شاندێکی دەم پارتی لەگەڵ رووسەکان کۆبوونەوە

11-04-2025
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

شاندێکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان - دەم پارتی لەگەڵ یاریدەدەرانی وەزیری دەرەوەی رووسیا کۆبوونەوە.
 
کۆبوونەوەکان رۆژی پێنجشەممە 10ی نیسانی 2025 بە جیا لەگەڵ هەریەک لە ئەلێکساندەر ڤی گروشکۆ و میخائیل ئێڵ بۆگدانۆڤ لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا کراون.
 
دەم پارتی رۆژی پێنجشەممە 10ی نیسان لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، شاندەکەیان کە پێکهاتووە لە ئەبرو گونای، بەرپرسی کۆمسیۆنی پەیوەندییەکانی دەرەوە؛ یاریدەدەری هاوسەرۆکانی دەم پارتی، محەممەد روشتوو تراکی یاریدەدەری هاوسەرۆکان و بەرپرسی دەستەی ئیدارە ناوچەییە دیموکراتەکان؛ ساروهان ئۆڵوچ، هاوگوتەبێژی کۆمیسیۆنی ئابووری و گوڵستان کلچ، کۆچیغیت بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لە مۆسکۆ درێژە بە دیدارەکانیان دەدەن.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە دیداری شاندی دەم پارتی و گروشکۆ، پێشهاتەکانی ئەورووپا و ئەمریکا، پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و رووسیا، پێشهاتە سیاسییەکانی تورکیا و کاریگەرییەکانی بانگەوازی ئاشتیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە سەبارەت بە سیاسەتی لە ناوخۆ و دەرەوە، لە دیدارەکەدا تاوتوێ کراون.
 
هەروەها لە دیداری شاندی دەم پارتی لەگەڵ بۆگدانۆڤ، دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی لە سووریا و عێراق، دوایین هەنگاوەکان بەرەو چارەسەری دیموکراسیانەی پرسی کورد، ئەو دەرفەتانەی بەهۆی بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان رەخساوە، هەروەها ئەزموونی ئیدارە ناوچەیی و ناوخۆییەکانی فیدراسیۆنی رووسیا گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
 
شاندەکەی دەم پارتی لە هەشتی نیسان سەردانی رووسیایان کرد. پێشتر دەم پارتی رایگەیاند، شاندەکەیان رۆژی پێنجشەممە کۆبوونەوەکانیان لە رووسیا تەواو دەکەن و دەگەڕێنەوە بۆ تورکیا. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە