وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: دەبێت حەشدی شەعبی وەڵامی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بداتەوە نەوەک ئێران

دوێنێ کاژێر 10:31
تەنیا ئەحمەد
تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا
تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، پێویستە حکومەتی عێراق دڵنیایی بدات لەوەی کە فەرمان و کۆنترۆڵی هەموو هێزە ئەمنییەکانی ناو سنوورەکانی خۆی لەدەستدایە، لەنێویاندا حەشدی شەعبی، دەبێت ئەم هێزانە وەڵامی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بدەنەوە، نەک ئێران.
 
رۆژی دووشەممە، 24-03-2025 تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکی دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن؛ لەبارەی خوێندنەوەی پڕۆژەیاسای تایبەت بە حەشدی شەعبی لە پەرلەمانی عێراق گوتی: "بۆ بەهێزکردنی سەروەریی عێراق، پێویستە حکومەتی عێراق دڵنیایی بدات لەوەی کە فەرمان و کۆنترۆڵی هەموو هێزە ئەمنییەکانی ناو سنوورەکانی خۆی لەدەستدایە، لەنێویاندا حەشدی شەعبی، دەبێت ئەم هێزانە وەڵامی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بدەنەوە، نەک ئێران. هەروەها ئێمە نیگەرانین لەوەی کە ئەو گرووپانەی سەر بە ئێران لەناو حەشدی شەعبیدا، لەنێویاندا ئەو رێکخراوە بیانییانەی کە بە تیرۆریست دەستنیشانکراون، دەستیان هەیە لە چالاکییە تووندوتیژ و ناسەقامگیرەکانی ناو عێراق."
 
دیار کوردە پرسیار لە تامی برووس دەکات: "پەیمانگەی واشنتن لێرە دەڵێت، ئەو یاسایە کەمتر لەبارەی چاکسازییە، بەڵکو زیاتر لەبارەی داهاتووی سیاسی و دەسکەوتی ماددییە بۆ ئەو گرووپانەی نزیکن لە ئێران، ئەم ئیدارەیە چۆن دەڕوانێتە رۆڵی گرووپەکانی پشتیوانلێکراو لەلایەن ئێران لە عێراق؟"
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامدا گوتی: "ئێمە بەردەوام داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین کە ئەم گرووپانە کۆنترۆڵ بکات و لە شکاندنی یاسای عێراق لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکات. سەرۆک [ترەمپ] هیچ شتێکی لە سەلامەتیی کارمەندانی ئەمریکی بەلاوە گرنگتر نییە و ئەو روونی کردووەتەوە کە ئەمریکا بەرگری لە خۆی و کارمەندەکانی و بەرژەوەندییەکانی دەکات."
 
رۆژی دووشەممە پەرلەمانى عێراق خوێندنەوەى یەکەمی بۆ پڕۆژەیاساى حەشدی شەعبی کرد، هەرچەندە پێشتر پڕۆژەیاسایەکى دیکە بۆ هەمان مەبەست لە پەرلەمان تاوەکو قۆناخى دەنگدان گەیشت، بەڵام بەهۆى ناکۆکى لەسەرى، دەنگى لەسەر نەدرا.
 
دەقی پڕۆژەیاساکە دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتووە و ناوەکەى گۆڕدراوە و کراوە بە "یاساى دەستەى حەشدى شەعبی" لە کاتێکدا لە پڕۆژەکەى پێشوو، ناوى "خزمەت و خانەنشینیی موجاهدینى حەشدی شەعبی" بوو.
 
پڕۆژەکە لە 18 مادە پێکهاتووە، لە کۆبووونەوەى 25ـی شوباتى 2025ـی ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق پەسند کرا، دواى ئەوەى پڕۆژەکەى پێشووى کشاندەوە.
 
لەو پڕۆژەیاسایەدا حەشدی شەعبی وەک بەشێک لە هێزە چەکدارەکانى عێراق پێناسەکراوە و بەستراوەتەوە بە فەرماندەى گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە. 
 
بە گوێرەى پڕۆژەیاساکە، نابێت کارمەندانى دەستەى حەشدی شەعبی سەر بە هیچ پارتێک یان رێکخراوێکى سیاسی بن؛ نابێت لە هیچ چالاکییەکى حیزبی و سیاسیدا بەشدار بن. 
 
هەژمارە داراییەکانى دەستەى حەشدی شەعبی لەلایەن دیوانى چاودێریی داراییەوە وردبینیان بۆ دەکرێت.
 
دەقی پرسیاری رووداو و وەڵامی تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا:
 
رووداو: زۆر سوپاس تامی، پرسیارێک لەبارەی گرووپەکانی پشتیوانلێکراو لەلایەن ئێران و حەشدی شەعبی، ئێستا پەرلەمانی عێراق خوێندنەوە بۆ یاسایەک سەبارەت بەو گرووپانە دەکات، کە دابەشبوونی سیاسی لەسەرە، هاوکات پەیمانگەی واشنتن لێرە دەڵێت، ئەو یاسایە کەمتر لەبارەی چاکسازییە، بەڵکو زیاتر لەبارەی داهاتووی سیاسی و دەسکەوتی ماددییە بۆ ئەو گرووپانەی نزیکن لە ئێران، پرسیارەکەم ئەوەیە، ئەم ئیدارەیە چۆن دەڕوانێتە رۆڵی گرووپەکانی پشتیوانلێکراو لەلایەن ئێران لە عێراق، پرسیاری دووەمیشم، هەندێک راپۆرت بڵاوکرابوونەوە باسیان لەوەدەکرد کە ئەم ئیدارەیە و خودی وەزارەتی دەرەوەش داوای لە حکومەتی عێراق کردووە، ئەو گرووپانە و حەشدی شەعبی هەڵبوەشێننەوە، ئایا هیچ داوایەکی لەوجۆرەتان لە حکومەتی عێراق کردووە؟
 
تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: لێرەدا دەتوانم چەند شتێکتان پێ بڵێم. یەکەم، بۆ بەهێزکردنی سەروەریی عێراق، پێویستە حکومەتی عێراق دڵنیایی بدات لەوەی کە فەرمان و کۆنترۆڵی هەموو هێزە ئەمنییەکانی ناو سنوورەکانی خۆی لەدەستدایە، لەنێویاندا حەشدی شەعبی، دەبێت ئەم هێزانە وەڵامی فەرماندەی گشتیی ‌هێزە چەکدارەکانی عێراق بدەنەوە، نەک ئێران. هەروەها ئێمە نیگەرانین لەوەی کە ئەم گرووپانەی سەر بە ئێران لەناو حەشدی شەعبیدا، لەنێویاندا ئەو رێکخراوە بیانییانەی کە بە تیرۆریست دەستنیشانکراون، دەستیان هەیە لە چالاکییە تووندوتیژ و ناسەقامگیرەکانی ناو عێراق. ئێمە بەردەوام داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین کە ئەم گرووپانە کۆنترۆڵ بکات و لە شکاندنی یاسای عێراق لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکات. سەرۆک [ترەمپ] هیچ شتێکی لە سەلامەتیی کارمەندانی ئەمریکی بەلاوە گرنگتر نییە و ئەو روونی کردووەتەوە کە ئەمریکا بەرگری لە خۆی و کارمەندەکانی و بەرژەوەندییەکانی دەکات، بۆیە هیوادارم ئەوە وەڵامی پرسیارەکەت بداتەوە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە