رووداو دیجیتاڵ
وەزیری گواستنەوە و تەکنەلۆژیای شانشینی ئیسواتینی دەڵێت: هەر وڵاتێک لە ژیریی دەستکرد بەتوانا بێت، گەرەنتییەکی لە ئابووریدا دەبێت.
ساڤانا مازییە، وەزیری گواستنەوە و تەکنەلۆژیای ئیسواتینی، لە پەراوێزی کۆڕبەندی لووتکەی حکومەتەکان لە دوبەی قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی: "حەزدەکەم هاوئاهەنگی زیاتر لە لووتکەکەدا ببینم، بەتایبەت لەگەڵ ئیماراتی عەرەبی، هەروەها لەنێوان وڵاتانی دیکەش. دەمەوێت ئێمە بتوانین کێشەکانی ئەمڕۆمان چارەسەر بکەین. هەروەها دەبێت لەگەڵ یەکتری هاوسۆز بین بۆ ئەوەی بتوانین بەخێرایی کار بۆ هاووڵاتییانمان بکەین."
کۆڕبەندی لووتکەی حکومەتەکان لە دوبەی دوێنێ سێشەممە دەستیپێکرد و سێ رۆژ دەخایێنێت. زیاتر لە 30 سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی وڵاتان، لەگەڵ زیاتر لە 400 وەزیر بەشداریی دەکەن. هاوکات سەرۆک و بەڕێوەبەری رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و هەزاران کەسایەتیی نێوداری جیهانی لە سەرجەم بوارەکاندا بەشدار دەبن.
ساڤانا مازییە گوتی: "ئێمە ئێستا هەموومان ژیریی دەستکرد بەکاردەهێنین. بەڵام لەوانەیە لەو ئاستە بەرزە نەبێت کە ئێمە دەبێت بەکاریبهێنین. ئێمە تاوەکو ئێستا نازانین ئەو کارانە چین کە ژیریی دەستکرد دەستیان بەسەردا دەگرێت، بەڵام ئەوەی ئێمە لەبارەیەوە دڵنیاین ئەوەیە کە ئەگەر تۆ توانات هەبێت لە جیهانی ژیریی دەستکرد کار بکەیت، ئەوا بەدڵنیاییەوە لە داهاتوودا کارت دەبێت".
وەزیرە ئیسواتینییەکە گوتیشی: "ئەگەر لە ژیریی دەستکر توانات هەبێت، ئەوا گەرەنتییەکت لە ئابووریدا دەبێت."
ئیسواتینی، پێشتر بە سوازیلاند ناسرابوو، وڵاتێکی بچووکی باشووری ئەفریقایە. ئەم وڵاتە لە ساڵی 2018 ناوەکەی گۆڕی بۆ شانشینی ئیسواتینی. پایتەختەکەی مبابانێ-یە و رووبەرەکەی نزیکەی 17,364 کیلۆمەتری چوارگۆشەیە، ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی 1.2 ملیۆن کەسە و دراوسێی مۆزەمبیق و باشووری ئەفریقایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ