رووداو دیجیتاڵ
دوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان (UN) کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی کرد. هەرچەندە کۆبوونەوەکە لەسەر هێرشەکانی ئیسرائیل کرا، بەڵام رۆژئاوای کوردستانیش بووە بابەتێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکە.
لە کۆبوونەوەکەدا هەریەک لە فەرەنسا، یۆنان و تورکیا لە گوتارەکانیاندا گرنگییەکی تایبەتیان بە رۆژئاوای کوردستان دا.
جیرۆم بۆنافۆنت، نوێنەری فەرەنسا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی سووریاوە گوتی، "لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، ئەو رێککەوتنەی لە پرەنسیپدا لەنێوان دەسەڵاتدارانی حکومەتی راگوزەری سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکراتدا واژۆ کراوە، یەکەم هەنگاوی ئەرێنییە بۆ چارەسەرێکی دانوستاندن بۆ یەکێتیی سووریا و گەرەنتیکردنی ماف و بەرژەوەندیی کوردەکانی سووریا."
لە کۆبوونەوەکەدا زۆرێک لە وڵاتان هێرشەکانی ئیسرائیلیان بۆسەر سووریا سەرکۆنە کرد.
"دەبێت هەموو پێکهاتەکانی سووریا بپارێزرێن"
ئیڤانجلۆس سێكێریس، نوێنەری یۆنان لە نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لە دۆخی سووریا کرد و گوتی، "دوای رووخانی رژێمی پێشووی سووریا، یۆنان بەردەوام پشتیوانی لە گەلی سووریا دەکات، چونکە ئێمە بۆ گەڕاندنەوەی وڵاتەکە کار دەکەین."
نوێنەری یۆنان گوتیشی، "ئەو گەڕاندنەوەیە تەنیا دەتوانرێت لە رێگەی گواستنەوەیەکی سیاسیی راستەقینەی فراوانەوە ئەنجام بدرێت، کە بە بڕیاری سەرەکیی (2254)ی ئەنجوومەنی ئاسایش رێکاری بۆ دادەنرێت، پشتیوانی لە دروستکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەتی متمانەپێکراو و بەرگری دەکات، کە رێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان دەگرێت."
ئیڤانجلۆس سێكێریس جەختی لە پاراستنی پێکهاتەکانی سووریا کردەوە و ئاماژەی بەوە دا، "پاراستنی یەکپارچەیی تەواوی هەموو پێکهاتەکانی سووریا کە عەلەوی، کریستیان، دروز و کورد لەخۆ دەگرێت و بۆ سازانی درێژخایەنی وڵاتیش گرنگە."
فکرییە ئاسڵی گوڤەن، جێگری نوێنەری تورکیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەکەدا گوتی، "بەڕێز سەرۆک، لەناوبردنی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی سووریا، لەنێویاندا داعش و پەکەکە، یەپەگە بەناوی هەسەدە، بۆ ئاشتییەکی هەمیشەیی و یەکێتیی هەمیشەیی پێویستە."
ئاسڵی گوتیشی، "لە سەرووی هەموویانەوە جەخت لەسەر هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە دەکەینەوە بۆ چارەسەرکردنی مەترسییە ئەمنییە هاوبەشەکان. کۆبوونەوەی مانگی رابردووی نێوان تورکیا، ئوردن، عێراق، لوبنان و سووریا نموونەیەکی بەهێزی خاوەندارێتیکردن لە ناوچەکە و ئیرادەی بەکۆمەڵ بوو."
جێگری نوێنەری تورکیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێمە ئەو رێککەوتنەی لەنێوان حکومەتی راگوزەری سووریا و هەسەدە کراوەوە، لە نزیکەوە چاودێریی دەکەین."
"لە چالاکییەکانی خۆمان بەردەوام دەبین"
نزیکەی هەموو ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش داوایان لە ئیسرائیل کرد هێرشەکانی بۆسەر سووریا بوەستێنێت، بەڵام نوێنەری ئیسرائیل گوتی، هەر کاتێک هەڕەشەیەک لەسەر خۆی هەبێت، دووبارە هێرش دەکاتەوە.
جۆناتان میلەر، جێگری نوێنەری ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، "لە باشووری سووریا، نیشانەی رێکخستنی شانە نووستووەکانی تیرۆریستان، دامەزراندنی سیستمی چەکی بیانی و هێزی دووژمنکارانەمان بینی. ئێمە چالاکیمان ئەنجامداوە و بەردەوام دەبین لەسەری. چالاکییەکان بۆ فراوانبوون نین، تەنیا بۆ پێویستیی ئاسایش و خۆپارێزییە."
"کۆمکاری عەرەبی پشتگیری لە بانگەوازەکەمان دەکات"
دوای کۆبوونەوەکە، نوێنەری سووریا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوان هەوڵدەدەن جارێکی دیکە سووریا ئاوەدان بکەنەوە، بەڵام ئەم هێرش و پێکدادانانە رێگری دروست دەکەن.
قوسەی ئەلدەحاک، نوێنەری سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، "ئێمە داوامان کرد کۆبوونەوەکە لەلایەن جەزائیر و سۆماڵەوە پشتگیری بکرێت، کە ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشن، هەروەها لەلایەن کۆمەڵەی عەرەبیی نیویۆرکەوە پشتگیری کرا، ئەمەش زۆر گرنگ و ئەرێنییە."
کۆبوونەوەکە بەپەلە بەڕێوەچوو و دوو لە مژارە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکەش بریتی بوون لە: یەکەم، داوا کرا هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا و پێکدادان و ئاڵۆزییەکانی رۆژئاوای کوردستان رابگیرێن.
دووەمیشیان دەربارەی مافەکانی پێکهاتەکان بوو؛ هەروەها لە کۆتایی ئەم مانگەدا نەتەوە یەکگرتووەکان راپۆرتێکی تێروتەسەل دەربارەی پێکدادان و پێشهاتە نوێیەکان ئامادە دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ