وەزیری بەرگریی ئۆکراینا: دانوستاندنەکانی ریاز بەرهەمدار بوون

24-03-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری بەرگریی ئۆکراینا رایگەیاند، دانوستاندنی نێوان شاندەکانی ئەمریکا و ئۆکراینا لە ریازی پایتەختی سعودیە "بەرهەمدار و تێروتەسەل" بوون.
 
رۆستەم ئومێرۆڤ، وەزیری بەرگریی ئۆکراینا ئاماژەی بەوە کرد، دانوستاندنەکانی رۆژی یەکشەممە کۆتاییان هات، دوای ئەوەی تێیاندا "خاڵە هەرە سەرەکییەکان، لەوانەش وزە" تاوتوێ کران.
 
ئومێرۆڤ کە سەرکردایەتیی شاندی ئۆکراینای دەکرد، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس جەختی کردەوە، ئامانجی ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا "دەستەبەرکردنی ئاشتییەکی دادپەروەرانە و درێژخایەنە" بۆ ئۆکراینا و ئەورووپا بەگشتی. گوتیشی، "کار دەکەین بۆ ئەوەی ئەم ئامانجە بەدیبێنین."
 
جگە لە ئومێرۆڤ، شاندی ئۆکراینا لە ئەلێکساندەر کاراسیڤیچ، سکرتێری وەزارەتی دەرەوەی ئۆکراینا؛ پاڤڵۆ پالیسا و ئیگۆر ژۆڤکڤا، جێگرانی سەرۆکی نووسینگەی سەرۆکایەتی و میکۆلا کۆلیسنیکی، جێگری وەزیری وزە پێکهاتبوون.
 
پالیساش پشتڕاستی کردەوە کە شاندی ئۆکراینا لە ریاز لەگەڵ شاندی رووسیا کۆنابێتەوە.
 
ئێوارەی یەکشەممە، زیلینسکی گوتی، گفتوگۆی نێوان شاندەکانی ئۆکراینا و ئەمریکا "زۆر بەرهەمدار" بوون؛ هەروەها داوای لە هەموو لایەنەکان کرد بەردەوام بن لە گوشارخستنەسەر رووسیا بۆ ناچارکردنی بە گەیشتن بە ئاگربەستێکی "راستەقینە."
 
ئەم گەڕەی گفتوگۆکان نزیکەی دوو هەفتە دوای کۆبوونەوەیەکی پێشووی نێوان هەردوولا لە شاری جەدەی سعودیە هات کە تێیدا ئۆکراینا رەزامەندیی نیشاندا لەسەر پلانی ئاگربەستێکی 30 رۆژەی پێشنیازکراو لەلایەن ئەمریکاوە لە بەرامبەر ئەوەی ئەمریکا بڕیاری راگرتنی هاوکاری سەربازی و هاوبەشکردنی زانیاریی هەواڵگری لەگەڵ ئۆکراینا هەڵبوەشێنێتەوە.
 
گفتوگۆکەی رۆژی یەکشەممە پێش کۆبوونەوەی نێوان شاندەکانی ئەمریکا و رووسیا هات کە بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە بکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە