رووداو دیجیتاڵ
لە بازاڕەکانی ناشڤێڵ کە بە 'کوردستانی بچووک' ناسراوە، ئێستا بەرهەمەکانی باشووری کوردستان بەردەستن، یەکێکیش لەو بەرهەمانە تەحینی ئامێدییە.
بۆ ناساندنی ئەو بەرهەمانەش لە ناشڤێڵ رێوڕەسمێکی بچووک رێکخراوە و یەکێک لەو کەسانەش کە هاوکاریی سەرەکی هێنانی ئەو بەرهەمە کوردییە بووە بۆ ئەمریکا، ڤالاریکایە. ڤالاریکا لێرە لەم رێوڕەسمە بەشدارە و بۆ رووداو باس لە بیرۆکەی هێنانی تەحینی کوردستان بۆ ئەمریکا دەکات.
ڤالاریکا، رێکخەری هێنانی تەحین بۆ ئەمریکا دەڵێت: ''بۆیەکەمجار لە ساڵی 2012 چوومە کوردستان، منیان بردە ئامێدی بۆ تامکردنی تەحین و بینی پڕۆسەی دروستکردنی، هەرزوو بەرهەمەکەم زۆر بەدڵبوو، زانیم کە هیچ شتێکی لەم جۆرە لە ئەمریکا نییە، ئەوەی لێرە هەبوو، کاڵتر بوو، هەمان تام و رەنگی نەبوو، بۆیەش بۆ ماڵەوەم دەهێنایەوە، هەرجارێک دەچووم بۆ ماڵەوەم دەهێنایەوە، لەکۆتاییدا دەرفەتی ئەوەم هەبوو خاوەنی بەرهەمەکە ببینم، خێزانی بەیازی، ویستیان بەرهەمەکە بهێنە ئەمریکا، ئێمەش هاوکاریمان کردن لە رووی لۆجستییەوە، توانیمان بیهێنینە ئێرە، لە رووی نرخەوەوە گونجاو بوو، بینیمان بازاڕەکانی ناشڤێڵ زۆر بەدڵیان بوو.''
لەم رێوڕەسمەدا، بێجگە لە ناسندنی تەحین، هاوکات، بەبازاڕکردن بۆ سماقی کوردستانیش دەکرێت، کە ئێستا هەردوو بەرهەمەکە لە بازاڕەکانی ناشڤێڵ بەردەستن و لێرەش نمونەیەکی ئەو دوو بەرهەمە وەک دیاری بە ئامادەبووان دەدرێت.
لە یەکەمین قۆناخدا، 15 تەن تەحین هاوردەی ئەمریکا کراوە، بڕیاریشە لە داهاتوودا بەرهەمی دیکە هاوردە بکرێت و بێجگە لە ناشڤێڵیش، لە سەرجەم ئەو شار و ویلایەتانە بەردەست بێت کە رەوندی کوردی و خەڵکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی تێدا دەژەین.
داود مستەفا بەیاز، خاوەنی بەرهەمی تەحینی بەیاز دەڵێت: ''بەرهەمی ئێمە تەحینی بەیاز کە لە ئامێدی دروست دەکرێت، سەدا سەد خۆماڵییە، بۆ ئەوجارە 15 تۆنمان هێناوە، 15 تۆنمان بە هاوکاری خوشکە ڤێلاری هێناوە، بەهاوکاریی حکومەتی ئێمەش، سوپاسیان دەکەین، هاوکارمان بوون، خواستێکی زۆری لەسەرە و بۆ داهاتوو زیاتر دەهێنین.''
لە ناشڤێڵ، لە نزیکەی 20 هەزار کوردی تێدا دەژیت، بێجگە لە بەرهەمی تەحین و سماق، هاوکات چەندین بەرهەمی دیکەی بەشەکانی کوردستان بەردەستن، بڕیاریشە لە داهاتوودا هەم جۆری بەرهەمەکان و هەمیش بڕی بەرهەمەکان زیاتربکرێن و ئەمریکا ببێتە ناوەندێکی گەورەی بازرگانی بۆ بەشێک لە بەرهەمە خۆماڵییەکانی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ