ترەمپ فڕۆکەیەکی شەڕکەری نوێ رادەگەیێنێت

22-03-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پێدەچێت دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا نەوەی داهاتووی فڕۆکەی شەڕکەری وڵاتەکەی بە ناوی خۆیەوە کردبێت. 
 
دۆناڵد ترەمپ، 47ـەمین سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دەستەوارەیەکی بە کۆمپانیای بۆینگ داوە بۆ ئەوەی فڕۆکەی جەنگیی F-47 بۆ هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەی دروست بکات. 
 
دروستکردنی ئەم فڕۆکە شەڕکەرە لە چوارچێوەی بەرنامەیەکدا دێت کە پێی دەگوترێت "بەرنامەی باڵادەستیی ئاسمانیی نەوەی داهاتوو". 
 
فڕۆکەکە دەبێتە شوێنگرەوەی فڕۆکەی F-22 Raptor کە لایەن کۆمپانیای لۆکهید مارتن دروستکرابوو. 
 
F-47  فڕۆکەواندار دەبێت؛ بە جۆرێک دروست دەکرێت پێکەوە لەگەڵ درۆنەکان لە یەک کاتدا شەڕ بکات. 
 
ئەمریکا، شێوە و تایبەتمەندی و تواناکانی فڕۆکەکەی بە نهێنی هێشتووەتەوە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت فڕۆکەیەکی راداربەزێن (شەبەح) بێت، واتە رادارەکان هەستی پێنەکەن، هەروەها بەرزترین ئامێری هەستەوەری تێدا بەکاربهێنرێن و ئاستبەرزترین بزوێنەری هەبێت. 
 
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان قسەی زۆر لەسەر ئەوە دەکرێت، گوایە ترەمپ لەبەر خۆی ئەو ناوەی لە فڕۆکەکە ناوە، بەڵام ئەو بە رۆژنامەڤانانی گوت: "فڕۆکەکە بە F-47 دەناسرێت، جەنەڕاڵەکان ئەو ناوەیان هەڵبژاردووە."
 
ترەمپ لە نووسینگەی سەرۆکەوە گوتی: "بڕیاری خەرجکردنی پارەیەکی گەورەمان داوە. ناتوانین نرخەکەیتان پێبڵێین. هاوپەیمانەکانمان بەردەوام تەلەفۆن دەکەن. ئەوانیش دەیانەوێت بیکڕن."
 
بە گوتەی سەرۆکی ئەمریکا، هێشتا بڕیاریان نەداوە فڕۆکەکە بە دەرەوە بفرۆشن، بەڵام دەکرێت بیری لێ بکەنەوە. 
 
لە نێو هێزی ئاسمانیی ئەمریکا دا، نەریت وایە فڕۆکەی جەنگیی شەڕکەر لە پێشگری (F) و ژمارەیەک پێکدێت، کە بە گشتی دەکاتە ریزبەندی دروستکردنی فڕۆکەکە، بەڵام سیستمی ناونانەکە هەندێ هەڵاوێردنی تێدایە. 
 
ئەو 35ـەی لە ناوی F-35 دایە، بە گوێرەی ریزبەندی نییە و لە لایەن جەنەڕاڵ مایک هۆو، بەڕێوەبەری بەرنامەی دروستکردنی فڕۆکەوە بۆی هەڵبژێردرا. ئەگەر بە گوێرەی ریزبەندی بوایە، دەبوو ناوی فڕۆکەکە F-24 بوایە. 
 
توانا چاوەڕوانکراوەکانی F-47
 
- مەودای فڕینی زیاتر: چاوەڕێ دەکرێت F-47 بتوانێت بۆ ماوەیەکی زیاتر لە ئاسمان بمێنێتەوە بەراورد بە فڕۆکەکانی نەوەی پێنجەم. ئەمەش بوار بە سوپای ئەمریکا دەدات قووڵتر سنووری ئاسمانی رکابەرەکانی ببڕێت بێ ئەوەی زوو پێویستی بە پڕکردنەوەی سووتەمەنی بێت. 
 
- راداربەزێنی پێشکەوتووتر: فڕۆکەکە نوێترین تەکنەلۆژیای ئاستبەرزی خۆدزینەوە لە رادەرەکانی تێدا دەبێت بۆ ئەوەی لە لایەن دووژمنەوە نەدۆزرێتەوە و بتوانێت لە ناوچە سەختەکانی جەنگ بە ئاسانی رزگاریبێت. 
 
- باڵادەست لە جووڵانەوە: چاوەڕواندەکرێت فڕۆکەکە بە جۆریک دروستبکرێت کە لە جووڵانەوە و خێرایی گۆڕینی ئاراستە و رێڕەو بەرامبەر رکابەرەکانی گورجوگۆڵتر بێت. 
 
- پێکەوەبەستنی لەگەڵ درۆنەکان: F-47 وەک سەکۆی ناوەندی لە نێو کۆمەڵێک درۆندا کاردەکات و هاوئاهەنگییان لەگەڵدا دەکات. درۆنەکان لە چەند روویەکەوە یارمەتیی فڕۆکە شەڕکەرەکە دەدەن، لەنێویاندا جەنگی ئەلیکترۆنی و کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری، بەوەش تواناکانی چەند هێندە زیاتر دەبن. 
 
- هەستەوەری پێشکەوتوو: فڕۆکەکە چەندین ئامێری هەستەوەری پێشکەوتوو و ئامێری شیکارکردنی داتاکانی تێدا دەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت لە ماوەیەکی کەمدا بڕێکی گەورەی زانیاری کۆبکاتەوە و بەرچاوڕوونی بە فڕۆکەوانەکان بدات. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە