ترەمپ داوای لابردنی تابلۆیەکی خۆی دەکات: "هیچ لە خۆم ناچێت"

دوێنێ کاژێر 03:39
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رەخنەی توند لە بەرپرسانی ویلایەتی کۆلۆرادۆ دەگرێت لەسەر ئەوەی کە تابلۆیەکیان بۆ کێشاوە بەڵام لە خۆی ناچێت، داوا دەکات تابلۆکە لاببەن. 
 
تابلۆ زەیتییەکەی ترەمپ لە تەنیشت تابلۆی سەرۆکەکانی دیکەی ئەمریکا بە دیواری کۆنگرێسی ویلایەتی کۆلۆرادۆ هەڵواسراوە. 
 
ترەمپ لێی ناڕازییە و داوادەکات لاببردرێت. 
 
سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ نووسیویەتی، "هیچ کەس حەزی بە وێنە و تابلۆی خراپی خۆی نییە، بەڵام ئەوەی لە کۆنگرێسی کۆلۆرادۆ لە لایەن حاکمەکەوە لە تەنیشت تابلۆی سەرۆکەکانی دیکە هەڵواسراوە، بە مەبەست شێوێنراوە، بە جۆرێک کە تەنانەت منیش شتی وام نەبینیوە."
 
ئەو تابلۆیەی ترەمپ لە لایەن خانمە نیگارکێشێک بە ناوی سارا بۆردمانەوە کێشراوە و لە ساڵی 2019ـەوە لە باڵەخانەی کۆنگرێسی کۆلۆرادۆ هەڵواسراوە. 
 
ترەمپ هێرش دەکاتە سەر نیگارکێشەکە و دەڵێت، "هونەرمەندەکە تابلۆی سەرۆک ئۆباماشی کێشاوە و ئەو زۆر قۆز دەردەکەوێت، بەڵام بەڕاستی ئەوەی من خراپترین تابلۆیە. هەبێ و نەبێ ئەو ژنە لەگەڵ زیادبوونی تەمەنی، بەهرەی لەدەستداوە. زۆر پێم خۆشترە هیچ تابلۆیەکم نەبێت لەوەی ئەمەم هەبێت."
 
دواتر، ترەمپ ژمارەیەک وێنەی خۆی لە تۆڕی ترووس سۆشیاڵ بڵاوکردنەوە بێ ئەوەی هیچیان لەگەڵ بنووسێت. 
 
ترەمپ باس لەوە دەکات، زۆر کەس لە کۆلۆرادۆوە پەیوەندییان پێوە کردووە و پێیان گوتووە، نابێت تابلۆکەی بەم شێوەیە بێت. 
 
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، "راستییەکەی ئەوان لەبەر تابلۆکە تووڕەن!"
 
ترەمپ داوای لە جەیرد پۆڵز، حاکمی ویلایەتی کۆلۆرادۆ کرد تابلۆکە لێبکاتەوە. 
 
نووسینگەی حاکمەکە لە راگەیێندراوێکدا بەم جۆرە وەڵامی دایەوە: "حاکم پۆڵز سەری سوڕما کاتێک زانی سەرۆکی ئەمریکا هێندە حەزی بە باڵەخانەی کۆنگرێسی کۆلۆرادۆ و کارە هونەرییەکانییەتی. بونیادنانی باڵەخانەکە لە ساڵی 1901 تەواو بوو. مەڕمەڕی پەمەیی و سپی تێدایە کە لە کۆلۆرادۆ بەرهەمهێنراون. هەروەها تابلۆی سەرۆک و حاکمەکانی پێشووشی تێدایە. ئێمە پێزانینمان بۆ سەرۆک و هەر کەسێک هەیە کە حەزی بە باڵەخانەی کۆنگرێسمان هەبێت و هەمیشە بەدوای دەرفەتێکدا دەگەڕێین بۆ ئەوەی خۆشتری بکەین بۆ سەردانکەرانمان."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

جێفری گۆڵدبێرگ، رۆژنامەڤانی ئەمریکی و نووسەر لە گۆڤاری "ئەتلانتیک". وێنە: Getty Images

رۆژنامەڤانێک: وەزیری بەرگریی ئەمریکا بە هەڵە پلانی نهێنی هێرشکردنە سەر حووسییەکانی بۆ ناردم

"کاتێک کە رۆژی 15ی ئەم مانگە هێزی ئاسمانیی ئەمریکا هێرشی کردە سەر حووسییەکانی یەمەن، بەلامەوە هەواڵێکی تازە و شۆکهێنەر نەبوو، چونکە بە نزیکەی 2 کاژێر و 15 خوولەک بەر لە هێرشەکە من ئاگادار کرابوومەوە" ئەوە قسەی رۆژنامەڤانێکی ئەمریکییە کە وەزیری بەرگریی ئەمریکا بە هەڵە زانیاری نهێنیی تایبەت بە هێرشەکەی بۆ تەلەفۆنەکەی ناردبوو.