ئەم هەفتەیە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دوبەی و لەبەردەم ژمارەیەکی ئێجگار زۆری سەرۆکی حکومەتەکانی جیهان و بەڕاشکاوی، پرسی مافی چارەی خۆنووسینی بۆ گەلی کوردستان ورووژاند. لەڕاستیدا ناوەندەکانی بڕیار و ناوەندەکانی توێژینەوە و تەنانەت ناوەندەکانی راگەیاندنیش، کارێی دروست ناکەن، ئەگەر بێت و لەم دۆخە ناسک و تایبەت و مەترسیدارەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەم پرسە زۆر بە گرنگ و بەهەند، وەرنەگرن.
لەڕاستیدا، ئەگەر ئاسایش، سەقامگیری و گەشەی ئابووری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پرسێکی ناوەندی بێت بۆ کۆی زلهێزەکانی جیهان و ئەگەر بێت و رێک لە هەمان ئاستی پرسی فەلەستیندا پرسی کوردیش لەسەر ئاستی بابەتی، هەمان گرنگی و هەمان ئەرزش و هەمان مانای پێنەدرێت، زۆر ئەستەمە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە دۆخی ئێستای دەربازبکرێت، چونکە هەروەک چۆن پرسی فەلەستین سنوورەکانی خاکی فەلەستین تێدەپەڕێنێت، ئاوا پرسی کورد، بەلای کەمەوە پەیوەندی بە سنووری دوو زلهێزی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست (تورکیا و ئێران) و دوو دەوڵەتی مێژوویی (عێراق و سووریا)ـوە هەیە، ناکرێت لە پەراوێزەکاندا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
لێرەوە گوتاری مافی چارەی خۆنووسین لە هەلومەرجی بابەتیی ئێستا دەکرێت بایەخ و مانا و بەهای تایبەتی خۆی هەبێت. لە سەرەتای سەرەتاکانەوە، ئەم مافە بریتییە لە پرەنسیپێکی سەرەکی یاسای نێودەوڵەتی، کە دان بەوەدا دەنێت هەر گەلێک مافی ئەوەی هەیە بەشێوەیەکی ئازادانە چارەنووسی خۆی دەستنیشان بکات و بەشێوەیەکی ئازادانەش ئەو رژێمە هەڵبژێرێت، کە دەیەوێت لەڕێگەیەوە دەزگا دەوڵەتییەکانی بەڕێوەببات. لە دۆخێکی وادا و بۆ ئەوەی ئەم ئامانجە بەرجەستەبکرێت، هەر گەلێک مافی ئەوەی هەیە ببێتە خاوەنی ئەو چوارچێوە ئیدارییەی لە سۆسیۆلۆژیای زانستە سیاسییەکاندا بە دەوڵەت پێناسەکراوە.
گرفتەکە لێرەدا بریتییە لە پێناسەکردنی گەل! کێ و چۆن و کەی و لە کوێ گرووپێکی مرۆیی دەکرێت وەک گەلێکی تایبەت پێناسە بکرێت؟ ئایا دەکرێت هەموو ئیتنیەک وەک گەل پێناسە بکرێت؟ ئایا دەکرێت هەموو ئەو تاکانەی بە زمانێک قسەدەکەن، وەک گەلێک پێناسەبکرێن؟ ئایا دەکرێت هەموو ئەو تاکانەی هەڵگری یەک سیستم لە بەها و بنەمای ئەخلاقین، وەک گەلێک پێناسەبکرێن؟
لەڕاستیدا تائێستا هیچ پێناسەیەک نییە کۆدەنگیەکی جیهانی لەسەربێت و، هیچ و کەس و لایەن و ئۆرگانێک ناتوانێت بانگەشەی ئەوە بکات کە مۆنۆپۆلی پێناسەکردنی چەمکی گەلی لە لایە، یاخود گرووپێکی مرۆیی وەک گەل پێناسەبکات و گرووپێکی دیکە لەو پێناسەیە دووربخاتەوە. ئەوەی راستییەکی کۆنکرێتییە ئەوەیە؛ چەند گرووپە مرۆییەکان جیاوازن، هێندەش پێناسەکانی گەل جیاوازن و گەڕان بەدوای کۆدەنگیدا هیچ نییە جگە بەشێک لە پووچگەرایی.
بەڵام ئەوەی شیاوی وەبیرهێنانەوەیە، سەراڕی ئەم ناکۆدەنگیەش لەسەر پێناسەکردن، لە کۆتایی جەنگی یەکەمی جیهانییەوە تائێستا، لە عوسبەتی ئومەمەوە تاوەکو نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆدەنگییەک هەیە لەسەر ئەوەی هەموو گەلێک مافی چارەی خۆنووسینی هەیە و ئەم مافەش بووە بە بەشێک لەوەی پێی دەگوترێت یاسای نێودەوڵەتی. هەروەها ئەوەی شیاوەی وەبیرهێنانەوەیە، سەرەڕای داننان بەم مافەشدا، هەرگیز عوسبەتی ئومەم و نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکەوتوو نەبوون لەوەی ئەم مافە بەشێوەیەکی یەکسان بە کۆی گەلانی جیهان ببەخشن. لە دەرەوەی ئەم کۆنتێکستە مێژووییەدا، ئێستا گەلی کورد لەبەر دوو هۆکاری سەرەکی پێویستیی بە سازدانی حیکایەتی مافی چارەی خۆنووسین هەیە. هۆکاری یەکەم پەیوەندی بە نێوخۆی کوردەوە هەیە، نێوخۆ وەک گرووپێکی تایبەت و جیاواز لەوانی دیکە. هۆکاری دووهەمیش پەیوەندیی بە دەرەوە هەیە، بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستێکدا کە گڕی گرتووە و ناوەندەکانی بڕیار بەجددی بیر لە چارەسەر بۆ قەیرانە گەورەکان دەکەنەوە.
لەسەر ئاستی نێوخۆ، ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر کورد پێویستی بە حیکایەتێکی گەورەی کۆکەرەوە لەسەر ئاستی گرووپ هەیە. بەداخەوە بەدرێژایی سەدەی رابردوو و، بەتایبەتیش لە پاش ساڵی 1991ـەوە و بەتایبەتیتریش لە باشووری کوردستان، دابەشبوونەکان هێندە قوڵ و مێژووی و بنچینەیین، تائاستێکی ترسناک رۆحی بوونی کورد وەک گرووپێکی تایبەت و جیاوازیان خستووەتە بەردەم مەترسیی تووانەوەوە. بێگومان لە وتارێکی کورتی وادا ئێمە ناتوانین لەسەر کۆی هۆکارەکان رابووەستین، بەڵام بەلایەنی کەمەوە دەتوانین ئاماژە بەوە بدەین کە، بەبێ بیناکردنی حیکایەتێکی گەورەی وەک مافی چارەی خۆنووسین، کە دەکرێت ببێتە پرەنسیپی کۆکەرەوەی دابەشبوونە بنچینەییەکانی گرووپێکی هەڵوەشاوەی وەک کورد، ئەستەمە پرسی مووچە، بودجە و تەنانەت ستاتووی پێشمەرگە و ناوچە دابڕێنراوەکان و لەوەش زیاتر پرسی نەوت، بتوانێت لەبەرامبەر بەغدا وەک ئەوی دیکە، بوونی کورد بسەلمێنێت. لەسەر ئاستی مەودای مامناوەند، لە 30 ساڵی رابردوودا، ناسیۆنالیزمی کوردی زۆر شتی گەورەی لەدەستدا، لەوانە بەهێزکردنی هەستی پێکەوەبوون و هەستی دابەشکردنی کۆمەڵێک بەها، ئەخلاق و حەرام و حەڵاڵی هاوبەش. ئەگەربێت و لە چەند ساڵی داهاتوودا ناسیۆنالیزمی کوردی لەڕێگەی حیکایەتێکی گەورەی وەک مافی چارەی خۆنووسینەوە و بەشێوەیەکی پراکتیکی پردی متمانە و شانازی بە کوردبوونەوە بینانەکاتەوە، بەدڵنیاییەوە گریمانەی توانەوە و کۆتاییهاتن وەک گرووپێکی جیاواز، لەپێشیەوە رێدەکات.
هەروەها لەسەر ئاستی دەرەوەشدا کورد دەتوانێت، ئەگەر بۆ جارێکیش بووە لە کات و شوێنی گونجاودا بۆ مەوعیدی خۆی لەگەڵ مێژوودا بڕوات. لە دۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، مافی چارەی خۆنووسین دەکرێت چەکێکی یاسایی نێودەوڵەتی بەهێز بێت بەدەست دیپلۆماسییەتی کوردییەوە. مەرج نییە لەم جەنگەدا ئەو چەکە بەکاربێنێت، بەڵام تەبەنیکردنی وەک چەکێکی بەهێزی یاسایی نێودەوڵەتی و سازدانی دیپلۆماسیەتی کوردی بەدەوری ئەم چەکەدا و دواتر بەرهەمهێنانی گوتارێی عەقڵانی لەسەر ئەم مافە نێودەوڵەتییە بۆ قسەکردن لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بایەخێکی ئێجگار گرنگی هەیە. هەر هیچ نەبێت لەسەر ئاستی عێراق، برادەرانی بەغدا تێدەگەن لەوەی بوونی کورد لەنێو عێراق پەیوەندی بە بوونی کەمینەیەکەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە بوونی گەلێکەوە هەیە، کە سەدەیەکە لەپێناو مافی چارەی خۆنووسیندا خەبات دەکات، ئەوەش کە لە ئێستا و ئێرەی عێراقدا هەیە، وەک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکدا گوتی "دوو کیانە لەنێو دەوڵەتێکدا، نەک بوونی زۆرینەیەک کە فەرمانەکانی خۆی بەسەر کەمینەیەکدا فەرزبکات." لێرەوە، زیندووکردنەوەی ئەم گوتارە، کە زیاتر لە سەدەیەکە ناسیۆنالیزمی کوردی شەرعیەتی خۆی لەسەر بیناکردووە، لە ئێستا و ئێرەدا، پێوسیتییەکی وجوودییە بۆ گرووپێکی وەک کورد، کە بەداخەوە لەبەردەم هەڵوەشانەوەی ستراکتۆراڵدایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ