رووداو دیجیتاڵ
نەمسا پرۆسەی هێنانی خێزانی بۆ ئەوانە راگرت کە مافی پەنابەری یان مانەوەیان هەیە لەو وڵاتە. راوێژکاری نەمسا دەڵێت، وڵاتەکەی چیدیکە توانای جێکردنەوەی ئەو هەموو خەڵکەی نییە کە روو لە وڵاتەکەی دەکەن.
حکومەتی نەمسا بڕیاری داوە چیدیکە هیچ کەس وەرنەگرێت، کە لە چوارچێوەی یاساکانی تایبەت بە یەکخستنەوەی خێزان دەچنە ئەو وڵاتە. واتە هەر کەسێک مافی پەنابەری یان مانەوە بە هەر هۆکارێک وەربگرێت، ناتوانێت ماڵباتەکەی رابکێشێت بۆ نەمسا.
کریستیان شتۆکە، راوێژکاری نوێی نەمسا دەڵێت، لە وڵاتەکەیدا چیدیکە جێگە بۆ ژمارەی گەورەی خەڵک نەماوە و توانایان سنووردارە.
ئەو راوێژکارە نوێیەی نەمسا کە کریستیان دیموکراتە، ئاماژەی بەوەش کردووە، بڕیارەکەیان کۆکە لەگەڵ یاساکانی یەکێتیی ئەورووپا، چونکە ئەو یەکێتییە ئەوەی گەرەنتی کردووە کە وڵاتانی ئەندام دەتوانن بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانییان لە رێسا گشتییەکانی یەکێتییەکە لابدەن.
راوێژکاری نەمسا دەڵێت، دامەزراوەکانی تایبەت بە وەرگرتنی کۆچبەران و نیشتەجێکردنیان توانای ئەوەیان نەماوە لەوە زیاتر گوشاریان لەسەربێت.
هەرچەندە هەڵبژاردنەکانی ساڵی رابردوو لە نەمسا بە بردنەوەی راستئاژۆ تووندئاژۆکان کۆتاییان هات، بەڵام پارتی دژە کۆچبەری (ئێف پێی ئوو) لە حکومەتی نوێدا نییە و هەموو پارتەکانی دیکە پێکەوە حکومەتیان پێکهێناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ