رووداو دیجیتاڵ
ئیدارەی ترەمپ بە هەنگاوێک نیگەرانیی ئەو کەسانە دەڕەوێنێتەوە کە دەیانەوێت ئایفۆنی داهاتوو بکڕن. ئایفۆن گران نابێت.
ئیدارەی ترەمپ ئەمڕۆ شەممە، بڕیاری بواردنی بۆ مۆبایل و کەرەستە تەکنەلۆجییەکانی دیکە لە پێناسی گومرگی دەرکرد، واتە باجە نوێیەکان هاوردەکردنی ئەو کاڵایانە ناگرێتەوە.
نووسینگەی گومرگ و پاراستنی سنووری ئەمریکا رایگەیاند، مۆبایل، کۆمپیوتەر و کەرەستە ئەلیکترۆنییەکانی دیکە بەر ئەو پێناسە گومرگیانە ناکەون کە هەفتەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاتەکە سەپاندنی.
هەنگاوەکەی ئیدارەی ترەمپ بە پاشەکشەیەک لە تووندکردنی جەنگی بازرگانی لەگەڵ چین لێکدەدرێتەوە.
بڕیارەکە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ شەممە چین دەستی بە جێبەجێکردنی بڕیاری سەپاندنی پێناسی گومرگی بە رێژەی 125٪ بەسەر کاڵای هاوردەکراوی ئەمریکیدا کرد. پەکین رایگەیاندبوو، لە وەڵامدانەوەی پێناسە گومرگییەکانی ئەمریکا سڵناکاتەوە.
ئەم بواردنە سوود بە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی تەکنەلۆجیای ئەمریکا دەگەیێنێت، وەک کۆمپانیای ئەپڵ کە ئایفۆن و بەرهەمەکانی دیکەی لە چین دروستدەکات.
بە لابردنی گومرگ لەسەر ئەو کاڵایانە، کاریگەریی ئەو پێناسە گومرگییە کەمدەکاتەوە کە ترەمپ بە رێژەی 145٪ بەسەر هاوردەی کاڵای چینیدا سەپاندوونی.
بەربەرێکانێی واشنتن و پەکین لە زیادکردنی پێناسی گومرگی، مەترسیی درێژەکێشانی جەنگی بازرگانی لە نێوان دوو ئابوورییە هەرە زەبەلاحەکەی جیهاندا زیادکردووە و بازاڕەکانی جیهانی تووشی هەڵبەز و دابەزی بێوێنە کردووە.
گەورەترین زەبری پێناسە گومرگییەکان بەسەر ئابووریی ئەمریکا کەوتەوە و بازاڕی پشکەکانی وڵاتەکە دابەزینی گەورەیان بەخۆوەبینی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ترەمپ رۆژی هەینی جەختیکردەوە کە "سیاسەتی گومرگیمان زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت."
دانیێڵ ئیڤز، شرۆڤەکار لە پەیمانگەی لێکۆڵینەوەی Wedbush Securities گوتی، ئەم بواردنەی ئەمریکا رایگەیاندووە، "بۆ وەبەرهێنەرانی تەکنەلۆجیا خۆشترین هەواڵە."
ئەو دەڵێت: "بواردن لە باجەکانی ئەمریکا کۆمپیوتەر، مۆبایل و کەرەستەی دروستکردنی چیپەکان دەگرێتەوە کە ئەمە هەورێکی رەشی گەورە لەسەر کەرتی تەکنەلۆجی لادەبات."
ئەگەر بواردن بۆ ئەم کاڵایانە دەرنەکرابا، "پیشەسازیی تەکنەلۆجیای ئەمریکا یەک دەیە پاشەکشەی دەکرد و شۆڕشی ژیریی دەستکرد بە شێوەیەکی بەرچاو خاودەبووەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ