هەفتەی داهاتوو وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات

07-02-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

بڕیارە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی چەند وڵاتێکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکات، لەوانە ئیسرائیل، سعودیە، ئیمارات و قەتەر. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 6ی شوباتی 2025، بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە یەکەم سەردانیدا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات و چارەنووسی کەرتی غەززە پرسی سەرەکی سەردانەکەی دەبێت.
 
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا کە لە زاری بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئاشکرای کردووە لە رۆژانی 13 بۆ 18 شوبات، روبیۆ سەردانی ئیسرائیل، سعودیە، ئیمارات و قەتەر دەکات، دواتریش دەچێتە ئەورووپا بۆ بەشداری لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ئەڵمانیا کە لە رۆژانی 14 بۆ 16 ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت. 
 
ئەم سەردانە لەکاتێکدایە رۆژی سێشەممە، 4ی شوبات، لەکاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند پێشنیازیان بۆ چارەنووسی کەرتی غەززە ئەوەیە ئەمریکا دەست بەسەر ئەو کەرتەدا بگرێت و ئاوەدانی بکاتەوە و بیکاتە ناوەندێکی گرنگی بازرگانی لە جیهاندا. 
 
رۆژی پێنجشەممە، سەبارەت بە پرسی غەززە، روبیۆ، رایگەیاند ئێستا کەرتی غەززە "ژیانی تێدا نییە"، بەهۆی مەترسییەکانی ئەو تەقەمەنیانەی لە کەرتەکەدا هەن و  رایگەیاند دەبێت خەڵکەکەی لە شوێنێکی دیکە بژی تاوەکو ئاوەدان دەکرێتەوە. 
 
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا؛ لەدوای پێشنیازەکەی ترەمپ، پێنج وەزیری دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی نامەیەکی تایبەتیان بۆ روبیۆ ناردووە و نیگەرانی خۆیان لەبارەی پلانەکەی ترەمپ راگەیاندووە بۆ گواستنەوەی ئاوارەکانی غەززە، داواشیان کردووە فەلەستینییەکان بەشداربن لە قۆناخی ئاوەدانکردنەوەی ئەو کەرتە. 
 
روبیۆ گوتیشی: "پێموایە ئەوە رێگەیەکی گونجاوە کە ئەگەر بتەوێت ناوچەیەک باش بکەیتەوە، دەبێت خەڵک لە شوێنێکی دیکە بەشێوەیەکی کاتیی بژی." 
 
بەگوێرەی پێشنیازەکەی ترەمپ بێت، وڵاتانی ئوردن و میسر، ژمارەیەک لە غەززەییەکان وەرگرن، بەڵام هەردوو وڵات ئەو پێشنیازەیان رەتکردووەتەوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە