رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی پۆڵەندا دەڵێت، بەهۆی "هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی کاری تێکدەرانە" لەنێو وڵاتەکەی، فەرمانی داخستنی کۆنسووڵخانەی رووسیای لە شاری پۆزنان داوە. رووسیاش دەڵێت، وەڵامی بۆ "دوایین هەنگاوی دووژمنکارانە"ی پۆڵەندا دەبێت.
رۆژی سێشەممە 22-10-2024 رادۆسلاو سیکۆرسکی، وەزیری دەرەوەی پۆڵەندا رایگەیاند، "زانیاریم هەیە کە رووسیا لەپشت هەوڵەکانی تێکدانەوەیە لە پۆڵەندا و وڵاتە هاوپەیمانەکان، لەبەرئەوەش بڕیاری کشاندنەوەی مۆڵەتی خۆمم بۆ کارکردنی کۆنسووڵخانەی رووسیا لە شاری پۆزنان دا."
هەروەها سیکۆرسکی گوتیشی، لە "رۆژانی داهاتوودا" کۆنسووڵخانەکە دادەخرێت و ستافەکەیشی بە قبووڵنەکراو لەلایەن حکومەتی وڵاتەکەیەوە هەژمار دەکرێن.
وەزیری دەرەوەی پۆڵەندا باسی لەوەش کرد، ئەگەر رووسیا لە کارە "تێکدەرانەکەی" بەردەوام بێت، وەزارەتەکە مافی خۆیەتی "هەنگاوی یەکلاییکەرەوەی زیاتر بگرێتەبەر."
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا دوای بڕیارەکە قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی، وەڵامی "دوایین هەنگاوی دووژمنکارییانە"ی پۆڵەندا دەدەنەوە.
رووسیا، جگە لە باڵیۆزخانەکەی لە وارشۆی پایتەختی پۆڵەندا، چوار کۆنسووڵخانەی لەو وڵاتە هەیە.
پۆڵەندا لە ماوەی رابردوودا چەندین جار رووسیای بە هەوڵدان بۆ کاری "تێکدەرانە" و "ناسەقامگیرکردن"ی وڵاتەکەی تۆمەتبار کردووە.
لە کانوونی یەکەمی 2023 پۆڵەندا 14 هاووڵاتیی رووسیا، ئۆکراینا و بێلاڕووسی بە تۆمەتی ئەنجامدانی کاری "تێکدەرانە" بۆ رووسیا دەستگیر کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ