رووداو لە ئۆکراینا؛ کارگەیەک جلوبەرگی تایبەت بە سەربازانی ژن دروست دەکات

دوێنێ کاژێر 09:56
دڵنیا رەحمان
دڵنیا رەحمان @dilnyarahman
 کارگەیەک جلوبەرگی تایبەت بە سەربازانی ژن دروست دەکات
کارگەیەک جلوبەرگی تایبەت بە سەربازانی ژن دروست دەکات
نیشانەکردن رووداو لە ئۆکراینا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە کارگەیەکی تایبەت بە دروستکردنی جلوبەرگی سەربازی ژنان لە ئۆکراینا هەموو بەرگدرووەکان ژنن، لە ماوەی سێ ساڵدا پێداویستیی تایبەت بە ژنانی سەربازیان بۆ زیاتر لە 10 هەزار دروست کردوون. 
 
ئیرینا نیکۆراک سەرپەرشتی ئەم کارە دەکات و هاوکات پەرلەمانتارە لە پەرلەمانی وڵاتەکەی و سەرۆکی رێکخراوێکی تایبەت بە دروستکردنی جلوبەرگی سەربازییە، پێی وایە هۆکاری هەڵبژاردنی ئەم کارە ئەوەبووە کە جلوبەرگی سەربازانی ژن گونجاو نەبووە بۆیە بە هاوکاری خەڵک و چەندین رێکخراوی دیکە پێداویستییەکان دابین دەکەن و بەخۆڕایی پێشکێشیان دەکەن.
 
ئیرینا نیکۆراک، لەبارەی پڕۆژەکەوە بە رووداوی گوت: "کاتێک زانیم ژنە بەرگریکارەکان لە سوپای ئۆکراینا، ناچارن جلی ژێرەوەی پیاوان و جلی سەربازی ئەوان لەبەر بکەن و هەموو شتێک بە پێی فۆرمی جەستەی پیاوان دروستکراوە، من بڕیارم دا ئەم دۆخە بگۆڕم، چونکە دوای هێرشەکە هەزاران ژن خۆبەخشانە چوونە نێو سوپا و هەرواش بەردەوامە. هەروەها لە ئۆکراینا 4 بۆ 5 کارگەمان هەیە کە گولەنەبڕ تایبەت بە ژنان دروستدەکەن."
 
ڤیکتۆریا روونا چەند رۆژێکە لە بەرەیەکی شەڕ نزیک لە باخمووت گەڕاوەتەوە، تەمەنی 26 ساڵە و لە 19 ساڵییەوە لە نێو هێزەکانی ئۆکراینایە، ئەو ئێستا فەرماندەی فەوجێکی پیاوانە و دەڵێت، سەرەڕای ئەوەی کە رێکخراوەکان گرنگی بەجلوبەرگی سەربازیی ژنان دەدەن پێویستە هەموو شتێک لە لایەن حکومەتەوە رێکبخرێت.
 
ئەو سەربازە ئۆکراینییە قسە بۆ رووداو دەکات و دەڵێت: پێم وابێ باسی پشتگیریمان کرد. ژنێک کە پەیوەندی بە سوپاوە دەکات، دەبێت بزانێت کە لانیکەم خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی بۆ دابین دەکرێت. جلوبەرگێکی ئاسوودەی هەبێت لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکی شەڕ، لەوەش زیاتر چونکە ئەمە پێگەیەکی شەڕکەرە. وەکو تەقەمەنی پێویست، هەروەها کەلوپەلی تایبەت بە خاوێنکردنەوە، چونکە ئێمە تەنانەت بەرهەمەکانی خاوێنکردنەوەی تایبەت بە ژنانیشمان نییە. من ئەزموونم لەگەڵ ژنانی سەربازیی ئەمریکی هەیە، ئەوان جانتای تایبەت بەخۆیان هەیە، شامپۆ و جلی ژنانی تێدایە. بەداخەوە ئێمە شتێکی لەو جۆرەمان نییە و تائێستا بەردەست نین."
 
نزیکەی 100 هەزار ژن لە نێو هێزە ئەمنییەکان و سوپای ئۆکراینان. ساڵی رابردوو 20٪ ئەو خۆبەخشانەی چوونە ریزی هێزەکانی ئۆکراینا ژن بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە