رووداو دیجیتاڵ
تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆک لە ئەمریکا راگیرا. ئێستا ئەگەر بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکە لە ئەمریکا بیانەوێت تیکتۆک بکەنەوە، پەیامێکی ئاگادارکردنەوەیان پێدەگات کە دەڵێ "ببوورە، ئێستا تیکتۆک بەردەست نییە!"
داخستنی ئەپەکە بەهۆی جێبەجێکردنی بڕیاری دادگەی فیدراڵیی ئەمریکایە بۆ قەدەخەکردنی ئەو تۆڕە، بەڵام سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا بەڵێن دەدات لەگەڵ دەستبەکاربوونی دا، 90 رۆژ مۆڵەت بە تیکتۆک دەدات.
لەدرێژەی پەیامەکەی تیکتۆکدا بۆ بەکارهێنەرانی لە ئەمریکا هەروەها نووسراو "بەداخەوە، یاسای قەدەخەکردنی تیکتۆک لە ئەمریکا چووەتە واری جێبەجێکردنەوە. ئەمەش بە واتای ئەوە دێت ناتوانیت ئێستا تیکتۆک بەکاربهێنیت."
تیکتۆک لە پەیامەکەیدا ئاماژە بەوەش دەکات، "ئێمە بە بەختین چونکە سەرۆک ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە کارمان لەگەڵ دەکات بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک و لەدوای دەستبەکاربوونی، تیکتۆک کارا دەکاتەوە، تکایە چاوەڕێ بن!"
رۆژی هەینی 17ـی کانوونی دووەمی 2025، دادگەی باڵای ئەمریکا بڕیاری قەدەخەکردنی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییەی لەسەرانسەر ئەمریکا لەسەر بنەمای ئاسایشی نیشتمانی پەسند کرد.
ئیدارەی بایدن، تیکتۆکی تۆمەتبار کردبووە بەوەی ئەگەری هەیە چین بۆ مەبەستی سیخوڕی و بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە، تیکتۆک بەکاربهێنێت.
دادگەی فیدراڵی مەرجی دووبارە کاراکردنەوەی تیکتۆکی لە ئەمریکا بەستووەتەوە بەوەی کۆمپانیای خاوەنی تیکتۆک کە چینییە، ئەپەکە بفرۆشێتە کۆمپانیایەکی ئەمریکی، یان دایبخات.
بەڵام پێش وادەی قەدەخەکردنی، دۆناڵد ترەمپ کە بڕیارە سبەی (دووشەممە، 20ـی کانوونی دووەم) وەکو سەرۆکی ئەمریکا دەستبەکاربێت، رایگەیاند ئەو ئامادەیە 90 رۆژ مۆڵەت بە تیکتۆک بدات، تاوەکو چارەسەرێک بدۆزێتەوە.
لەوبارەیەوە، ترەمپ بەکەناڵی ئێن بی سی نیوزی ئەمریکیی راگەیاندووە "پێموابێت ئەوە یەکێک دەبێت لەو بژاردانەی بیری لێدەکەینەوە و مۆڵەتی 90 رۆژی بە ئەگەرێکی زۆرەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت، چونکە رێگەیەکی گونجاوە و ئەگەرێکی زۆریشە رۆژی دووشەممە بڕیارەکە رابگەیێنم."
کۆمپانیای بایتدانس کە خاوەنی تیکتۆکە، رەتیکردووەتەوە بە هیچ شێوەیەک ئەو پلاتفۆرمە بفرۆشێت.
لەسەرانسەری ئەمریکا، تیکتۆک نزیکەی 170 ملیۆن بەکارهێنەری هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ