رووداو دیجیتاڵ
رووسیا دەڵێت، گوندێکی لە هەرێمی دۆنیتسکی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا کۆنترۆڵ کردووە و چەندین پێگەی هێزە ئۆکراینییەکانی بەئامانج گرتووە؛ لە کاتێکدا ئۆکراینا دەڵێت، هێرشێکی پێچەوانەی لە ناوچەی دێرژینسک لە دۆنیتسک دەستپێکردووە.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا بڵاویکردەوە، رۆژی یەکشەممە هێزەکانی رووسیا گوندی سریبنەیان لە هەرێمی دۆنیتسک لە ئۆکراینا کۆنترۆڵ کرد.
هاوکات، هێزەکانی رووسیا 138 پێگەی ئۆکراینایان بەئامانج گرتووە، کە زۆربەیان ژێرخانی فڕۆکەخانەی سەربازی، ناوەندی مەشق و راهێنانی درۆن، کارگەی بەرهەمهێنانی درۆن و کۆگا بوون.
وەزارەتەکە هەروەها گوتی، هێزەکانی بەرگریی ئاسمانی رووسیا "بە سەرکەوتوویی" 224 درۆنی ئۆکرانییان خستووەتە خوارەوە.
گوتەبێژێکی هێزەکانی گرووپی خۆرتیتسیای ئۆکرایناش رایگەیاند، هێزەکانیان "بە سەرکەوتوویی" هێرشێکی پێچەوانەیان لە هەرێمی دۆنیتسک لە نزیک تۆریتسک (کە بە رووسی بە دێرژینسک ناودەبرێت) دەستپێکردووە.
گوتەبێژەکە گوتی، هێزەکانی رووسیا ناوچەکەیان کۆنترۆڵ نەکردووە، ئێستا ئۆپەراسیۆنەکانی ئۆکراینا بە ئاراستەی تۆریتسک بە "شێوەیەکی کاریگەر" بەردەوامن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ