رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی (IAEA)، رایگەیاند، ئێران ئەوەندە دوور نییە لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی. ئەمەش لەکاتێکدایە، ئێران شوێنی گەڕی دووەمی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ ئەمریکا ئاشکرا کرد.
رۆژی چوارشەممە، 16ـی نیسانی 2025، رافایێل گرۆسی، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای فەرەنسا رایگەیاند: "هەرچەندە ئێران ماویەتی بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی، بەڵام دووریش نییە."
گرۆسی بەرنامەی چەکی ئەتۆمی ئێرانی بە یاریی مەتەڵ (پەزڵ) چوواند و رایگەیاند: "ئێران پارچەکانی هەیە، بۆیە رۆژێک دێت دەتوانێت پارچەکان پێکەوە بنێت."
بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە گرۆسی لە تاران لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران کۆببێتەوە و ئەو پێشهاتانەیان لەگەڵ تاوتوێ بکات.
رۆژی شەممە، 12ـی نیسان شاندی ئەمریکا و ئێران لە مەسقەتی پایتەختی عومان کۆبوونەوە.
میدیای فەرمیی ئێران رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، گەڕی دووەمی کۆبوونەوەکانی بەرپرسانی تاران و واشنتن رۆژی شەممەی داهاتوو 19ـی نیسان لە شاری رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا دەبێت.
سەرەتا بەرپرسانی ئەمریکا و ئەورووپا رایانگەیاندبوو کۆبوونەوەکان لە ئیتاڵیا بەڕێوەدەچن، بەڵام بەرپرسانی ئێران رایانگەیاندبوو هەر لە عومان دەبێت، دواتر میدیای فەرمی ئێران بڵاویکردەوە "گەڕی دووەمی کۆبوونەوەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی رۆژی شەممەی داهاتوو لە رۆما بەڕێوەدەچێت و وەزارەتی دەرەوەی عومان میوانداری ئەو کۆبوونەوەیە دەکات."
پێش گۆڕانی شوێنی کۆبوونەوەکە، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە ئێکسدا رەخنەی لەو شوێنگۆڕینە گرت و گوتی: "لە دیپلۆماسیدا، ئەوجۆرە جووڵەیە، لەدەرئەنجامی تێنەگەیشتن لە لۆژیک و هونەری دانوستاندن دروست دەبێت، هەروەها ئاماژەشە بەوەی جیدی نین و نیەتیشیان باش نییە."
لە گەڕەی یەکەمدا ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، نوێنەرایەتی ئەمریکای دەکرد، هەروەها عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، سەرۆکایەتیی شاندی ئێرانی دەکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ