رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئەڵمانیا بە هاوکاریی دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل، 24 هاووڵاتیی خۆی و خێزانەکانیانی لە غەززە بردە دەرەوە.
رۆژی چوارشەممە 16-04-2025 گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند: "دوای چەندین مانگ لە گیربوونیان لە غەززە، گرووپێکی 24 کەسی نئەڵمانی و خێزانەکانیانمان بردە دەرەوە."
ئەو گوتەبێژە رایگەیاند، پرۆسەکە بە هاوئاهەنگیی حکومەتی ئیسرائیل بووە.
بەگوێرەی زانیارییە فەرمییەکان، ئەو گرووپە بە پاس لە غەززەوە براونەتە ئوردن و لەوێشەوە بە فڕۆکە دەچنەوە ئەڵمانیا.
زووتر کریستیان واگنەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، نزیکەی 24 کەس لە کەرتەکە دەبرێنە دەرەوە.
واگنەر گوتی: "کەمتر لە 10 ئەڵمانی لە غەززە ماون و حکومەت ئاگاداریانە، هیوادارین ئەوانیش بێنە دەرەوە."
ئەمە سێیەم جارە حکومەتی ئەڵمانیا هاووڵاتییەکانی لە کەرتی غەززە دەباتە دەرەوە. تاوەکو ئێستا ئەڵمانیا 700 هاووڵاتیی خۆی و خێزانەکانیانی لە غەززە بردوونەتە دەرەوە.
سەرەتای ئەم مانگە ئەڵمانیا رایگەیاند، 19 هاووڵاتیی ئەڵمانی و 14 کەس لە کەسوکاریان لە غەززە برانە دەرەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ