رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت داوا لە سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا دەکات، رێکاری زیاتر بگرێتەبەر بۆ پاراستنی کۆمپانیا ئەلیکترۆنییە ئەمریکییەکان، لە هێرشە سایبیرییەکانی رووسیا، چین و ئێران.
رۆژی پێنجشەممە 22ی تشرینی دووەمی 2024، براد سمیس، سەرۆکی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت رایگەیاند، پێویستە پرسی ئاسایشی ئەلیکترۆنی و سایبیری شیاوی زیاتری باسکردن بن، لەو پرسانەی لەسەر ئاستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان هەن. داواشی لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژاردراوی ئەمریکا کرد، لەو پرسەدا "پەیامێکی بەهێز" بۆ جیهان بنێرێت.
سەرۆکی مایکرۆسۆفت هیوای خواست، ئیدارەی ترەمپ رێکاری تووندتر دژی هێرشە سایبیرییەکان، کە لەلایەن وڵاتانەوە سپۆنسەر دەکرێن، بگرێتەبەر، بەتایبەتی لەوانەی لەلایەن وڵاتانی رووسیا، چین و ئێرانەوە دەکرێن.
لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، هێرشە سایبیرییەکان بۆ سەر پێگە تایبەتەکانی بەرپرسان و سیاسەتڤانان و بازرگانانی ئەمریکی زیادیکردووە. براد سمیس لەوبارەیەوە گوتی: "هەندێک لەو هێرشانە لەلایەن حکومەتی رووسیاوە، پاڵپشتی و کارئاسانیان بۆ کراوە".
هەفتەی رابردوو، ئاژانسە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا، چینیان تۆمەتبار کرد بەوەی پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە سەرەتای ئەم مانگەدا، هەڵمەتێکی سایبیری و سیخوڕیکردنیان دەستپێکردووە بەوەی دزە بکەنە نێو سیستمی ژمارەیەک لە کۆمپانیاکانی مۆبایل و پەیوەندیکردنی ئەمریکی.
ئەو بەرپرسەی مایکرۆسۆفت روونیکردەوە، ئیدارەی بایدن لە چوار ساڵی رابردوودا، هەنگاوی گەورەی هاویشتووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو هێرشە سایبیریانە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا گوتی: "پێویستە هەنگاوی زیاتر بهاوێژرێن بەتایبەتی لە رێگریکردن لە هێرشی ئەلیکترۆنی وڵاتانی دیکە".
توێژینەوەیەکی ئەمدواییەی کۆمپانیای مایکرۆسۆف، ئاشکرای کردووە بەکارهێنەرانیان رۆژانە رووبەڕووی 600 ملیۆن هێرشی سایبیری دەبنەوە، کە لەلایەن گرووپە هاککەرەکانەوە دەکرێن.
مانگی ئەیلوولی رابردوو، سمیس چووە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا ناسراو بە "سینات" و لەوێ رایگەیاند، وڵاتانی وەکو رووسیا، چین و ئێران ئەم ساڵ هێرشە ئەلیکترۆنییەکانیان لە سەرانسەری جیهان فراوان کردووە، ئەمەش بە ئامانجی دروستکردنی کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەکانی وڵاتان و لەنێویشیان هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ