سیاسەتڤانێکی کورد لە ئەڵمانیا: هیوادارم پارتە دیموکراتەکان لەگەڵ نەژادپەرستەکان نەبنە هاوپەیمان

23-02-2025
پەیام سەربەست
پەیام سەربەست @paya_m_
ئەو سیاسەتڤانە هیوا دەخوازێت کورد لەگەڵ کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان پەیوەندی دروست بکات.
ئەو سیاسەتڤانە هیوا دەخوازێت کورد لەگەڵ کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان پەیوەندی دروست بکات.
نیشانەکردن هەڵبژاردن لە ئەڵمانیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

غەیاسەدین سەیان ، سیاسەتڤانێکی بە ئەزموونی ئەڵمانیایە، ئەم رۆژانەی بێ خوێندنەوەی هەواڵەکانی هەڵبژاردنی ئەڵمانیا بەڕێناکات. ئەو سیاسەتڤانە 75 ساڵە، خەڵکی مووشی باکووری کوردستانە، لە ساڵی 1995 تاوەکو 2012 پەرلەمانتاری پەرلەمانی هەرێمی بەرلین بووە لەسەر لیستی چەپ و ئەندامی سەرۆکایەتیی کۆماریش بووە.
 
غەیاسەددین سەیان، لەبارەی خێزانەکەیەوە دەڵێت، "من لە خێزانێکی سیاسیم، بنەماڵەکەم لە مووش لە شەڕی لە پارتی ئازادی لە نێوان ساڵانی 1926 و 1927، خێزانەکەمیان دەستگیر کرد، 5 ساڵ لە ئیزمیر دەستگیرکران."
 
لە 21 ساڵیدا چارەنووسی غەیاسەدین کەوتە بەرلین و بە یەکجاری نەگەڕایەوە نیشتمان، دوای 24 ساڵ مانەوە لە شارەکە سەر و سەودای سیاسەت لە سەری دەدات و دیبلۆمی لە سیاسەت وەرگرت، پاشان بوو بە یەکەم پەرلەمانتار خۆی بە کورد بزانێت و بۆ دۆزی کورد لە ئەڵمانیا تێبکۆشێت. ئەو لە سەردەمی خۆیدا بوو بە پردێکی پەیوەندی و لۆبی بۆ کورد لە وڵاتەکە.
 
غەیاسەدین لەبارەی سیاسەتی ئەورووپاوە باس لەوە دەکات، "لەسەر سیاسەتی ئەورووپا من زۆر کارم کردووە، هیوادارم کورد پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکانی وەکو یەکێتیی ئەورووپا، ناتۆ و لە هەموو کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان کورد جێگەی خۆی بگرێت."
 
دکتۆر ئەندریا سەیان، هاوژینی غەیاسەدینە، پەیامنێری رووداو لەبارەی کاتی یەکترناسینیان لەگەڵ غەیاسەدین پرسیاری لێدەکات.
 
رووداو: کەی بۆ یەکەم جار یەکتان بینی؟
ئەندریا سەیان: پێم وابێت 21 ساڵ لەمەوبەر.
رووداو: 21 ساڵ پێش ئێستا؟ ئەوکات لە پەرلەمان نەبوو راستە؟
ئەندریا سەیان: با لەوێ بوو، ئەو چالاک بوو ئەوکاتە.
 
غەیاسەدین سەیان لەبارەی گرنگیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەڵمانیاوە دەڵێت، "بۆچی ئەم هەڵبژاردنە زۆر گرنگە؟ لە ژیانی ئەڵمانیا رۆڵێکی گەورەی هەیە، هیوادارم دوای هەڵبژاردن پارتییە سیاسییە دیموکراتەکان لە (CDU) تاوەکو سەوزەکان، سۆسیال دیموکرات و چەپ لەگەڵ پارتی نەژاد پەرست هاوپەیمانی دروست نەکەن."
 
بە قسە کردن لەگەڵ غەیاسەدین بە تەواوی تێدەگەیت سیاسەتی وڵاتێکی وەکو ئەڵمانیا دەکرێت چ کاریگەرییەکی هەبێت لەسەر شوێنێکی وەکو هەرێمی کوردستان کە هەزاران کیلۆمەتر لێیەوە دوورە.
 
 سیاسەتڤانەکە لەبارەی بوونی کورد لە ئەورووپاوە ئاماژە بەوە دەکات، "بۆ دیاسپۆرا کورد پێویستە، کوردی دیاسپۆرا لە دیاسپۆرا دەمێننەوە و منداڵیان دەبێت و لە دیاسپۆرا گەورە دەبن و ئەوانیش منداڵیان دەبێت. لە دوو نەوەیدیکە ئەگەر خۆیان لێ نەکەیت بە خاوەن ون دەبن. واتا تێکەڵ دەبن و دەبنە ئەڵمان، دەڵێن پشتمان کورد بوو بەم شێوەیە، پەیوەندییان بە کورد و کوردستان نامێنێت، بۆیە پێویستە ئەو کەسانە بخرێنە کار و رێکخراوێکی گەورە دروستببێت. دەزگایەکی کەمینە نەتەوە دروستبکەین. دەبێت کۆمەڵە، ئەرشیف و قوتابخانەی منداڵانی خۆمان درووستبکەین."
 
هەرچەندە غەیاسەدین خانەنشینە، بەڵام لە سیاسەت دوورناکەوێتەوە، لەکوێ خۆپێشاندان بۆ دیموکراسی یاخود پرسی کورد هەبێت، لەو شوێنە ئامادە دەبێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە