prev
next
رووداو دیجیتاڵ
"کاتێک کە رۆژی 15ی ئەم مانگە هێزی ئاسمانیی ئەمریکا هێرشی کردە سەر حووسییەکانی یەمەن، بەلامەوە هەواڵێکی تازە و شۆکهێنەر نەبوو، چونکە بە نزیکەی 2 کاژێر و 15 خوولەک بەر لە هێرشەکە من ئاگادار کرابوومەوە" ئەوە قسەی رۆژنامەڤانێکی ئەمریکییە کە وەزیری بەرگریی ئەمریکا بە هەڵە زانیاری نهێنیی تایبەت بە هێرشەکەی بۆ تەلەفۆنەکەی ناردبوو.
جێفری گۆڵدبێرگ-ی تەمەن 59 ساڵ، رۆژنامەڤانی ئەمریکی و نووسەر لە گۆڤاری "ئەتلانتیک"، لە هەمان گۆڤار بابەتێكی نووسیوە و تێیدا باس لەو " هەڵە"یە دەکات و دەڵێت: "هەموو جیهان لە کاژێر 2ی دوا نیوەڕۆ بە کاتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا هەواڵی هێرشەکەی سەر حووسییەکانی زانی، بەڵام من تاکە رۆژنامەڤان بووم، کە پێشوەختە ئەوەم زانیبوو، هۆکارەکەش ئەوەیە کە پیت هێگسەس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا کاژێر 11 و 45 خولەکی هەمان رۆژ بە نامەیەک بۆ مۆبایلەکەم پلانی هێرشەکەی بۆ من ناردبوو، نامەکە زانیاری بوو سەبارەت بە جۆری چەک، ئامانج و پێگە و کاتی هێرشەکەش."
گۆڵدبێرگ دەڵێت، چیرۆکی ئەم هەڵەیە بۆ دوای هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەری حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و پاشان هێرشی حووسییەکان بۆ سەر کەشتییەکانی نێو دەریای سوور دەگەڕێتەوە؛ لەو کاتەدا من و هێگسەس یەکدیمان ناسی.
رۆژی 11ی ئەم مانگە لە رێگەی ئەپلیکەیشنێك ناسراو بە "سیگناڵ" کە بەرپرس و رۆژنامەڤانان بەکاریدەهێنن بۆ پاراستنی تایبەتمەندیی پەیوەندییەکانیان، لە لایەن مایکل وۆڵتز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکاوە پەیوەندی بە گۆڵدبێرگ دەکرێت و پێیدەڵێت دەیەوێت "سەبارەت بە ئۆکراینا یان ئێران یان هەندێ بابەتی دیکەی گرنگ قسە و گفتوگۆ بکەین".
دوای دوو رۆژ واتە لە 13ی ئادار، رۆژی پێنجشەممە کاژێر 4 و 28 خوولەکی ئێوارە بەکاتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا نامەیەکی بۆ هات و تێیدا نووسرابوو کە ئەو خراوەتە گرووپێكی چاتکردنی "سیگناڵ"ەوە بەناوی "گرووپی بچووکی حووسی".
ئەو رۆژنامەڤانە دەڵێت، "لەو کاتەوە لە ماوەی چەند خوولەکێکی کەم، ناوی گەورە بەرپرسانی ئەمریکی لە نێویاندا ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، روبیۆ، وەزیری دەرەوە و چەند بەرپرسێكی دیکە ناویان خرایە گرووپەکەوە و دوای 15 خوولەک گرووپەکە بە منەوە 17 بەرپرسی ئیدارەی ترەمپی لەخۆگرتبوو."
بە گوتەی ئەو رۆژنامەڤانە، لەو گرووپەدا زانیاریی گرنگ و نهێنی تاوتوێ دەکران و دەڵێت: "بۆ ماوەیەک هەستم دەکرد هەڵەیەک هەیە و یان ئەگەری هەیە گرووپەکە ساختە بێت و یان هاککرابێت."
لە رۆژی 13ی ئادارەوە تاوەکو رۆژی 15 کە هێرشەکە کرایە سەر حووسییەکانی یەمەن، ڤانس و هێگەسەس و بەرپرسانی دیکەی کابینەکەی ترەمپ کە لە گرووپەکەدا بوون دەیان تێکست و قسەی نهێنی تایبەت بە لێدان و هێرشکردنە سەر حووسییەکانیان ئاڵوگۆڕ کردن. گۆڵدبێرگ دەڵێت: "منیش ئاگاداری هەموویان بووم."
تاوەکو رۆژی 15ی مانگ هات، رۆژی هێرشەکە. پیت هێگسەس، وەزیری بەرگری نامەیەکی لە گرووپەکە نووسی و گوتی، "ئەپدەیتی تیمەکە"؛ پاشان هێگسەس زانیاریی نهێنی سەبارەت بە پلانی هێرشەکە و جۆری چەک و ئامانج و پێگەی حووسییەکانی یەمەنی نووسی، بە گوتەی رۆژنامەڤانەکە تاکە کەس کە وەڵامی نامەکەی هێگسەسی دایەوە، جەی دی ڤانس، جێگری ترەمپ بوو کە نووسبووی "من نزا بۆ سەرکەوتن دەکەم" دوو بەرپرسی دیکەش ئیمۆجی نزایان لە گرووپەکە دانا.
کەی هێرش دەکرێت؟
لەو نامەیەی هێگسەس نووسیبووی یەکەم هێرش دوای دوو کاژێر دەکرێت، واتە نزیکەی کاژێر 02:00ی دوا نیوەڕۆ لە رۆژی 15ی ئادار، رۆژنامەڤانەکە دەڵێت: "لە نزیک ئەو کاتانە من ئۆتۆمبێلەکەم لە پارکی سوپەرمارکێتێک راگرت و چاوەڕێی هێرشەکە بووم و بە خۆمم گوت ئەگەر ئەو گرووپە ساختە نەبێت و راستەقینە بێت ئەوا لە ماوەیەکی کەمدا یەمەن بۆردوومان دەکرێت، هەر ئەوەش روویدا، نزیکەی کاژێر 1 و 55 خوولەکی رۆژی 15ی مانگ چوومە سەر تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" و نووسیم بۆردوومانی یەمەن و هەواڵەکەم بینی کە بەڵێ سەنعا و شوێنەکانی دیکەی ئەو وڵاتە بۆردوومان کراون".
جێفری گۆڵدبێرگ لە کۆتایی بابەتەکەیدا نووسیویەتی: "قسە و گفتوگۆی ئەو بەرپرسانە سەبارەت بە زانیاری و کار و ئۆپەراسیۆنی نهێنی هەر خۆی لە خۆیدا پێشێلکردنی سیاسەتی فەرمی حکومەتی ئەمریکایە، بە زیادکردنی ناوی منیش لە نێو ئەو گرووپە بە هەڵە لەلایەن وۆڵتزەوە بابەتەکەی تێکەڵ بە ئاسایش و ئەمنییەتی ئەمریکا کرد و رەهەندێكی یاسایی دایە بابەتەکە، هەرچەندە من وەک رۆژنامەڤانێک هەرگیز باوەڕم نەدەکرد کە ئەو هەموو زانیارییانەی دێنە سەر مۆبایلەکەم راستەقینەن تاوەکو ئەو دەمەی کە لە یەمەن درا، ئینجا زانیم کە هەڵەیەک روویداوە و ئەوەی کە بە دەستم دەگات دزەکردنێكی بێ ئاگا و بە هەڵەی زانیارییە هەواڵگرییەکانە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ