جیهان
وێنەیەکی ئەرشیڤیی کاتی بەرزبوونەوەی فڕۆکەیەکی جەنگی بۆ بەشداریکردن لە هێرشکردنە سەر ئامانجێکی حوسییەکان لە یەمەن لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ دا، وێنە: Reuters
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) رایگەیاند، رۆژی شەممە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەو وڵاتە هێرشیان کردووەتە سەر ژمارەیەک پێگەی حووسییەکانی یەمەن.
بەرپرسێکی وەزارەتەکە بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی راگەیاندووە، ئەو شوێنانەی بۆردوومانکراون، کۆگەی "چەکی پێشکەوتوو"ـی حووسییەکان بوون، کە لە هێرشکردنە سەر کەشتییە سەربازی و بازرگانییەکانی دەریای سوور و کەنداوی عەدەندا بەکارهێنراون.
کەناڵی مەسیرەی سەر بە حووسییەکانیش، هەواڵی سێ هێرشی ئاسمانیی ئەمریکا و بەریتانیای بۆ سەر ناوچەی سەبعین لە باشووری سەنعای پایتەختی یەمەن بڵاوکردەوە. میدیاکە رایگەیاند "شایەتحاڵەکان گوتیان لە چەند ناوچەیەکی سەنعای پایتەخت گوێیان لە دەنگی بەرزی فڕۆکە و گرمەی گەورە بووە."
لە کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە، ئەمریکا و بەریتانیا چەند جارێک هێرشیان کردووەتە سەر پێگەی حووسییەکان، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ هێرشی گرووپە چەکدارەکە بۆ سەر کەشتییەکانی دەریای سوور و کەنداوی عەدەن.
حووسییەکان دەڵێن، بۆ پشتیوانیکردن لە کەرتی غەززە، هێرش دەکەنە سەر ئەو کەشتییانەی پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەیە.
هێرشەکان بوونەتە هۆی پەککەوتنی جموجوڵی دەریاگەری بە نێو دەریای سووردا کە 12٪ـی ئابووری جیهانی پێدا دەڕوات.
تاوەکو ئێستا لە زیاتر لە 100 هێرشی حووسییەکان، چوار دەریاوان کوژراون و دوو کەشتیش نقوومبوون، هەروەها کەشتییەکی دیکە بەتەواوی دەریاوانەکانییەوە لە تشرینی دووەمی پارەوە دەستی بەسەردا گیراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ