سەرۆکی مەکسیک: 10 هەزار سەرباز رەوانەی سنوورەکانی ئەمریکا دەکەین

05-02-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی مەکسیک دەڵێت، ناردنی 10 هەزار سەربازیان بۆ سنوورەکانی ئەمریکا دەستپێکردووە، ئەوەش لە چوارچێوەی بەڵێنەکانی حکومەتی ئەو وڵاتە بە ئیدارەی نوێی ئەمریکا بۆ راگرتنی سەپاندنی 25%ی پێناسی گومرگی بەسەر کاڵای مەکسیکدا.
 
کڵۆدیا شاینبۆوم، سەرۆکی مەکسیک لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، دەستیانکردووە بە جووڵاندنی 10 هەزار سەربازی مەکسیک بۆ ناوچە سنوورییەکان لەگەڵ ئەمریکا؛ گوتیشی، "جووڵاندنی هێزەکە دەستیپێکردووە."
 
سەرۆکی مەکسیک ئاماژەی بەوەش کرد، رۆژی سێشەممە سەربازانی مەکسیکی رەوانەی 20 شار و شارۆچکەی سنوورەکانی ئەمریکا کراون.
 
سەرۆکی مەکسیک رایگەیاند، جووڵەپێکردنی ئەو هێزە لەچوارچێوەی ئەو رێککەوتنەیە لەنێوان ئەو و ترەمپدا کراوە، ئەوەش دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی رۆژی دووشەممەیان.
 
ترەمپ بەڵێنی داوە بڕیاری پێناسی گومرگی بەسەر مەکسیکدا رابگرێت، لەبەرامبەردا سەرۆکی مەکسیک بەڵێنی داوە سنوورەکانی وڵاتەکەی بەڕووی کۆچبەری نایاسایی و مادەی هۆشبەر بۆ نێو ئەمریکا تووندتر بکات.
 
رۆژی دووشەممە، دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ ترەمپ، سەرۆکی مەکسیک رایگەیاند، گفتوگۆیەکی ئەرێنیان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە  هەبووە و ترەمپ بەڵێنی داوە جێبەجێکردنی بڕیاری سەپاندنی پێناسی گومرگییەکە بۆ 30 رۆژ رابگرێت، تاوەکو بزانێت مەکسیک بەڵێنەکانی لەبارەی کۆنترۆڵکردنی شەپۆلی کۆچبەران و مادەی هۆشبەر بۆ ئەمریکا دەکاتە کردار یان نا.
 
رۆژی 01ی شوباتی 2025، ترەمپ لە فەرمانێکی نوێیدا 25٪ پێناسی گومرگی بەسەر کاڵای کەنەدا و مەکسیک و 10٪ی پێناسی گومرگی بەسەر کاڵای چیندا سەپاند.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە