رووداو دیجیتاڵ
تاوەکو ئێستا هەولێر و بەغدا و کۆمپانیاکانی نەوت نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی بۆ دەستپێکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان. بە گوتەی سێ پەرلەمانتاری کورد، 60 رۆژ بۆ رێککەوتن لەسەر کۆمپانیایەکی راوێژکاری بۆ دیاریکردنی نرخی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت، دوای دەستپێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوت هەژمار دەکرێت، نەک دوای بەرکاربوونی هەموارەکە.
رۆژی 2ـی شوباتی 2025، پەرلەمانی عێراق هەمواری یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی عێراقی پەسندکرد. رۆژی 17ـی شوبات، هەموارەکە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەگوێرەی هەموارەکە، بۆ بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت 16 دۆلار تەرخانکراوە، تاوەکو هەولێر و بەغدا لەسەر ئەو لایەنە راوێژکارییە لە ماوەی 60 رۆژدا رێکدەکەون.
بەشێک لە میدیای عێراق باس لەوە دەکەن، ئەو مۆڵەتە 60 رۆژییە رۆژی 17ـی ئەم مانگە تەواو دەبێت، بەم شێوەیە پێنج رۆژی ماوە ئەگەرنا دۆسیەکە دەچێتە لای محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ یەکلاکردنەوە.
لەوبارەوە، ئاسۆ فەریدوون، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی شەممە 12ـی نیسانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە دوای هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، ئەو 60 رۆژە هەژمار دەکرێت، بۆ ئەوەی هەولێر و بەغدا لەسەر دیاریکردنی کۆمپانیایەکی راوێژکاری رێکبکەون بۆ خەمڵاندنی نرخی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێک نەوتی هەرێمی کوردستان، نەک دوای هەموارکردنەکە".
هەروەها شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە رووداوی راگەیاند، "هێشتا هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستی پێنەکردووەتەوە، ئەو 60 رۆژە دوای دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت هەژمار دەکرێت، نەک دوای بەرکاربوونی هەموارەکە".
تاوەکو ئێستا کێشە هەیە لەبارەی شایستەی کۆمپانیاکانی نەوت و بڕی ئەو نەوتەی بۆ بەکاربردنی ناوخۆ بەکاردێت.
سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق هەمان بۆچوونی هەیە و بە رووداوی گوت، "هەمواری یاسای بودجە جێبەجێ نەکراوە. لەوکاتەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، ئەوسا 60 رۆژەکە هەژمار دەکرێت".
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ بە سەردانێک گەیشتە هەولێر. باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق بە رووداوی گوت، "سەردانەکە لە چوارچێوەی بنەمای پەیوەندی و گفتوگۆیە لەبارەی بابەتە گرنگەکان لەنێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان، کە حکومەت لەگەڵ هەموو لایەنەکانی پرۆسەی سیاسی جەختی لەسەر دەکاتەوە".
عەوادی ئاماژەی بەوەش کرد، "سەرۆکوەزیرانی عێراق گفتوگۆ و راوێژ دەکات، کە ئەویش پێداچوونەوە بە دۆسیە هاوبەشەکان لەژێر رۆشنایی گۆڕانکارییە نێوخۆییەکان و رووداوە خێراکانی دەرەوە لەخۆدەگرێت."
مادەی 12 لە یاسای بودجەی گشتیی عێراق تایبەتە بە خەرجیی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت لە هەرێمی کوردستان، پێشنیاز کراوە 16 دۆلار بێت، لە عێراق خەرجییەکە 6 دۆلارە، لەو مادەیەدا بە خاڵ لایەنە یاساییەکەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان باسکراوە.
لە یاساکەدا لە بەشی دووەم، نێوەڕۆکی هەموارەکە باسکراوە و بەراوردی دەقە کۆن و نوێیەکەش کراوە، کە بەپێی دەقە نوێیەکە، "وەزارەتی دارایی فیدراڵی قەرەبووی هەرێمی کوردستان لە خەرجییە سەروەرییەکان لەئەستۆ دەگرێت، بۆ خەرجیی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی بڕی نەوتی بەرهەمهاتوو لە هەرێمی کوردستان، کە لەلایەن سۆمۆوە وەردەگیرێت یان وەزارەتی نەوت بەپێی بڕگەکانی ئەلف و با."
پارەکە وەکو سولفە دەدرێتە هەرێمی کوردستان، تاکو ئەو کاتەی کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی لە 60 رۆژدا دوای لێکۆڵینەوە خەرجیی بەرمیلێک نەوت دیاری دەکات.
لە خاڵی دووەمی هەموارەکەدا هاتووە، لایەنی راوێژکار بڕی خەمڵێندراوی خەرجیی بەرهەمهێنانی نەوت و گواستنەوەی بۆ وەزارەتی نەوت و سامانە سرووشتییەکان پێشکێش دەکات، پاش ئەوە راستەوخۆ نەوتەکە رادەستی سۆمۆ دەکرێت بەپێی یاسا، قەرەبووی هەرێمی کوردستانیش دەکرێتەوە وەکو سولفەیەک بە 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
هەروەها لە هەموارەکەدا هاتووە، "400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی سۆمۆ یان وەزارەتی نەوت بکرێت، ئەگەر رەوانە نەکرا بۆ بەندەری جەیهان، لە نێوخۆدا بەکاربهێندرێت بەپێی پێویستیی وەزارەتی نەوت."
لە خاڵی سێیەم و چوارەمدا 60 رۆژ دانراوە بۆ خەمڵاندنی خەرجیی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن کۆمپانیای راوێژکاری و 16 دۆلار دیاریکراوە. لە خاڵی پێنجەمدا دەڵێت، راپۆرتی لایەنە راوێژکارییەکە پابەندییە لەسەر هەردوو حکومەت و وەکو بنەما پشتی پێدەبەسترێت بۆ ئەو هەموارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ