داواکاری گشتیی ئەمریکا: قورسە ترەمپ دەرچەیەکی یاسایی بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی ببێتەوە سەرۆک

06-04-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

داواکاری گشتیی ئەمریکا دەڵێت، "زۆر قورسە" دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رێگەیەکی یاسایی بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی دیسان خۆی بەربژێر بکاتەوە و ببێتەوە سەرۆکی ئەمریکا.  
 
رۆژی یەکشەممە 06-04-2025 پام بۆندی، داواکاری گشتیی ئەمریکا بە میدیای وڵاتەکەی گوت "خۆزگە ئەو [دۆناڵد ترەمپ] بۆ 20 ساڵی داهاتوو دەبووە سەرۆک، بەڵام پێموایە [سەرۆکایەتیی] ئەو دوای ئەم خولەی ئێستا، کۆتایی پێدێت."
 
ترەمپ لە 2017-2021 بۆ یەکەمجار بووە سەرۆک و 20-01-2025 بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی دووبارە گەڕایەوە کۆشکی سپی. دەستووری ئەمریکا رێگە نادات هیچ سەرۆکێک لە دوو خول زیاتر خزمەت بکات.
 
هەمواری ئەم یاسایەی دەستووری ئەمریکا لەبارەی دوو خولی سەرۆکایەتی لە ساڵی 1974 کراوە. ئەمەش دوای ئەوەی فرانکلین رۆزڤێڵت لە سەرەتای دەستپێکردنی خولی چوارەمی سەرۆکایەتییەکەی، گیانی لەدەستدا.
 
ئێستا، گۆڕینی ئەم یاسایە زۆر قورسە. بۆ هەمووارکردنەوەی دەستوور، پێویستە دوو لەسەر سێی هەردوو ئەنجوومەنی کۆنگرێسی ئەمریکا واتا پیران و نوێنەران، رازی ببن؛ ئینجا دوو لەسەر سێی ویلایەتەکانی ئەمریکاش دەنگی لەسەر بدەن. 
 
شڕۆڤەکارانی سیاسی دەڵێن، ئەمە زۆر قورسە، چونکە کۆمارییەکان واتا پارتەکەی ترەمپ، بەشی پێویست کورسی و جەماوەری نییە.
 
بۆندی گوتی "هەر بەڕاست، ئەمە تاکە رێگەی یاسایی خولی سێیەمی سەرۆکایەتییە، زۆریش قورسە."
 
پێشتر ترەمپ وا باسی بیرۆکەی خۆبەربژێرکردنەوەی بۆ جاری سێیەم دەکرد کە رەنگ نییە بکرێت؛ بەڵام رۆژی 31ـی ئاداری ئەم ساڵ، بە کەناڵی ئێن بی سی نیوزیی ئەمریکی گوت: لەبارەی خۆبەربژێرکردنەوە گاڵتە ناکەم و رێگە هەیە. 
 
ملیاردێرە تەمەن 78 ساڵەکە، زۆر جار باسی لەوە کردووە، دەکرێت خۆی بۆ خولی سێیەم بەربژێر بکاتەوە، بەڵام قسەکانی رۆژی یەکشەممەی جیدیترینی بوو، کە تێیدا ئاماژەی بە پلانەکانی خۆی بۆ بەدەستهێنانی ئەو ئامانجە کرد. 
 
لە بارەی خۆبەربژێرکردنەوەی، ترەمپ گوتی، "خەڵکێکی زۆر دەیانەوێت بیکەم. بەڵام من پێیان دەڵێم رێگەیەکی دوور و درێژمان ماوە."
 
پرسیار لە ترەمپ کرا 'ئایا دەکرێت جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی بەربژێر بکات و دواتر دەستبەرداری ئەو رۆڵە بێت بۆ ترەمپ؟' سەرۆکی ئەمریکا گوتی "ئەوە یەکێکە لە رێگەکان".
 
ئاماژەی بەوەشکرد، "هەندێک رێگەی دیکەش هەن"، بەڵام رەتیکردەوە وردەکاریی زیاتر بخاتەڕوو.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 چین پێناسی گومرگی بەسەر کاڵاکانی ئەمریکا بۆ 125٪ بەرز کردەوە.

چین پێناسی گومرکی بەسەر کاڵای ئەمریکیدا گەیاندە 125٪

چین پێناسی گومرگی بەسەر کاڵاکانی ئەمریکا بۆ 125٪ بەرز کردەوە. ئەوەش وەکو وەڵامێک بۆ سەپاندنی پێناسی زیاتر لەلایەن ئەمریکاوە بەسەر کاڵای هاوردەکراوی ئەو وڵاتە.