رووداو دیجیتاڵ
سەرکردەیەکی هاوپەیمانیی چەپی فینلاند دەڵێت، گومانیان لە دانوستاندنی سوێد و فینلاند لەگەڵ تورکیا بۆ بەئەندامبوون لە ناتۆ هەیە و دەبوو راستەوخۆ لەگەڵ ناتۆ کەوتبانە گفتوگۆ نەوەک سەرەتا لەگەڵ تورکیا گفتوگۆ بکەن. ئەو، رێککەوتنی سوێد و فینلاند لەگەڵ تورکیا بە مەترسی دەزانێت بۆ سەر ئەو کوردانەی لەم دوو وڵاتە نیشتەجێن.
رۆژی هەینی 31ـی ئاداری 2023 گەشاو بێبانی، کادری پێشکەوتووی هاوپەیمانیی چەپی فینلاند و بەربژێری پەرلەمانی ئەو وڵاتە لە بووڵتەنی نیڤرۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بە زنار شینۆ، نێردراوی رووداوی راگەیاند: "بەلامانەوە جێی پرسیار بوو کە بۆچی فینلاند و سوێد کەوتنە گفتوگۆکردن لەگەڵ تورکیا لەسەر بەئەندامبوونیان لە ناتۆ، ئێمە پێمانوابوو دەبێت ئەم گفتوگۆکردنە راستەوخۆ لەگەڵ ناتۆ کرابا، بۆ ئەوەی ناچار نەبن چەندین یاسا و شێوازی هەڵسوکەوتیان لەگەڵ کوردانی دانیشتووی فینلاند و سوێد بگۆڕن".
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ساڵی 2021، 15 هەزار و 850 کورد لە فینلاند دەژین، کە ژمارەی دانیشتووانەکەی 5.5 ملیۆن کەسە، واتا کورد رێژەی 0.3٪ـی دانیشتووانی ئەو وڵاتە پێکدەهێنن.
گەشاو بێبانی، کە کوردە دەڵێت: "بەلای منەوە وەکو بەربژێرێکی کورد بۆ پەرلەمانی فینلاند، ئەم گۆڕانکارییانە گرفت بوون، لەنێو حیزبەکەی ئێمەدا دڵسۆزی کورد زۆرن و ئەوانیش هەستیان بەم بابەتە کردووە، بۆیە ئێمە وەکو حیزبی چەپی فینلاند لەگەڵ رێککەوتنی فینلاند و تورکیا نەبووین بۆ ئەوەی ببێت بە ئەندامی ناتۆ".
ئەو بەربژێرەی پەرلەمان دووپاتیدەکاتەوە: "ئێستاش کە بڕیاری بە ئەندامبوونی فینلاند لە هاوپەیمانێتی ناتۆ پەسندکرا، هەر پرسیارمان هەیە و بە مەترسی دەزانین بۆ ئەو کوردانەی لە فینلاند دەژین کە بەهۆی رێککەوتنی سوێد و فینلاند لەگەڵ تورکیا دەکەونە مەترسییەوە".
بەشێکی کوردانی فینلاند کە لە ساڵانی 1970 بۆ 1980 گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە، لە رۆژهەڵات و باکووری کوردستانەوە کۆچیان کردووە، بەڵام زۆربەی ئەو کوردانەی ئێستا لە فینلاند نیشتەجێن، لە ساڵانی نەوەتەکانی سەدەی رابردوو گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە و کوردی باشووری کوردستانن.
رۆژی یەکشەممە 02-04-2023 هەڵبژاردنی پەرلەمانی فینلاند بەڕێوەدەچێت و گەشاو بێبانی بەربژێری پارتی چەپە. وەک ئاماژەی پێدەدات: "ئێستا هەڵمەتێکی چڕ لەلایەن پارتە راستڕەو و تووندئاژۆکانی فینلاند هەیە کە مەترسی نەک تەنیا بۆ پەنابەران، بەڵکو بۆ دیموکراسی لەو وڵاتەدا دروستدەکەن، بۆیە بۆ من گرنگە داکۆکی لە مافی مرۆڤ بکەم و بۆ پرسی پەنابەرانی کورد لە فینلاندیش، هەرچەند من تاکە کەسێکم، بەڵام بەو حاڵەشەوە ئەوەی پێمبکرێت بۆ پەنابەرانی کورد دەیکەم و هەوڵدەدەم وەکو پردێکی پەیوەندی لەنێوان فینلاند و حکومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکی کوردستان رۆڵ ببینم".
گەشاو بێبانی پێیوایە کورد پێویستی بە دەرفەتی سیاسی هەیە بۆ ئەوەی بتوانیت لە ئامانجە ناوخۆییەکانی کوردستانیشدا سەرکەوتووبێت و دەڵێت: "پشتگیری سیاسی ئەو پرسە بووە کە کورد هەمیشە پێویستی پێیبووە، بەتایبەت لە ئێستادا. بۆیە بەلامەوە گرنگە بتوانم هەم وەک نوێنەرێکی فینلاندی و هەم وەکو کەسێکی کورد کە دڵێکی گەرمم هەیە بۆ کوردانی هەموو جیهان، کاربکەم و پەیامی کوردان بگەیەنم بە سیاسەتی فینلاند و هەموو ئەوروپا".
بە گوتەی گەشاو بێبانی: "چەند ساڵ لەمەوبەر سەرۆکی گرووپی پەرلەمانی پارتی چەپی فینلاند لەناو پەرلەماندا گرووپی دۆستانی کوردی پێکهێنا، لە پرۆگرامی حیزبەکەشماندا چەسپاوە کە دەبێت هاوکاری بۆ پرسی کورد دروستبکەین و بۆ نموونە دەبێت پاڵپشتی سەربەخۆیی کوردستان بکەین، وەکو فینلاندش دەبێت پاڵپشتی کوردان بکەین بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆییان. ئەمە بە نووسراو لەنێو پێڕەو و پرۆگرامی حیزبی چەپدا هەیە".
لەدوای چەند مانگێک لە دواخستن، دواجار، پێنجشەممە، 30-03-2023، پەرلەمانی تورکیا رەزامەندی لەسەر ئەندامبوونی فینلاند لە ناتۆ دەربڕی. بەوەش، ئەو ئاستەنگەی لەبەردەم فینلاند بوو هەڵگیرا بۆ ئەوەی ببێتە ئەندامی هاوپەیمانییە بەرگرییەکە.
رۆژی هەینی، 31ـی ئاداری 2023، یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ لە تویتێکدا نووسی: "چاوم لەوەیە لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا، ئاڵای فینلاند لە بنکەی ناتۆ هەڵبدەین. بەیەکەوە بەهێزتر و سەلامەتترین".
لەدوای هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا لە شوباتی پاردا، هەریەک لە سوێد و فینلاند رێچکەی چەند ساڵەی بێلایەنییان شکاند و لە مانگی ئایاری هەمان ساڵدا هەردوو وڵاتەکە بەشێوەیەکی فەرمی داواکاریی ئەندامبوونیان پێشکێشکرد.
بەهۆی ناڕازیبوونی تورکیا و هەنگاریا، دۆسیەی بەئەندامبوونی سوێد هەڵپەسێردراوە، بەڵام سکرتێری گشتیی ناتۆ جەختی لەوە کردەوە کە هەموو هاوپەیمانان کۆکن لەسەر ئەوەی "ئەنجامێکی خێرای پرۆسەی پەسندکردنی سوێد لە بەرژەوەندیی هەموو لایەکدا دەبێت" و، گوتیشی، "چاوم لەوەیە لە زووترین کاتدا وەکو ئەندامێکی تەواو، پێشوازی لە سوێدیش بکەین بۆ نێو خێزانی ناتۆ".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ