ئێرانییەکان هیوایان بە رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا کەمە

12-04-2025
تەنیا ئەحمەد
شەقامێکی تاران. وێنە: AFP
شەقامێکی تاران. وێنە: AFP
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ژمارەیەک هاووڵاتی لە تارانی پایتەختی ئێران، درووشمی (مەرگ) دژی ئەمریکا و ئیسرائیل دەڵێنەوە. بەشێکی زۆریان هیچ هیوایەکیان بەو کۆبوونەوە نییە کە لەنێوان شاندی وڵاتەکەیان و ئەمریکا لە مەسقەتی عومان کرا. 
 
حوسێن موتڵەگ، دانیشتووی تاران دەڵێت: "پێم وایە هیچ ئەنجامێکیان نابێت. ئێران دەیەوێت کات بکوژێت. پێم وایە هێرشی سەربازی روودەدات."
 
بەگوێرەی دوایین راپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ئێران نزیکەی 274.8 کیلۆگرام یۆرانیۆمی بە رێژەی 60٪ پیتاندووە. بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی، پێویستە رێژەکە بگاتە 90٪.
 
ئەمریکا هۆشداری داوە، ئەگەر دانوستاندنەکان لە بنبەستدا بمێننەوە، بۆردوومانی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکەن. 
 
حوسێن ئەکبەری، دانیشتووی تارانە و باس لەوە دەکات: "بەهیچ جۆرێک متمانە بە ئەمریکا و سەرکردەکانیان ناکەین. لەبارەی گفتوگۆکان، گرنگ نییە راستەوخۆن یان نا، ئێمە پێمان وایە ئەمریکا ناپاکە و رێز لە هیچ رێککەوتنێک ناگرێت، پێشتر چەندین جار وایکردووە."
 
لە ساڵی 2015دا ئێران لەگەڵ ئەمریکا، چین، فەرەنسا، بەریتانیا، رووسیا و ئەڵمانیا رێککەوتنی ئەتۆمی واژۆکرد. دۆناڵد ترەمپ لە خولی یەکەمیدا لە 2018 لە رێککەوتنەکە کشایەوە و سزای ئابووری بەسەر ئێراندا سەپاند. 
 
سەلمان ئیمامی، دانیشتوویەکی دیکەی تارانە و ئاماژە بەوە دەکات: "کاتێک تۆ لەگەڵ لایەنێک لە جەنگدایت، دانوستاندن هیچ مانایەکی نییە. دانوستاندن ئەوکاتە مانای هەیە کە لایەنی بەرامبەر دەست بە پاشەکشە بکات، بەڵام ئەوان رۆژانە پێداگریی لەسەر هەڵوێستە ستەمکارەکانیان دەکەن. سوپاس بۆخودا هێزمان زیادی کردووە و دەتوانین بەرگری بکەین."
 
ژێرخانی ئەتۆمیی ئێران فراوانە و بۆ ساڵی 50کان دەگەڕێتەوە. ئێران نۆ دامەزراوەی ئەتۆمی هەیە؛ دوو وێستگەی وزەی ئەتۆمی، دوو بنکەی پیتاندنی سووتەمەنی، بنکەیەکی پیتاندنی لەیزەر، چوار ناوەندی توێژینەوە و تەکنەلۆژیای ئەتۆمی و تیشکدانەوە، کانێکی یۆرانیۆم و کوورەیەکی ئەتۆمی.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە