هەڵبژاردنی ئەڵمانیا؛ دژە کۆچبەرەکان لە هەڵکشانن و سۆسیال دیموکراتەکان تووشی دۆڕانێکی مێژوویی بوون

24-02-2025
تەنیا ئەحمەد
نیشانەکردن هەڵبژاردن لە ئەڵمانیا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

پارتە پارێزگارە کریستیانەکانی ئەڵمانیا هەڵبژاردنی پەرلەمانیی یەکشەممەی وڵاتەکەیان بردەوە، پارتێکی راستڕۆی تووندڕۆی دژە کۆچبەریش ریکۆردی شکاند. رێژەی بەشداریکردن 82.5٪ بوو، ئەمەش بەراورد بە هەڵبژاردنی 2021 زیاتر بوو، کە 76.4٪ بوو. رێژەی بەشداریکردنەکە لە ساڵی 1987ـەوە بەرزترینە.
 
ریکۆردی پارتی جێگرەوە
 
پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا (AFD) کە دژە کۆچبەرە و لەلایەن کەسانی دیاری نێو ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پشتگیرییان کرا، توانی 20.8٪ـی دەنگەکان بەدەستبهێنێت، واتە  152 کورسی لەکۆی 630 کورسی، ئەمەش دوو هێندەی دەنگەکانیانە بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشوو. لە ئەڵمانیا 10 ملیۆن و 327 هەزار و 148 کەس دەنگیان بە پارتەکە دا.
 
بەگوێرەی پەیمانگەی راپرسیی (ئینفراتێست)ـی ئەڵمانی، ئەوانەی لە 2021 دەنگیان بە پارتە راستڕۆکە نەدابوو، لەم خولە دەنگیان دا.
 
پارتی AFD لە هەر 299 بازنەکەی هەڵبژاردنی ئەڵمانیا  لە 49 بازنە یەکەم بوون، لە کاتێکدایە لە 2021ـدا لە 17ـیان یەکەم بوون.
 
پارتەکە تەنانەت لەو ناوچانەی پێشتر سەر بە ئەڵمانیای رۆژهەڵات بوون، دەنگیان زیادی کرد. لە هەرێمی ساکسۆنی ئانهاڵت توانی 20٪ زیاتر لە 2021 بهێنێت. لە هەندێک ناوچەی رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا، پارتەکە 46٪ـی بەدەستهێنا.
 
لە بەشی رۆژئاواش لە گێلسنکیرشن کە لە 1949ـوە لایەنگری پارتی سۆسیال دیموکرات بوون، دەنگی زۆریان بەدەستهێنا.
 
هێشتا ئەنجامی کۆتایی رانەگەیێنراوە، بەڵام پارتی جێگرەوە لەدوای کریستیان دیموکراتەکان دووەمە.
 
تاوەکو ئێستا پارتی جێگرەوە هەر لە بەری ئۆپۆزیسیۆنە، پارتەکانی دیکەش بڕیاریانداوە نەهێڵن بێتە نێو حکومەت و دەسەڵاتی نەبێت. ئالیس وایدل، سەرۆکی AFD ئەنجامی هەڵبژاردنەکەی بە "مێژوویی" ناوبرد و گوتی، ئەوان ئامادەن لەگەڵ کریستیانەکان حوکمڕانیی ئەڵمانیا بکەن.
 
پارتی AFD لەلایەن نزیکەکانی ترەمپەوە، لەوانەش ئیلۆن مەسک، پشتیوانی لێکرا. مەسکی ملیاردێر گوتی: "ئەوان تاکە پارتن کە بتوانن ئەڵمانیا رزگار بکەن."
 
جەماوەریبوونی پارتە تووندڕۆکە لە کاتێکدایە، زنجیرەیەک هێرشی خوێناوی بەرۆکی ئەڵمانیای گرتووە، زۆربەشیان لەلایەن پەناخوازانەوە کراون. لە مانگی کانوونی یەکەمی پار، ئۆتۆمبێلێک خۆی بە نێو بازاڕێکی کریسمسدا کرد، شەش کەسی کوشت و دەیانی بریندار کرد. شوفێرەکەش سعودی بوو.
 
هێرشی زیاتر کران، ئەفغانستانییەک بە چەقۆ پیاوێک و منداڵێکی کوشت؛ ئەفغانستانییەکی دیکەش بە ئۆتۆمبێل لە میونشن خۆی بەنێو خەڵکدا کرد.
 
رۆژی هەینیش، سووریاییەک بەگوتەی پۆلیس، ویستبووی چەند جووێک بکوژێت، پێش دەستگیرکردنیشی بە چەقۆ چەند گەشتیارێکی ئیسپانی بریندار کرد.
 
دۆڕانی مێژوویی SPD
 
پارتی سۆسیال دیموکرات (SPD) کە حکومەتی ئێستای ئەڵمانیا بە هاوپەیمانێتی بەڕێوەدەبات و ئۆلاف شۆڵتز راوێژکارە، ئەنجامی خراپی بەدەستهێنا. شۆڵتز داوای لێبووردنی کرد و ئەنجامەکەی بە "دۆڕانێکی تاڵ" وەسفکرد. پارتەکە لە هەموو بازنەکانی هەڵبژاردن ژمارەکانیان کەمیکرد.
 
پارتی SPD بە 16.4٪ لە پلەی سێیەمە لە کاتێکدا لە 2021ـدا 25.7٪یام هێنابوو. سۆسیال دیموکرات کۆنترین پارتی ئەڵمانیایە و لە جەنگی دووەمی جیهانییەوە ئەمە خراپترین ئەنجامی هەڵبژاردنیان بووە.
 
لە ئەڵمانیا 3.8 ملیۆن کەس دەنگیان بە پارتە چەپە میانڕۆکە دا. بەگوێرەی پەیمانگەی ئینفراتێست، 1.8 ملیۆن کەس لە بری SPD دەنگیان بە پارتی کریستیان دیموکرات CDUـدا کە ئێستا یەکەمن. 
 
پارتەکە 11 بازنەیان بە کریستیانەکان دۆڕاند، لەکاتێکدا لەماوەی 20 ساڵی رابردوو لەو بازنانە پێشەنگ بوون.
 
لە کۆی 32 بازنەی هەڵبژاردن ئاراستەیان لە SPDـوە بۆ AFD گۆڕی.
 
پارتی سۆسیال دیموکرات 120 کورسییان بەدەستهێناوە و پێنج ملیۆن و 761هەزار و 284 کەس دەنگی پێدان.
 
بردنەوەی کریستیانە پارێزگارەکان
 
هاوپەیمانیی سۆشیال کریستیان و کریستیان دیموکراتەکان CDU/CSU 28.5٪ـیان بەدەستهێنا، کە یەکسانە بە 208 کورسی، ئەمەش دوای ئەوەی 14ملیۆن و 158 هەزار و 432 کەس دەنگیان بە هاوپەیمانێتییەکە دا.
 
کریستیانەکان لە 217 بازنەی هەڵبژاردن یەکەم بوون، ئەمەش دوو هێندەی ئەو بازنانەن کە لە 2021 بردیانەوە.
 
ئەوان هەروەها توانییان لە دوو لەسەر سێی بازنەکان پێش سۆسیال دیموکراتەکان بکەونەوە.
 
هەردوو پارتەکە توانییان 1.8 ملیۆن دەنگی SPD و 1.4 ملیۆن دەنگی لیبراڵەکان FDP ببەن، ئەمە جگە لە بەدەستهێنانی دەنگی 900 هەزار کەس کە لە 2021 دەنگیان نەدابوو؛ بەڵام یەک ملیۆن دەنگیشیان بە پارتی جێگرەوە دۆڕاند.
 
ئێستا فرێدریش مێرتز، سەرۆکی هاوپەیمانێتییەکە بەهێزترین بەربژێرە بۆ پۆستی راوێژکاری ئەڵمانیا.
 
مێرتز رکابەرێکی لەمێژینەی نێوخۆی ئەنگێلا مێرکل، راوێژکاری پێشووی ئەڵمانیایە، کە هەرچەندە لە هەمان پارتبوون، بەڵام هەرگیز نەیتوانی لێی بباتەوە.
 
سیاسەتڤانە 69 ساڵە پارێزگارەکە بەڵێنیداوە کۆچی نایاسایی کۆنتڕۆڵ بکات. پێش ئەوەی مێرتز پۆستی راوێژکار وەرگرێت، پێویستە حکومەتێکی هاوپەیمان پێکبهێنێت. بەڵێنی داوە تاوەکو 20ـی نیسان ئەو کارە تەواو بکات. ئەمەش هەڕەشە لە ئیفلیجبوونی بەرلین بۆ چەند هەفتەیەک دەکات، چونکە ئیدارە نوێکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا خەریکن سیناریۆی سیاسەتی پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ جیهان، ئەورووپا و بەتایبەت ئۆکراینا دەگۆڕن.
 
دوای راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکان، مێرتز گوتی: "جیهانی دەرەوە چاوەڕێی ئێمە ناکات، چاوەڕێی گفتوگۆ دوور و درێژەکانی پێکهێنانی هاوپەیمانی ناکات. پێویستە بە زووترین کات حکومەت پێکبهێنرێت."
 
بۆ ئەوەی هاوپەیمانی پێکبهێنێت، چاوەڕێ دەکرێت مێرتز پەیوەندیی بە سۆشیال دیموکراتەکان SPD بکات، بەڵام بەبێ شۆڵتز.
 
پێشبینی دەکرێت مێرتز بانگی سەوزەکانیش بکات، کە تاوەکو ئێستا 90 کورسییان بەدەستهێناوە، بەڵام پارتی CSU کە هاوپەیمانی مێرتزە، ئەمەی رەتکردووەتەوە.
 
هەر پارت و هاوپەیمانێتییەک نەتوانێت 5٪ـی دەنگەکان بەدەستبهێنێت، ناتوانێت بچێتە نێو پەرلەمان کە بە (بوندێستاگ) ناسراوە، بۆیە داهاتووی پارتە بچووکەکانی نێو پەرلەمانەکە نادیارە.
 
یەکێک لەو پارتانە دیموکراتە ئازادەکانن (FDP) کە پارتێکی لیبراڵە و 4.3٪ـیان بەدەستهێناوە، ئەمەش واتا سفر کورسی. پێشبینی دەکرێت پارتە لیبراڵەکە ئامانجێکی دیکەی مێرتز بێت بۆ پێکهێنانی حکومەت.
 
ئەنجامی کۆتایی لەلایەکی دیکە، دەکەوێتە سەر ژمارە و کورسیی پارتە چەپە تووندڕۆکان. پارتی چەپ (Die Linke) 64 کورسی مسۆگەر کردووە و هاوپەیمانی سارا واگنکنێشت BSW نزیکە بەربەستی 5٪ تێپەڕێنێت.
 
ئەو هەڵبژاردنە پێشوەختە گرنگەی ئەڵمانیا لە کاتێکدایە، پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئەورووپا ساردییان پێوە دیارە، ئەمەش دوای ئەوەی ئیدارەی ترەمپ بە شێوەیەکی راستەوخۆ چوونە نێو دانوستاندنەکانی رووسیاوە. ئێستا وڵاتانی ناتۆ لە ئەورووپا، بەتایبەت ئەڵمانیا، نیگەرانی داهاتووی هاوپەیمانێتییەکەن.
 
هەڕەشەی زیاتر لە ئەمریکاوە دێت، کە هاوپەیمانێکی لەمێژینەی ئەڵمانیایە، ئەمە ئەگەر ترەمپ بڕیار بدات جەنگی بازرگانی رابگەیێنێت، زیاتر برینە ئابوورییەکانی ئەو وڵاتە، کە گەورەترین ئابووریی ئەورووپایە، دەکولێنەوە.
 
مێرتز لە دوایین بانگەشەی هەڵبژاردنی لە میونشن گوتی، یەکێتیی ئەورووپا مەرجە تووند و خۆڕاگر بوەستێت، بۆ ئەوەی شوێنی لەسەر هەمان مێزی زلهێزە جیهانییەکاندا ببێتەوە.
 
لە کاتێکدا خۆری AFD لە هەڵاتندایە، مێرتز باسی ئەوەیکرد حکومەتی داهاتوو پێویستە کار لەسەر نیگەرییەکان بکات؛ هۆشداریشی دا، ئەگەر وانەبێت، پارتی جێگرەوە لە هەڵبژاردنی داهاتوو یەکەم دەبێت.
 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە