریکا دەگەڕێنێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ