رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ژینگەی پاپوا گینیای نوێ بە رووداوی راگەیاند، وڵاتەکەی بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە رووبەڕووی رەوشێکی ناهەموار بووەتەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 21-9-2023، لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک؛ سیمۆ کلیپا، وەزیری ژینگەی ئەو وڵاتەی کە دەکەوێتە کیشوەری ئۆقیانووسیا لە باشووری رۆژئاوای زەریای هێمن، بە سینان تونجدەمیر، پەیامنێری رووداوی گوت، "من خەڵکی وڵاتێکم کە لە دوورگەیەکە؛ گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەریی گەورەی کردووەتە سەر وڵاتەکەمان. بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریا زیانێکی گەورەی بە کەناراوەکانمان گەیاندووە."
گینیای نوێ لە دوای گرینلاند دووەم گەورەترین دوورگەی جیهانە کە لە رۆژهەڵاتەوە بەسەر پاپوا گینیای نوێ و لە رۆژئاواشەوە بەسەر دوو پارێزگەی سەر بە ئیندۆنیزیادا دابەش بووە.
بە گوێرەی راپۆرتێکی نووسینگەی هاوئاهەنگیی کاروباری مرۆیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (OCHA) کە کۆتایی مانگی ئابی ئەمساڵ بڵاوکرایەوە، پاپوا گینیای نوێ نۆیەمین وڵاتی سەر ئاستی جیهانە کە زۆرترین مەترسیی کارەساتە سرووشتییەکانی لەسەرە، لەوانەش زریان، وشکەساڵی، بوومەلەرزە، لافاو، داتەپینی زەوی، سوونامی و گڕکان.
وەزیری ژینگەی وڵاتەکە بە رووداوی گوت، بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی زەریا لە ئەنجامی گۆڕانی کەشوهەوا، زیانی گەورەی بە وڵاتەکەی گەیاندووە، کە لە خاکی سەرەکی و نزیکەی 600 دوورگەی بچووکی دیکە پێکدێت.
سیمۆ کلیپا گوتی، "ئێمە دەستمان بە گواستنەوەی خەڵک کردووە بۆ نێوەڕاستی وڵات، چونکە خەریکە زەریا خاکەکەمان دادەپۆشێت. هەروەها ئێمە بەداخەوە رووبەڕووی نەخۆشییەکان دەبینەوە؛ کێشەی ئاساییشی خۆراکمان هەیە؛ لافاومان هەیە؛ ئەمانە ئەو کارەساتانەن کە روویان لە وڵاتەکەمان کردووە."
لە راپۆرتێکی ساڵی 2019ی سەنتەری چاودێریکردنی ئاوارەبوونی نێوخۆیدا (IDMC) هاتبوو کە لە نێوان 2008 و 2013ـدا سەرووی 50 هەزار کەس لەو وڵاتە بەهۆی کارەساتە سرووشتییەکانەوە ئاوارە بوون.
وەزیری ژینگەی پاپوا گینیای نوێ باسی لەوەش کرد کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە "نەخۆشیی نوێ" لە وڵاتەکەی سەریانهەڵداوە.
سیمۆ کلیپا دەڵێت، "دۆخی تەندروستیی بەم دواییانە زۆر ئاڵۆز بووە، چونکە هەندێ نەخۆشی دەرکەوتوون کە پێشتر هەرگیز نەبوون، کە ئێستا بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە دروستبوون."
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، گۆڕانی کەشوهەوا یەکێکە لە هۆکارەکانی کۆچکردنی سەرانسەری جیهان؛ "گۆڕانی کەشوهەوا کێشەیەکی گەورەیە کە وای لە خەڵک کردووە کۆچ بکەن بۆ وڵاتانی دیکە تاوەکو ژیانێکی باشتر بەدەستبێنن،" ئەمە وەک خۆی گوتی.
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو و سیمۆ کلیپا، وەزیری ژینگەی پاپوا گینیای نوێ:
رووداو: دۆخی گۆڕانی کەشوهەوا لەم رۆژانەدا لە وڵاتەکەتاندا چۆنە؟
سیمۆ کلیپا: من خەڵکی وڵاتێکم کە لە دوورگەیەکە. گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەریی گەورەی کردووەتە سەر وڵاتەکەمان. بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریا یانێکی گەورەی بە کەناراوەکانمان گەیاندووە. ئێمە دەستمان بە گواستنەوەی خەڵک کردووە بۆ نێوەڕاستی وڵات، چونکە خەریکە زەریا خاکەکەمان دادەپۆشێت، هەروەها ئێمە بەداخەوە رووبەڕووی نەخۆشییەکان دەبینەوە؛ کێشەی ئاساییشی خۆراکمان هەیە؛ لافاومان هەیە؛ ئەمانە ئەو کارەساتانەن کە روویان لە وڵاتەکەمان کردووە.
رووداو: ئێستا دۆخی تەندروستی لە وڵاتەکەتان چۆنە؟
سیمۆ کلیپا: دۆخی تەندروستیی بەم دواییانە زۆر ئاڵۆز بووە، چونکە هەندێ نەخۆشی دەرکەوتوون کە پێشتر هەرگیز نەبوون، کە ئێستا بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە دروستبوون.
رووداو: دەتوانی هیچ شتێک لە بارەی پرسی کۆچکردن لە سەرانسەری جیهانەوە بڵێیت؟
سیمۆ کلیپا: بە بڕوای من بەشێکی ئەو قەیرانە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوەیە. هەموو کەسێک هەوڵ دەدات لانیکەم ژیانێکی خۆش بۆ خۆی مسۆگەر بکات یان هیواخوازە ژیانێکی باشتر لە ناوچەیەکی باشتر بەدەستبێنێت. گۆڕانی کەشوهەوا کێشەیەکی گەورەیە کە وای لە خەڵک کردووە کۆچ بکەن بۆ وڵاتانی دیکە تاوەکو ژیانێکی باشتر بەدەستبێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ