ئۆکراینا بۆ ترەمپ: ناتوانن ناچاری خۆبەدەستەوەدانمان بکەن

19-02-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی حکومەتی ئۆکراینا وەڵامی تۆمەتەکانی دۆناڵد ترەمپ بەرامبەر بە سەرۆکی ئۆکراینا دەدەنەوە و رایدەگەیێنن، هیچ کەس ناتوانێت ئەوان ناچار بکات خۆیان بەدەستەوە بدەن و ملکەچی گوشارەکانی پووتین ببن.
 
رۆژی چوارشەممە، 19ـی شوباتی 2025، ئەندریا سایبیها، وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا، وەڵامی تۆمەتەکانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکای ئاراستەی ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینای دایەوە و رایگەیاند "ئۆکراینا توانی رووبەڕووی دڕندەترین هێرشی سەربازی لە مێژووی مۆدێرنی ئەورووپادا ببێتەوە و بەرگەی سێ ساڵ جەنگی تەواو بگرێت."
 
ئەو وەزیرە ئۆکراینییە دەڵێت، "گەلی ئۆکراینا و سەرۆکەکەیان زیلینسکی، رەتیانکردەوە ملکەچی گوشارەکانی پووتین ببن، هیچ کەس ناتوانێت، ئۆکراینا ناچار بکات خۆیان بەدەستەوە بدەن. ئێمە بەرگری لە مافی مانەوەمان دەکەین." 
 
ئەو وەڵامەی بەرپرسانی ئۆکراینا لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ، سەرۆکی ئۆکراینا، ترەمپ و ئیدارەکەی تۆمەتبار کرد بەوەی "لەنێو گێژاویی زانیارییە هەڵەکانی رووسیادا دەژین"، ئەمەش لەدوای ئەوەی ترەمپ رایگەیاندبوو، ئۆکراینا هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگی ئەو وڵاتە و رووسیا بووە لەشوباتی 2022. 
 
پاش ئەو لێدوانە تووندەی زیلینکسی، سەرۆکی ئەمریکا، لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی سۆشیال تروس، پەیامێکی بڵاوکردەوە و سەرۆکی ئۆکراینای بە "دیکتاتۆر" ناوبرد و گوتی: "بەبێ هەڵبژاردن چووەتە سەر دەسەڵات." 
 
هەروەها ترەمپ هۆشداری دا سەرۆکی ئۆکراینا پەلە بکات لە کۆتاییهێنانی جەنگ و ئەنجامدانی هەڵبژاردن "ئەگینا وڵاتێکی بۆ نامێنێتەوە." 
 
لەدرێژەی پەیامەکەیدا، ترەمپ رایگەیاند، راپرسییەکانی ئاماژە بەوە دەکەن، کە تەنیا 4٪ـی دەنگدەرانی ئۆکراینا لەگەڵ زیلینسکین، بەڵام سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند ئەوە ئامار و داتایانە لەلایەن رووسیاوە دروستکراون و ترەمپ وەریگرتوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە