رووداو دیجیتاڵ
دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکا (ئێف بی ئای) رایگەیاند وەکو کەیسی "تیرۆری ناوخۆیی" مامەڵە لەگەڵ هێرشەکانی ئەم چەند هەفتەیەی رابردوو بۆ سەر بنکەکانی فرۆشتنی کۆمپانیای تێسلا دەکەن.
رۆژی دووشەممە (24ـی ئاداری 2025) نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکا (ئێف بی ئای) رایگەیاند، یەکەیێکی بە هاوبەشی لەگەڵ نووسینگەی رێکخستن و رووبەڕووبوونەوەی کحوول، جگەرە، چەک و تەقەمەنییەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکانی سەر کۆمپانیای تێسلا پێکهێنا. پێکهێنانی یەکەکە دوای ئەوە بوو؛ دوێنێ لە یەکێک لە بنکەکانی فرۆشتنی کۆمپانیاکە لە تێکساس، بۆمبێک دۆزرایەوە.
ئیلۆن مەسک، بەرپرسی فەرمانگەی کارامەیی حکومەتی ئەمریکا و خاوەنی کۆمپانیای تێسلایە، دەڵێ بەهۆی کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەت، ئەو هێرشانەیان دەکرێتەسەر و دژایەتییان دەکرێت.
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، لە سەرەتای مانگی رابردووەوە، لانیکەم 80 هێرشی جیاواز کراونەتە سەر بنکەکانی فرۆشتنی کۆمپانیای تێسلا لە ئەمریکا و کەنەدا، ئەمە جگە لە دەیان خۆپێشاندانی دیکە لەبەردەم بنکەکانی فرۆشتنی ئەو کۆمپانیایە.
دوێنێ کاش پاتێل، بەڕێوبەری ئێف بی ئای لە ئێکس بڵاویکردەوە، "ئێف بی ئای دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە لە زیادبوونی هێرشەکانی سەر تێسلا لەم چەند رۆژەی رابردوودا و چەند رێکارێکی دیکە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو رووداوانە دەگرینەبەر". ئاماژە بەوەش دەکات، هێرشەکان "تیرۆری نێوخۆیین".
سەبارەت بە هێرشەکانی سەر کۆمپانیاکەی و تیمە حکومیەکەی، مەسک دەڵێت، "سوپاس بۆ هەموو تیمی فەرمانگەی کارامەیی کە رۆژانە رووبەڕووی هەڕەشەی مەرگ دەبنەوە. ئەوان تەنیا دەیانەوێت شتە راستەکە بۆ باجدەرە ئەمریکییەکان و خەڵکی ئەمریکا بکەن."
هێرشەکانی سەر کۆمپانیای تێسلا کاریگەریی گەورەیان لەسەر بەهای پشکەکانی هەبووە. دوێنێ بەهای هەر پشکێکی ئەم کۆمپانیایە 278.39 دۆلاری ئەمریکی بوو لەکاتێکدا کانوونی یەکەمی رابردوو بەهاکەی 488.54 دۆلار بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ