نەتەنیاهوو ترەمپ دەبینێت؛ گومرگ، ئێران و غەززە پرسی سەرەکین

07-04-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە ئەمریکایە و بڕیارە ئەمڕۆ لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە. 
 
چاوەڕوان دەکرێت لەو کۆبوونەوەیەدا باسی پێناسە گومرگییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئیسرائیل و زیادبوونی گرژییەکان لەگەڵ ئێران بکەن. نەتەنیاهوو دەبێتە یەکەم سەرۆک لە دوای سەپاندنی پێناسەکانەوە لە پایتەختی ئەمریکا لەگەڵ ترەمپ کۆببێتەوە.
 
ترەمپ چوارشەممەی رابردوو رێکارە ئابوورییەکەی لە دژی زۆربەی وڵاتان گرتەبەر. 
 
نەتەنیاهوو کە بە تۆمەتی تاوانی جەنگی و جینۆساید لە غەززە لەلایەن باڵاترین دادگەی جیهانەوە داواکراوە، راستەوخۆ لە هەنگاریاوە گەیشتە واشنتن، ئامانجی ئاشکراکراوی سەرەکیی سەردانەکەی ئەوەیە، ترەمپ رازیبکات لە بڕیارەکە پاشگەز ببێتەوە، یان لانیکەم ئەو پێناسە گومرگییەی بە رێژەی 17٪ بەسەر هاوردەی ئیسرائیلدا سەپێنراوە، پێش ئەوەی کاری پێبکرێت، کەم بکرێتەوە.
 
نەتەنیاهوو پێش ئەوەی بوداپێست بەجێبهێڵێت رایگەیاند، گفتوگۆکانی لەگەڵ ترەمپ زنجیرەیەک پرس لەخۆدەگرن، لەوانە: ئەو گومرگەی کە بەسەر ئیسرائیلدا سەپێنراوە.
 
نەتەنیاهوو لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "من یەکەم سەرکردەی نێودەوڵەتیم، یەکەم سەرۆکی بیانیم کە لەگەڵ سەرۆک ترەمپ کۆدەبمەوە لەسەر بابەتێک کە بۆ ئابووریی ئیسرائیل زۆر گرنگە." هەروەها، "پێموایە ئەمە رەنگدانەوەی پەیوەندییە تایبەتە کەسییەکان و پەیوەندیی بێهاوتای نێوان ئەمریکا و ئیسرائیلە، کە لەم کاتەدا زۆر گرنگە."
 
بەشێک لە شرۆڤەکاران پێیانوایە نەتەنیاهوو هەوڵدەدات ئیسرائیل لە پێناسی گومرگ رزگار بکات.
 
جۆناتان راینۆڵد، سەرۆکی لێکۆڵینەوە سیاسییەکان لە زانکۆی بار ئیلان لە تەلئەڤیڤ دەڵێت، "پەلەکردن لە سەردانەکە بۆ وەستاندنی [پێناسی گومرگی] پێش ئەوەی کاری پێبکرێت، واتای هەیە."
 
ئاماژەی بەوەش کرد، بەخشینی ئیسرائیل لە گومرگەکان نەک تەنیا سوود بە هاوپەیمانی نزیکی ترەمپ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەگەیێنێت، بەڵکو دڵی کۆمارییەکان لە کۆنگرێسیش خۆش دەکات، ئەوانەی دەنگدەرەکانیان گرنگی بە ئیسرائیل دەدەن، بەڵام ئامادە نین لەم خاڵەدا رووبەڕووی ترەمپ ببنەوە. 
 
ئیسرائیل هەوڵیدا خۆی لە پێناسە گومرگییە نوێیەکە بەدووربگرێت و رۆژێک پێش هەنگاوەکەی ترەمپ پێشوەختە هەموو پێناسەکانی لەسەر هاوردەی ئەمریکی هەڵگرت.  
 
بەڵام ترەمپ هەر سیاسەتی نوێی خۆی جێبەجێکرد و گوتی، ئەمریکا کورتهێنانی بازرگانیی بەرچاوی لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە، لە کاتێکدا ئیسرائیل سوودمەندی سەرەکیی یارمەتییە سەربازییەکانی ئەمریکایە.
 
ئاگربەستی غەززە
 
یانای سپیتزەر، پرۆفیسۆری ئابووری لە زانکۆی عیبری دەڵێت: "سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ ئەمریکا رێگەیەکە بۆ نەتەنیاهوو بۆ ئەوەی یارییەکە بکات و بە ترەمپ نیشان بدات کە ئیسرائیل بە گوێرەی ئەو دەڕوات."
 
دەشڵێت، "سەرم سوڕ نامێنێت ئەگەر هەندێ سازش بۆ ئیسرائیل بکرێن و ئەمە دەبێتە نموونە بۆ وڵاتانی دیکە."
 
نوسینگەکەی رایگەیاند، نەتەنیاهوو هەروەها باسی جەنگی غەززە، بارمتە و ئێران دەکات.
 
ئیسرائیل لە 18ی ئادار دەستی بە هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر غەززە کردەوە و ئاگربەستی پێشێلکرد کە بە نێوەندگیریی ئەمریکا، میسر و قەتەر لەگەڵ حەماس راگەیێندرابوو.
 
لەو کاتەوە هەوڵەکان بۆ چالاککردنەوەی ئاگربەستەکە شکستیان هێناوە. بەپێی وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە، زیاتر لە هەزار و 330 کەس لە نوێترین هێرشە ئاسمانی و زەوینییەکانی ئیسرائیلدا کوژراون کە بەشی هەرە زۆریان ژن و منداڵن.
 
هێشتا 58 بارمتەی ئیسرائیلی لەلایەن چەکدارانی فەلەستینی لە کەرتی غەززە دەستبەسەرکراون، 34 لەوانە بە مردوویی. سەبارەت بە ئێران، ترەمپ پێداگری لەسەر "گفتوگۆی راستەوخۆ" لەگەڵ تاران دەکات بۆ ئەوەی رێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی واژۆ بکەن.
 
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی یەکشەممە گوتی، گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ واشنتن "بێواتایە".
 
یەکێک لە ئەگەرەکان کە ئیسرائیل بە دووری نازانێت، ئەوەیە کە بە یارمەتیی ئەمریکا، هێرش بکاتە سەر دامەزراوەکانی ئێران ئەگەر هیچ رێککەوتنێک بەدەست نەهێنرێت.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شوێنی هێرشەکە. وێنە: AFP

ترەمپ لە بارەی هێرشێکی ئاسمانیی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا: زۆر خراپە

سەرۆکی ئەمریکا هێرشێکی مووشەکی بۆسەر ئۆکراینا بە "زۆر خراپ" ناودەبات، بەڵام ئامادە نییە رووسیا تۆمەتبار بکات. سەرۆکی ئۆکرایناش داوای لێ دەکات، سەردانی وڵاتەکەی بکات، بچێتە شوێنی هێرشەکە و وێرانکارییەکە ببینێت