بەهۆی ئاگرەکەی هاوایی 55 کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 1000 کەسیش بێسەروشوێنن

11-08-2023
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
ئاگرەکە زۆرینەی باڵەخانەکانی شارۆچکەکەی سووتاندووە
ئاگرەکە زۆرینەی باڵەخانەکانی شارۆچکەکەی سووتاندووە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە شارۆچکەی لەهاینایە لە رۆژئاوای دوورگەی هاوایی ئەمریکا؛ خانوو لە دوای خانوو و باڵەخانە لە دوای باڵەخانە بوونەتە خۆڵەمیش. شارۆچکەکە بەهۆی ئەو ئاگرەی لە دارستانەکانی دوورگەکە کەوتووەتەوە، زۆرترین زیانی بەرکەوتووە و 80٪ـی سووتاوە.
 
کێکۆوا لانسفۆرد، هاووڵاتی دەڵێت، "هێشتا تەرم لەنێو ئاوەکە و لە کەناراوەکاندان و لە شەوی رابردووەوە لەوێن، لەوکاتەوە ئێمە هەر تەرم دەردەهێنین. لە هەوڵداین بۆ پاراستنی ژیانی خەڵک، بەڵام هەست دەکەم وەکو پێویست هاوکاری ناکرێین". 
 
کاندی ئۆلافسن، هاووڵاتییەکی دیکەیە و باس لەوە دەکات، "خەڵک لەنێو ماڵەکانی خۆیاندا پێکەوە دەستی یەکتریانگرتووە و هیچ شوێنێک نەبووە بۆی بڕۆن، لەبەرئەوەی ئاگر لە چواردەروریان هەبووە. خانووەکانیش زۆر کۆن بوون و بە دار دروستکرابوون، خانووەکان وەکو دەنکە شقارتە سووتان و کەسیش ئاگادار نەکرابووەوە". 
 
ئاگرەکە لە 9ـی ئاب دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە، بەهۆی ئەو ئاگرەوە، لانیکەم 55 گیانی لەدەستداوە و 26ـی دیکەش بریندارن، ئەمە بێجگە لەوەی نزیکەی هەزار کەسی دیكە بێسەروشوێنن و نزیکەی 12 هەزار کەسیش دەربەدەر بوون. 
ئاگرەکە تاوەکو ئێستا زیاتر لە پێنج هەزار و 500 هێکتار زەوی سووتاندووە کە 80٪ـی ناوچەی گەشتیاریی هاوایی بووە و زیانی بە هەزار و 700 باڵەخانەش گەیاندووە و زیاتر لە 11 هەزار کەسیش بێکارەبان.
 
ئاگری دارستانەکانی هاوایی، بە کوشندەترین کارەساتی سرووشتیی ئەو دوورگەیە دادەنرێت لەدوای تسونامییەکەی ساڵی 1960، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 61 کەس.
 
جۆش گرین، حاکمی هاوایی دەڵێت، "بونیاتنانەوەی لەهاینا چەندین ساڵی پێویستە. کاتێک تەواوی وێرانکارییەکەی ئەو شارە دەبینیت، تووشی شۆكت دەکات. واپێدەچێت بۆمبێک تەقیبێتەوە. راستییەکەی سەرجەم ئەو باڵەخانانە دەبێ جارێکی دیکە دروست بکرێنەوە، دەبێت لەهاینایەکی نوێ دروست بکرێتەوە".
 
بەرپرسانی کەشناسیی ئەمریکا دەڵێن، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لەگەڵ رەشەبایەکی تووندی گەردەلوولی دۆرا کە لە باشووی دوورگەی هاوایەوە هاتووە، هۆکاری سەرەکیی هەڵگیرسانی ئەو ئاگرە گەورەیە بوون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کەمپێکی تۆمارکردنی پەناخوازان لە میونشن.

پار ئەڵمانیا 66,751 پەناخوازی دیپۆرت کردووە

دادگەی فیدراڵیی ئەڵمانیا پەسندکردنی گەڕاندنەوەی پەناخوازانی بۆ یۆنان راگەیاند. سیاسەتی ئەڵمانیا سەبارەت بە پەنابەران بەرەو تووندبوون دەچێت. لە ساڵی 2016ـەوە دیپۆرتکردنی پەناخوازان لە 2024 گەیشتە بەرزترین ئاست.