ئەمریکا سزای بەسەر کڕیارێکی نەوتی ئێران سەپاند

17-04-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەمریکا چەند سزایەکی نوێی بەسەر هاوردەکارانی نەوتی ئێران سەپاند، لەوانەش پاڵاوگەی "تیپۆت" کە بارەگاکەی لە چینە.
 
رۆژی چوارشەممە 16-04-2025، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەو هەنگاوەیان دەبێتە هۆی زیاکردنی گوشار لەسەر هاوردەکارەکانی چین کە نەوتی ئێران دەکڕن.
 
گەنجینەی ئەمریکا گوتی، سزاکان بەسەر پاڵاوگەی "تیپۆت" لە چین سەپێنراون. "ئەوان بەبڕی یەک ملیار دۆلار نەوتی خاوی ئێرانیان کڕیوە."
 
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا گوتی: "هەر پاڵاوگەیەک، کۆمپانیایەک یان نێوەندگیرێک نەوتی ئێران بکڕێت و ئاسانکاری بۆ بازرگانیی نەوتی ئێرانی بکات، خۆی لە نێو مەترسیی زۆردا دەبینێتەوە."
 
بێسێنت گوتی: "ئەمریکا پابەندە بەوەی رێگە لە هەر لایەنێک بگرێت کە پاڵپشتیی زنجیرەی دابینکردنی ئێران بکات، کە ئەو رژێمە بۆ پشتگیریکردن لە تیرۆریستە بە وەکالەتەکانی و هاوبەشەکانی بەکاری دەهێنێت."
 
ترەمپ لەگەڵ هاتنەوەی بۆ کۆشکی سپی، سیاسەتیی "ئەوپەڕی گوشار"ـی خستووەتە سەر ئێران و هەوڵی "سفر کردنەوە"ـی هەناردەی نەوتی ئێران دەدات، ئەمە وەک ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرز باسی دەکات.
 
سزاکەی ئەمریکا لە کاتێکدایە، واشنتن و تاران دانوستاندن لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران دەکەن. رۆژی 12ـی ئەم مانگە شاندی هەردوو وڵات لە عومان کۆبوونەوە و پێشبینی دەکرێت گەڕی دووەم گفتوگۆکان لە رۆمای ئیتاڵیا بکرێت.
 
واشنتن سزای بەسەر چەند کۆمپانیا و کەشتییەکی دیکەشدا سەپاندووە و دەڵێت، ئاسانکارییان بۆ گواستنەوەی نەوتی ئێران بۆ چین کردووە.
 
نێردەی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان و باڵیۆزخانەی چین لە ئەمریکا هیچ لێدوانێکیان لەوبارەیەوە نەدا.
 
چین دان بە سزاکانی ئەمریکا نانێت و گەورەترین هاوردەکاری نەوتی ئێرانە. چین و ئێران سیستمێکی بازرگانییان هەیە کە بە دراوی یوانی چینی کار دەکەن و چەندین نێوەندگریشیان هەیە.
 
بەگوێرەی گەنجینەی ئەمریکا، ئەمە شەشەم گەڕی سزاکانە کە فرۆشی نەوتی ئێران بە ئامانج دەگرێت، لەوکاتەوەی ترەمپ هەڵمەتی "ئەوپەڕی گوشار"ـی دەستپێکردووە و دەیەوێت رێگە لە ئێران بگرێت پەرە بە چەکی ئەتۆمی بدات.
 
لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی لە 2017-2021، ترەمپ لە رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران کە لە ساڵی 2015 واژۆکرابوو، کشایەوە و سزاکانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە. لەوکاتەوە، ئێرانیش لە رێککەوتننامەکە کشاوەتەوە و لە پیتاندنی یۆرانیۆم بەردەوامە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پۆلیسێکی پاکستانی لە ناوچەی کوێتا، رۆژی 5-2-2024. وێنە: AFP

پۆلیسی پاکستان: گرووپێکی چەکدار پێنج پۆلیسیان رفاند

بەرپرسێکی پۆلیسی پاکستان رایگەیاند، شەوی هەینی گرووپێکی چەکدار رێگەیان بە ئۆتۆمبێلێکی پۆلیس گرتووە کە ژمارەیەک زیندانییان دەگواستەوە. دەشڵێت، چەکدارەکان زیندانیەکانیان ئازادکرد و پێنج پۆلیسیشیان رفاند.